لەبارەى گازى سروشتییەوە ڕوسیا و ئەوروپا یەکتر تۆمەتبار دەکەن

ئەڵمانیا گازەکەى ڕوسیا دەفرۆشێتەوە بە هەندێک وڵاتى ئەوروپى

گازپرۆم ڕەخنە لە ئەڵمانیا دەگرێت، بەهۆى فرۆشتنەوەى گازى سروشتى بە هەندێک وڵاتی ئەوروپی، ڕەتیشی دەکاتەوە مۆسکۆ هەناردەى گاز بە مەبەست بۆ ئەوروپا کەم بکاتەوە، بەشێک لە وڵاتانی ئەو کیشوەرەش ڕەخنە لە مۆسکۆ دەگرن.

لە وتارێکی ڤیدیۆییدا سێرگى کۆبریانۆف، وتەبێژى کۆمپانیاى گازپرۆمى ڕوسى رایگەیاندووە، “تێبینى ئەوەمان کردووە، گاز لە ئەڵمانیاوە بۆ پۆڵەندا دەنێردرێت، هەروەها پێمان وایە بۆ ئۆکرانیاش دەنێردرێت، ئەو بڕەى دەنێردرێت 3 بۆ 5 ملیۆن مەتر سێجارە لە ڕۆژێکدا”.

وتەبێژەکەى گازپرۆم ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو گازە لە کۆگاکانى ژێرزەویی ئەڵمانیاوە دەردەکرێت و هەناردە دەکرێت، ئەوەش بە “بڕیارێکى ناژیرانە” ناو دەبات.

کۆبریانۆف رەخنە لە نرخى ئەو گازە دەگرێت کە ئەڵمانیا دەیداتەوە بە هەندێک وڵات و دەڵێت، “نرخەکەى زۆر زیاترە لەوەى کە کۆمپانیاى گازپرۆم وەرى دەگرێت”.

هیچ داواکارییەکى نوێ لەلایەن ئەوروپاوە نییە

ئەوە لەکاتێکدایە، ڕۆژى چوارشەممەى ڕابردوو، نوێنەرى هەمیشەیی پۆڵەندا لە یەکێتیی ئەوروپا، مۆسکۆى تۆمەتبار کرد بە وەستاندنى هەناردەکردنى گاز لەڕێی هێڵى گازى ئاماڵ-ئەوروپا، کە گاز لە ڕوسیاوە بۆ پۆڵەندا و ئەڵمانیا دەگوازێتەوە.

لە وەڵامى نوێنەرەکەى پۆڵەندادا، ڤلادمیر پوتن، سەرۆکى ڕوسیا رۆژى پێنجشەممەى ڕابردوو وتى، “گازپرۆژ” بڕێکى نوێی گازى سروشتى لەڕێی ئەو هێڵەوە هەناردە نەکردووە، چونکە هیچ داواکارییەکى نوێ لەلایەن ئەوروپاوە نییە.

هێڵی گازی یاماڵ

ئەڵمانیا: مۆسکۆ پابەندە

ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتى وزەى ئەڵمانیا جەختى کردەوە لەسەر ئەوەى، “مۆسکۆ رێز لە هەناردەکردنى گاز دەگرێت بەگوێرەى ئەو گرێبەستە درێژخایەنەى هەیە، هیچ ئاماژەیەکیش نییە بۆ بڕینى هەناردەى گاز”.

ئەوروپاى رۆژئاوا، زیاتر لە مانگێکە، دووچارى بەرزبوونەوەى گەورەى نرخى گاز بووەتەوە، هۆکارەکەشى بۆ سەختى زستان و گەشانەوەى ئابوریی جیهان لەپاش کۆرۆنا، دەگەڕێندرێتەوە.

هاوکاتى دابەزینى پلەکانى گەرما بە ڕێژەیەکى زۆر، گازى سروشتى لە ئەوروپا، ڕۆژى سێشەممەى ڕابردوو نرخێکى پێوانەیی تۆمارکرد.

هەندێک لە وڵاتانى ئەوروپا، ڕەخنە لەوە دەگرن، ڕوسیا هەناردەى گازى سروشتى بۆ ئەوروپا، بە سیاسی دەکات و چەندین دۆسییەى پێ دەباتەوە، لەنێویاندا، خستنەکارى هێڵى گواستنەوەى گازى “نۆرد ستریم2″ە.

بڕى گازى هەناردەکراو بۆ ئەوروپا

تەنها لە ئەمساڵدا، گازپرۆم، 50 ملیار و 200 ملیۆن مەتر سێجار گازى سروشتى هەناردەى ئەڵمانیا کردووە، 5 ملیار و 300 ملیۆن مەتر سێجار زیاترە لەو بڕەى ساڵى ڕابردوو هەناردە کراوە، وەک سێرگى کۆبریانۆف، وتەبێژى کۆمپانیاى گازپرۆمى ڕوسى ئاشکرایکردووە.

خستنەڕووى ئەو داتایانە لەلایەن گازپرۆمەوە، وەک ڕەتکردنەوەى ئەو لێدوانە ئەوروپییانەیەکە کە باس لەوە دەکەن ڕوسیا هەناردەى گازى ڕاگرتووە.

هێڵی نۆرد ستریم2

نۆرد ستریم2

هێڵى نۆرد ستریم2، هێڵێکە بۆ گواستنەوەى گازى سروشتیی ڕوسیا لەڕێی بۆڕییەوە بە زەریاى بەڵتیکەوە بۆ ئەوروپا، درێژیی هێڵەکە هەزار و 200 کیلۆمەترە.

ئەو هێڵە نوێیە کە تەواو بووە و تەنها خستنەکارى ماوە، ساڵانە تواناى گواستنەوەى 55 ملیار مەتر سێجار گازى سروشتى هەیە، دیزاینى هەردوو هێڵى نۆرد ستریم و نۆرد ستریم2 بەجۆرێکە کە ساڵانە، 110 ملیار مەتر سێجار گاز بۆ ئەوروپا بگوازرێتەوە.

کۆى تێچووى پرۆژەکە، 11 ملیار دۆلارە، گازپرۆم بە ڕێژەى 50% وەبەرهێنانى تێدا کردووە، ئەو بڕەکەى دیکەى ژمارەیەک کۆمپانیاى ئەوروپى و ڕوسی بەشدارن تیایدا.

Back to top button
نەوتی خاوی برێنت 
$73.86  $1.05  1.44%  
نەوتی خاوی ئەمريکی 
$69.79  $1.04  1.51%  
زێڕ 
$2,668.90  $17.20  0.65%  
یەک ئۆنسە زیو 
$28.17  $0.07  0.25%  
گازی سروشتی  
$3.43  $0.238  7.45%  
گازۆلین 
$2.05  $0.0006  0.03%  
ئەلەمنیۆم 
$2,631.75  $1.25  0.05%  
زەیتی گەرمکردنەوە 
$2.25  $0.0284  1.28%