بۆچى نەوتى سعودیە بۆ بازاڕى وزەى جیهان گرنگە؟
دەستبردن بۆ کەرتى وزەى سعودیە مەترسییە بۆ "وزەى جیهان"
سعودیە لە بەردەم هێرشی موشەکیی حوسییەکاندایە، بە تایبەت کەرتی وزەی ئەو وڵاتە، ئەوەش بە مەترسی بۆ سەر وزەی جیهان دادەندرێت.
نەوتى یەدەگى سعودیە، 266 ملیار و 578 ملیۆن بەرمیلە، بەوەش لە پاش ڤەنزوێلا، خاوەنى دووەم گەورەترین یەدەگى نەوتە لە جیهاندا.
بەگوێرەى داتا فەرمییەکانى دەستەى گشتیی ئامارى سعودیە، لە مانگى یەک (کانونى دووەم)ى ئەمساڵ، ڕۆژانە سعودیە 6 ملیۆن و 996 هەزار بەرمیل نەوتى هەناردە کردووە، کە بەرزترین ئاستى هەناردەکردنە لە نیسانى ساڵى 2020ەوە.
خواستى جیهان بۆ نەوت، 100 ملیۆن بەرمیلى ڕۆژانەیە، بەوپێیە سعودیە نزیکەى 7%ى پێداویستیی جیهان بۆ نەوت پڕ دەکاتەوە.
بەوەش دروستبوونى کێشە بۆ هەناردەکردنى نەوتى سعودیە، کێشە بۆ ئەو ڕێژەیە دروست دەبێت، ئەوەش کاریگەریی گەورە لەسەر بازاڕى نەوت دروست دەکات و نرخى نەوت بەرز دەکاتەوە.
کۆمپانیاى ئارامکۆى سعودى، کۆمپانیایەکى فەرمیی حکومیی سعودیەیە، کاروبارى وزەى ئەو وڵاتە، لەلایەن ئەو کۆمپانیایەوە سەرپەرشتی دەکرێت، بۆیە لەکاتى بە ئامانجگرتنى دامەزراوەکانى، کێشە بۆ کەرتى وزەى ڕوسیا دروست دەبێت.
لە ساڵى 2021دا، کۆى نەوتى هەناردەکراوى سعودیە، 2 ملیار و 300 ملیۆن بەرمیل بووە.
بەئامانجگرتنى ئارامکۆ
سەرچاوەیەک لە وەزارەتى وزەى سعودیە، بە کەناڵى ئەلعەرەبیەى سعودى ڕاگەیاندووە، “ئێوارەى دوێنێ هەینى،وێستگەى دابەشکردنى بەرهەمە نەوتییەکانى لە باکوورى شارى جەدە، بە موشەک بە ئامانج گیراوە”.
لاى خۆشییەوە، تورکى کەمال، وتەبێژى هاوپەیمانیی عەرەبى بۆ ڕوبەڕوبوونەوەى حوسییەکان، لە ڕاگەیەندراوێکى فەرمیدا ئاشکرایکردووە، “وێستگەیەکى سەربە کۆمپانیاى ئارامکۆ لە جەدە بەئامانج گیراوە، بەڵگەکان دەرى دەخەن ئەو هێرشە لەلایەن حوسییەکانەوە ئەنجامدراوە”.
وتەبێژەکەى ئەو هاوپەیمانییەى لەلایەن سعودیەوە سەرپەرشتى دەکرێت، ئەوەشى خستوەتەڕوو، “چەکدارانى حوسى لەڕێی هێرشکردنە سەر دامەزراوە نەوتییەکان، دەیانەوێت کێشە بۆ ئاسایشى وزەى جیهان دروست بکەن”.
چەکدارانى حوسیش، بەرپرسیاریەتیی ئەو هێرشانەیان گرتووەتە ئەستۆ و لەڕێی ڕاگەیەندراوێکى فەرمییەوە ئاماژەیان بەوەکردووە، “دامەزراوەکانى سەربە ئارامکۆمان بە ئامانج گرتووە لە شارى جەدە”.
لاى خۆیەوە وەزارەتى وزەى سعودیە ڕایگەیاندووە، “بەرپرسیاریەتیی کەمبوونەوەى هەناردەى نەوت بۆ بازاڕەکانى جیهان لە ئەستۆ ناگرین، لەکاتێکدا هێرشە تێکدەرانەکانى حوسییە تیرۆریستەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، دامەزراوە نەوتییەکانمان بە ئامانج دەگرن”.
کاریگەریی ڕاستەوخۆى هێرشەکانى سەر ئارامکۆ
هێرشەکانى سەر دامەزراوە نەوتییەکانى سەربە ئارامکۆ، نرخى نەوت بە ڕێژەى زیاتر لە 1% بەرز بووەوە.
ئەمڕۆ، لەکاتى داخستنى بازاڕ (بەهۆى پشووى کۆتایی هەفتەوە)، نرخى یەک بەرمیل نەوتى برێنت بە رێژەى 1.36% بەرز بووەوە و بەرمیلێک نەوتى خاوى برێنتگەیشتە 120 دۆلار و 70 سەنت.
ئاژانسى رۆیتەرز لەوبارەیەوە بڵاویکردووەتەوە، هێرشە موشەکییەکانى سەر دامەزراوەکانى ئارامکۆ، هۆکارى بەرزبوونەوەى نرخى نەوتن.
سعودیە، گەورەترین وڵاتى بەرهەمهێنى نەوتە لە ڕێکخراوى ئۆپێک و هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس، ئەوەش واى کردووە، پێگەیەکى بەهێزى لەو ناوەندانەدا هەبێت.