گریمانەکانی بانک ئۆف ئەمریکا بۆ داهاتووی بازاڕی نەوت
“داڕمانى ئابوریی جیهان”
ڕاپۆرت
لە ئەوروپا، نرخى گازى سروشتیی بەجۆرێک بەرزبووەتەوە ژمارەى پێوانەیی تۆمارکردووە، لە چین-یش، نرخى گرێبەستە دواخراوەکانى خەڵوز، گەیشتە بەرزترین ئاست.
نرخى نەوت تەنها لە ئەمساڵدا، 60% بەرزبووەتەوە، نەوتى خاوى رۆژئاواى تەکساسیش هەینى ڕابردوو 15ى تشرینى یەکەمى 2021، بەجۆرێک بەرزبووەوە، کە ماوەى حەوت ساڵە بەو جۆرە نەبووە.
بەرزبوونەوەى خواست لەسەر وزە، بەردەوامیی قەیرانى خستەڕوو، قەیرانێکى لە بازاڕى نەوت و گازى سروشتى دروستکردووە، کە وێنەى نەبووە لە ڕابردوودا.
بزنس ئینسایدەر، لەزارى فرانسیسکۆ بڵانچ، سەرۆکى توێژەران لە بانک ئۆف ئەمریکاوە چوار گریمانەى خستوەتەڕوو، کە ئەگەرى هەیە بازاڕى وزە لە سەرەتاى 2022 دووچارى ببنەوە.
گریمانەى یەکەمى سەرۆکى توێژەرانى بانکە ئەمریکییەکە بریتییە لەوەى، “بەرزبوونەوەى نرخى وزە، داڕمانى ئابوری بەدواى خۆیدا دەهێنێت”.
لەم بارەیەوە، فرانسیسکۆ دەڵێت، ئەگەر نرخى وزە بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوە، ئەوا کۆمپانیا گەورەکانى پیشەسازی چالاکییەکانیان کەم دەکەنەوە، ئەوەش سەردەکێشێت بۆ کەمبوونەوەیەکى خێرا و مەترسیدارى بەرهەم و داخستنى تەواوەتى، کە داڕمان بەدواى خۆیدا دەهێنێت.
ئاماژەى بەوەشکردووە، بەرزبوونەوەى نرخى وزە، ئێستا بەشێک لە کۆمپانیاکانى لە ئەوروپا و ئاسیا ناچار کردووە، لە کارکردن بوەستن.
“بەرهەمهێنان و ئاڵوگۆڕى زیاتر”، مەبەست لەم گریمانەیە ئەوەیە، زیادبوونى نرخى شمەکێک، وا دەکات جێگرەوەى بۆ بدۆزرێتەوە بە نرخێکى گونجاوتر، وەک فرانسیسکۆ بڵانچ ئاماژەى پێکردووە.
ئەوەشى خستوەتەڕوو، لەگەڵ بەرزبوونەوەى نرخى خەڵوز و گازى سروشتى، ڕەنگە بەشێکى زۆرى کۆمپانیاکان پەنا ببنە بەر بەکارهێنانى نەوت، ئەوەش وا دەکات، 500 هەزار بەرمیل نەوتى ڕۆژانە بۆ خواستى جیهان زیاد بکات، بەگوێرەى ئاژانسى وزەى نێودەوڵەتى.
گریمانەى سێیەمى بەرپرسەکەى بانک ئۆف ئەمریکا بە ناونیشانى، “زستانێکى گەرم چارەسەرى کێشەکە دەکات”ە، باس لەوە دەکات، کڕیارەکان لە جیهاندا ئێستا کێبڕکێی کڕینى وزە دەکەن لە سەرتاسەرى جیهان، چونکە نزیکین لە وەرزى زستان، بۆ گەرمکردنەوەى ماڵەکان.
لە ئەگەرى ئەوەى زستانى ئەمساڵ گەرمتر بێت، ئەوا کوتوپڕ قەیرانى وزە خاو دەبێتەوە.
دوایین گرمیانەى فرانسیسکۆ ئەوەیە، بەرزکردنەوەى نرخى سوود، خواست بە گشتى خاو دەکاتەوە لەسەر وزە.
باسی لەوەکردووە، ئەگەرى هەیە بانکە ناوەندییەکانى وڵاتان، بەم هەنگاوە هەستێت، لەگەڵ بەرزکردنەوەى نرخى سوودى سەر وزە، ئەوا کەمتر خواست لەسەر وزە دەبێت.
لە کۆتایی گریمانەکانى، سەرۆکى توێژەران لە بانک ئۆف ئەمریکا دەڵێت، “بیرتان بێت، دەکرێت دراوى دۆلار، یۆرۆ، پیزۆ چاپ بکەیت، بەڵام شمەک کۆپى ناکرێت”.