ئەلیزابێس هۆڵمز.. لە ملیاردێرەوە بۆ “قۆڵبر”

چیرۆکی ئەو کچە کارسازەی هەمووانی شۆک کرد

ئەلیزابێس هۆڵمز، کە گەنجترین ملیاردێرى جیهان بووە و گۆڤارى فۆربس بە ستیڤ جۆبزى داهاتوو ناوى بردووە، ئێستا بە تۆمەتى هەڵخەڵەتاندنى چەندین سەرمایەدار، لە ئەمریکا دادگایی دەکرێت.

ئەلیزابێس لە تەمەنى 19 ساڵیدا پاش ئەوەى دەستبەردارى زانکۆ دەبێت، کۆمپانیایەک دادەمەزرێنێت بەناوى “Theranos“، بیرۆکەى ئەو کچە ئەمریکییە لە بوارى بایۆلۆجی بوو، واى ڕاگەیاندبوو، دەتوانێت پەرە بە ئامێرێک بدات، بە چەند دڵۆپێک خوێن، هەموو نیشانەکانى نەخۆشى دەستنیشان بکات.

وێنەی ئەلیزابێس هۆڵمز لەسەر کەڤەری گۆڤاری فۆربس

بیرۆکەکەى ئەلیزابێس هۆڵمز، هاوشێوەى بۆمبێک تەقییەوە و سەرنجى چەندین وەبەرهێنەر و سەرمایەدارى ڕاکێشا، دواتر پارەیەکى خەیاڵى خرایە پرۆژەکەوە، تەنانەت هێنرى کیسنجەر، وەزیرى پێشووترى ئەمریکا و چەندین کەسى بەناوبانگى دیکە، پارەیان خستە پرۆژەکەوە.

لە ساڵى 2015، گومانەکان لەسەر هۆڵمز دەستیان پێکرد، بەوەى ناتوانێت وەک بەڵێنى دابوو، تەکنەلۆژیایەک دروست بکات کە بە چەند دڵۆپێک خوێن نەخۆشییەکان دیاری بکات، هەربۆیە بە قۆڵبر ناوبرا.

ئەلیزابێس هۆڵمز لەنێو کۆمپانیاکەی

دواتر لە ساڵى 2018، گومانەکان سەریان کێشا بۆ ئەوەى کۆمپانیا 9 ملیار دۆلارییەکەى گەنجە ملیاردێرەکە داڕمێت.

ئێستا هۆڵمز لە ویلایەتى کالیفۆڕنیا بە زنجیرە دادگاییکردنێکدا تێپەڕ دەبێت، تۆمەتى هەڵخەڵەتاندنى سەرمایادارانى دراوەتە پاڵ، بەوەى “درۆ”ى کردووە لەبارەى ئەو تەکنەلۆژیایەوە.

پارێزەرەکانى هۆڵمز، بەر لە ماوەیەک ئەو زانیارییانەیان بە دادگا دا، کە خۆشەویستى پێشووى هۆڵمز کە ناوى ڕامیش بالوانییە، مامەڵەى خراپى سێکسی و سۆزدارى لەگەڵدا کردووە، ئەوەش کاریگەرى لەسەر دۆخى مێشکى و دەرونیى کچە کارسازەکە هەبووە.

بەڵام بالوانى تەمەن 56 ساڵ، ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە.

هۆڵمز لە یەکێک لە دانیشتنەکانی دادگا

وێڕاى ئەوەى ناوبانگى ئەلیزابێس هۆڵمز وەک کچە کارسازێک ئێستا شێواوە، بەڵام هێشتا وەک داهێنەرێک باس دەکرێت، یەکێک لە چیرۆکەکانى ئەوەیە، لە تەمەنى نۆ ساڵیدا، هۆڵمز نامەیەکى بۆ باوکى ناردووە و تیایدا نوسیویەتى، “ئاواتم ئەوەیە لە ژیانمدا شتێکى نوێ ئاشکرا بکەم، کە مرۆڤایەتى هێشتا پێی نەگەیشتبن“.

