پاى نێتوۆک.. خەونى بوون بە ملیۆنێرى هەزاران گەنجى هەرێم
"زیاتر لە 300 هەزار هەژمار دروست کراون"
“ساڵى 2019 هەواڵى بڵاوبوونەوەى یەکێک لە دراوە دیجیتاڵییەکانم بەرچاو کەوت، لە تۆڕى کۆمەڵایەتیى فەیسبوک، ئەو کات تۆزێک دوودڵ بووم لە دانانى بەرنامەکە، خەریکبوو ئەو بیرۆکەیە زاڵبێت بەسەرمدا کە دەیانوت ‘زانیاریى ناو مۆبایلەکەت دەبەن’، بەڵام بەخۆمم وت، چ شتێکى نهێنى لەناو مۆبایلەکەى مندا هەیە کە ترسم هەبێت لە بردنى”، ئەمە دەستپێکى وتەى کەسێکى چالاک بوو لە بوارى پاى کە بۆ بی ئێن دوا.
پرۆژەى پاى نێتوۆرک (Pi Network) یەکێکە لەو هەزاران پڕۆژەیەى کە لە بوارى دراوە دیجیتاڵییەکان دەستیان بە کار کردووە، بەگوێرەى داتاکانى کۆمپانیاى پاى نێتوۆرک، تا ئێستا نزیکەى 100 ملیۆن بەشداربوویان هەیە و لەو ژمارەیە نزیکەى 40 ملیۆن بەشداربوویان کاران و زیاتر لە 2 ملیار پاى دروست کراوە.
لە هەرێمى کوردستانیش، هەزاران گەنج سەرقاڵى پاى نێتوۆرکن و چاوەڕێ دەکەین، ئەو دراوە لە داهاتوودا بیانکات بە ملیۆنێر.”.
گومان و بێمتمانەیی بەرامبەر بە پاى
لەگەڵ بوونى ژمارەیەکى زۆر لە بەکارهێنەرانى پاى نێتوۆرک، بەڵام هێشتا کەسانێک هەن کە متمانەیان بە پڕۆژەکە نییە، لەوبارەیەوە هونەر هێز وتى، “هەمیشە كەسانێك هەن گومان لەسەر هەموو شتێك دروست دەكەن، بەبیانووی ئەوەی كە كێشەیەك لە بابەتەكەدا هەیە، زۆرجار ئەو کەسانە دەترسن كە داتا و زانیاری و تەنانەت ئامێرەكانیان هاك بكرێت، تەنانەت دوای دڵنیابوونەوەشیان لە ڕاست و دروستی ئەپ و بەرنامەكان”.
شارەزایانى تەکنەلۆژیا نایشارنەوە کە لە ڕابردوو و ئێستاشدا، ژمارەیەک بەرنامە و ئەپ هەبوون و هەن، کە زانیاریى بەکارهێنەرەکانیان بۆ بەرژەوەندیى تایبەت بەکاردەهێنن و لە ڕابردووشدا هەندێک دراوى ئەلیکترۆنى، مایەپووچ بوون و زیانى گەورەیان بە ژمارەیەکى زۆر خەڵک گەیاند.
لەوبارەیەوە هونەر هێز، ئاماژە بەوە دەکات، “هەندێك كۆمپانیا و كەسایەتی هاتن زۆر بەخێرایی دەستیان بە بانگەشە كرد بۆ چەندین دراوی ئەلیكترۆنی و ملیۆنان دۆلاریان لە دەستی خەڵك دەرهێنا و لە كۆتاییەكەی شكستیان هێنا، ئەمە وایکردووە کە ئەستەمبێت جارێکى دیکە بە ئاسانى متمانە دروست ببێتەوە”.
بە وتەى هونەر هێز، “بەشێكی باش لە خەڵك هێشتا بڕوایان بە دراوی ئەلیكترۆنی نییە و بەڵكو ئاسوودەن مامەڵە بە پارەی كاشەوە بكەن، تەنانەت حەز ناكەن یان نایانەوێت بیریش لەم جۆرە پرۆژانە بكەنەوە كە داهاتوویان دەگۆڕێت”.