چوار هەنگاوى کاریگەرى ڕۆژانە بۆ دروستکردنى فۆکەس و متمانە و بەرهەم
بە پەیڕەوکردنیان ژیانى پیشەییت دەگۆڕیت
زۆرجار دەمانەوێت، بە جوڵەیەکى ئاسان، ئەو کارە ئەنجام بدەین کە مەبەستمانە، هەروەها چاوەڕوانى دەرئەنجامێکى خێرا دەکەین.
بۆ ئەو مەبەستەش پێویستمان بە، ئاستێکى بەرزى فۆکەس (تەرکیز)، متمانە و بەرهەمهێنان هەیە، بۆ ئەوەى بگەین بەو ئاستە، سایمۆن لۆڤڵ، نوسەر لە پێگەى entrepreneur بە سوودوەرگرتن لە بۆچوونى کارسازان، چوار هەنگاوى خستووەتەڕوو، بە پەیڕەوکردنیان دەگەیتە ئاستێکى بەرز.
یەکەم؛ خەوێکى قوڵ و تەواو
دەبێت ئەوەت لەلا ڕوون بێت، خەوتنت گرنگترین خاڵى فۆکەسکردنتە، کاتێک خەوێکى باشت کرد، ڕۆژى دواتر کاریگەریی گەورەى لەسەر ئاستى بەرهەمهێنانت دەبێت، هەروەها ئەو خەوە بەجۆرێک پشوو بە چاوەکان و مێشکت دەدات، ڕەفتارەکانت باشتر دەبن.
نوسەرەکە پێشنیازى ئەوە دەکات، پێش ئەوەى بخەویت، خۆت ئامادە بکەیت بۆ خەوێکى قوڵ، ئەویش بە پاککردنەوەى مێشکت لە بیرکردنەوەى نەرێنى و ئامادەکارییەکى فیزیکى بۆ خەوەکەت.
دووەم؛ بەیانییەکەت بە وزەیەکى زۆرەوە دەستپێبکە
بەیانى کە لە خەو هەڵدەستیت، سەرەتا سەیری ئاوێنە بکە و لە خۆت بپرسە، لە ئێستادا هەستم چۆنە؟ ئایا هەست بە باشى دەکەیت؟ ئایا هەست بە ماندوێتی دەکەیت لەبەر ئەوەی لە کاتی خۆیدا نەچویتەتە سەر جێگا خەوەکەت؟ ئایا مێشکت لە ئێستاوە لە دۆخی نیگەرانیدایە سەبارەت بەو شتانەی کە پێویستە ڕووبدەن؟، ئەمە ئەو ساتەیە بۆ وەستانێک، چونکە زۆر کەس بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوام دەبن لە ڕۆژەکەیان کاتێک هەست بە باشی ناکەن، بەگشتی بێئاگان لەوەی کە ئەمە کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی زۆر دەبێت بە درێژایی ڕۆژەکە.
تا پێت دەکرێت، دەست بە کارکردن مەکە تاوەکو هەست بە باشى دەکەیت، کاتێک وەربگرە بۆ ئەوەى بە تەواوى مێشکت هێور بکەیتەوە، هەوڵبدە پاڵنەرەکانى بەرزکردنەوەى ئاستى وزەت بخەرە کار و ئەو دۆخەى تێیکەوتویت تێیپەڕێنە.
ئەگەر پێویستى کرد، پیاسەیەک، یان هەر جوڵەیەکى دیکە بکە کە هێزت دەداتێت بۆ ئەوەى بە باشى دەست بە کارکردنت بکەیت.
سێیەم؛ ئاڵەنگاریی سێ لیست
ئەگەر دوو هەنگاوەکەی یەکەمت پەیڕەو کرد، کە خەوێکی باش و بەیانیان پڕوزەت هەبوو، پێویستە هەست بە گەورەیی بکەیت تا ئەو کاتەی کە ئامادە دەبێت بۆ کارکردن، لیستى ئەو ئەرکانەت ئامادە بکەیت کە پێویستە بەجێیان بگەیەنیت.
ئاڵەنگارییەکە ئەوەیە، پێویستە لە خۆت بپرسیت، ئەو سێ بابەتە کامانەن کە پێویستە سەرەتا تەواویان بکەم و یارمەتیم دەدەن هەست بەوە بکەم کە دەستکەوتێکى زۆرم هەبوون؟، دواتر ئەو کارانەى کە ترست لێیان بووە و دواتخستوون جێبەجێ بکە.
بۆ ئەم هەنگاوە، پێویستت بە ئامادەکارییەکى باش هەیە لە مێشکتدا.
چوارەم؛ پەیوەندییەکى نایاب
دەتەوێت سەرکەوتوو بیت و پارە بەدەست بهێنیت، بەبێ ئەوەى کاریگەری لەسەر پەیوەندییە کەسییەکانت هەبێت؟، یەکێک لەو نەخشانەى کە زۆر کەسی سەرکەوتوو گیرى تێدا دەخۆن، ئەوەیە کە کارکردنێکى زۆر و ماندووکەرانە، دووریان دەخاتەوە لە پەیوەندییە کەسییەکانیان.
دەبێت لەوە تێبگەین ئەگەر بەردەوام بین لەم خولانەوەدا، ئەوا دەبێتە هۆی تۆپێکی بەفری نەرێنی، چ لەو پەیوەندییانەدا و چ لە سەرکەوتندا لە کار، بەڕاستی پەیوەندیکردن لەگەڵ هاوبەشی ژیانت و منداڵەکانت و خانەوادەکەت ئەگەر هەتبن، هەڵبژاردەیەکی هۆشیارانەیە کە پێویستە کاتێک لاپتۆپەکە دادەخرێت ئەنجامی بدەیت.
ڕەنگە تاقەتى چونەدەرەوەت نەبێت بۆ یاریکردن لەگەڵ ئازیزانت، بەڵام کاتێک مێشکت بە درێژایی ڕۆژ بارگاوی بووە بە کار، پێویستە مێشک و دڵت پێکەوە سووتەمەنی پێ بدرێت و پێوست بە بەسەربردنى کاتە لەگەڵ کەسەکانت.
پەیڕەوکردنى ئەو چوار هەنگاوەى سەرەوە قورس نین، بەڵام ڕەنگە دەرئەنجامێکى گەورەى بۆ ژیانى پیشەیی و ژینگەى کارکردنت هەبێت.