ئابوریی عێراق و هەرێم لەژێر بەزەیی نرخى نەوتدان

چ نرخێک عێراق دەخاتە ناوچەى مەترسییەوە؟

نرخى نەوت ئەمڕۆ جارێکى دیکە گەشایەوە، پاش ئەوەى چەند هەفتەیەکى خراپى بەڕێ کرد و بەرمیلێک نەوتى خاوى برێنت تاوەکو 80 دۆلار دابەزی.

ئابوریناسانى عێراق دابەزینى نرخى نەوت بە مەترسیدار بۆ ئابوریی وڵاتەکە دەبینن، چونکە پشت بە تاکسەرچاوەى داهات دەبەستێت کە نەوتە، هەرێمى کوردستانیش مەترسییەکەى کەمتر نییە لە عێراق.

نرخى نەوت و هێڵى مەترسی بۆ سەر ئابوریی عێراق

نەبیل مەرسومى، ئابوریناسى عێراقى لە لێدوانێکى تایبەتدا بە BNى ڕاگەیاند، “دابەزینى نرخى نەوت بۆ نزیکى 80 دۆلار، واتا عێراق نزیکە لە ناوچەى مەترسیی”.

“عێراق پێویستى بە 80 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک نەوت و فرۆشتنى 3 ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل نەوتى ڕۆژانە، ئەوکات داهاتەکەى دەگاتە 140 تریلیۆن دینارى عێراقى، ئەو داهاتە لەگەل داهاتە نانەوتییەکان، دەتوانێت خەرجییەکان پڕ بکاتەوە”، وەک نەبیل مەرسومى ئاماژەى پێکردووە.

“هەرێمى کوردستان یەک تۆز دۆخى لە عێراق باشتر دەبێت”

لەلایەکى دیکەوە، کامەران قادر، ئابوریناس و مامۆستاى زانکۆ لە لێدوانێکى تایبەتدا بە BNى ڕاگەیاند، “لە ڕاستیدا ئەگەر نرخى نەوت دابەزێت بۆ خوار 50 دۆلار، دۆخى ئابوریی عێراق دەکەوێتە دۆخێکى زۆر مەترسیدارەوە”.

سەبارەت بە هەرێمى کوردستان، کامەران قادر وتى، “لە ئەگەرى دابەزینى نرخى نەوت بۆ ئەو ئاستە، هەرێمى کوردستان تۆزێک دۆخى لە عێراق باشتر دەبێت، چونکە هەرێم خۆى لە قەیرانى ئابوریدایە و خۆى تا ڕادەیەک گونجاندووە، بەڵام عێراق بەرگەى ناگرێت”.

بە وتەى ئەو ئابوریناسە، “نرخى نەوت نزیک ببێتەوە لە 60 دۆلار و بمێنێتەوە لەو نرخەدا، جارێکى دیکە، کێشە بۆ دابەشکردنى موچە لەلایەن حکومەتەوە دروست دەبێت”.

بە وتەى هەردوو ئابوریناسەکە، ئەوەى کێشەى بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان دروست کردووە، پشتبەستنى زۆرە بە داهاتى نەوت وەک تاکسەرچاوە.

نەبیل مەرسومى وتى، “داهاتى گشتیی عێراق بە ڕێژەى زیاتر لە 90% پشتى بە داهاتى نەوت بەستووە، ئەوە کێشەى ئابوریی وڵاتەکەیە، پشت بە گەشەپێدان و کەرتى کشتوکاڵ و پیشەسازى نابەستێت، بۆ دەرچوون لەم دۆخە، پێویست بە ئیرادەیەکى سیاسی هەیە”.

نرخى نەوت

ئەمڕۆ هەینى، (16:44 بەکاتى هەولێر)، نرخى نەوت چووەوە ناوچەى سەوز، بەجۆرێک یەک بەرمیل نەوتى برێنت گەیشتە 87 دۆلار و سێ سەنت، بە ڕێژەى 0.18% بەرز بووەتەوە.

هەروەها نرخى نەوتى ڕۆژئاواى تەکساس (ئەمریکى)، یەک بەرمیلى بەرامبەرە بە 81 دۆلار و 32 سەنت و بەڕێژەى 0.05% بەرز بووەتەوە.

Back to top button
نەوتی خاوی برێنت 
$73.32  $0.09  0.12%  
نەوتی خاوی ئەمريکی 
$69.95  $0.07  0.10%  
زێڕ 
$2,704.30  $5.10  0.19%  
یەک ئۆنسە زیو 
$28.20  $0.84  2.89%  
گازی سروشتی  
$3.44  $0.014  0.41%  
گازۆلین 
$1.99  $0.0045  0.23%  
ئەلەمنیۆم 
$2,584.25  $3.50  0.14%  
زەیتی گەرمکردنەوە 
$2.24  $0.0009  0.04%