لاى خۆیەوە لەسەر ئەو دۆسییەیە، فیلیس گاردنەر، پسپۆڕى بایۆلۆجى لە زانکۆى ستانفۆرد، ئەو زانکۆیەى هۆڵمزى لێ وەرگیراوە و دواتر بۆ بیرۆکەکەى دەستبەردارى بووە، بە بی بی سی ڕاگەیاندووە، لەبارەى ئەو بیرۆکەیەوە لەگەڵ هۆڵمز قسەى کردووە، پێی وتووە، “سەرکەوتوو نابێت”.

دکتۆر جێفرى فلایەر، ڕاگرى پێشووى کۆلێژى پزیشکى لە زانکۆى هارڤارد، کە لە ساڵى 2015 چاوى بە هۆڵمز کەوتووە، ڕایگەیاندووە، “من بیرۆکەکەیم بە نایاب دەزانى، ئەویش لێهاتوو بوو لەوەى بڕوا بە هەمووان بهێنێت، چ سەرمایەدارەکان بێت یان زاناکان”.

بیڵ کڵنتن، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا و هۆڵمز لە ساڵی 2015

ئاماژەى بەوەشکردووە، گفتوگۆى لەبارەى بیرۆکەکەوە لەگەڵ هۆڵمز کردووە، هەندێک پرسیارى لەبارەى ئەو تەکنەلۆژیاوە لێ کردووە کە بە نیاز بووە بەکارى بهێنێت، بەڵام وەڵامێکى ڕوونى نەداوەتەوە، بەڵام ئەو بیرى بۆ ئەوە نەچووە کە ئەو کچە نیازى هەڵخەڵەتاندنى هەبوبێت.

لە مانگى ئازارى ساڵى 2018، ئەلیزابێس هۆڵمز، توانى ئەو تۆمەتانە پاکتاو بکات کە لەلایەن دوو دامەزراوەى داراییەوە ڕوبەڕووى کرابوونەوە، بەوەى 700 ملیۆن دۆلارى بە شێوەى هەڵخەڵەتاندنى وەبەرهێنەران کۆکردووەتەوە.

بەڵام پاش سێ مانگ لە پاکتاوکردنى ئەو کێشە یاساییەى، هۆڵمز و بالوانى دەستگیر کران بە تۆمەتى هەڵخەڵەتاندن و پیلانگێڕى.

هۆڵمز و خانەوادەکەی لەکاتی چوون بۆ دادگا

دواتر هۆڵمز بە کەفالەت ئازاد کرا، لە ساڵى 2019ش هاوسەرگیرى لەگەڵ ویڵیام بیڵى ئیڤانز کرد، کە زنجیرەى ئۆتێلەکانى ئیڤانزى بە میرات بۆ ماوەتەوە، ئەمساڵیش منداڵێکى لێ بوو.

هەفتەى ڕابردوو، لە دوایین دادگاییکردنیشدا، ئەلیزابێس هۆڵمز، لەلایەن چوار دادوەرى ئەو لیژنە دادوەرییەى کەیسەکەیان لایە، تاوانبار کرا، بەڵام حەوت دادوەرى دیکەى لیژنەکە تا ئێستا بە تاوانباریان دانەناوە و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵى بەردەوامن.

Back to top button
نەوتی خاوی برێنت 
$74.34  $0.93  1.27%  
نەوتی خاوی ئەمريکی 
$71.09  $1.07  1.53%  
زێڕ 
$2,648.40  $39.10  1.45%  
یەک ئۆنسە زیو 
$27.75  $0.45  1.60%  
گازی سروشتی  
$3.27  $0.187  5.41%  
گازۆلین 
$2.00  $0.0076  0.38%  
ئەلەمنیۆم 
$2,564.25  $6.50  0.25%  
زەیتی گەرمکردنەوە 
$2.27  $0.0298  1.33%