پلەبەرزکردنەوە.. ئەو مافەى بووە بە خەونى فەرمانبەران
داوا دەکرێت پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەران دەستپێبکاتەوە
ڕاپۆرتى شیکاری- BN
فەرمانبەران و مامۆستایان و ئەوانەى موچەخۆرى حکومەتن، لە سۆشیاڵ میدیا، “کەمپینى گێڕانەوەى مافى پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەران”یان ڕاگەیاندووە، تیایدا داوا دەکەن، بڕیارى ڕاگرتنى پلەبەرزکردنەوەى موچەخۆرى حکومەت هەڵوەشێندرێتەوە.
ماوەى چەند ڕۆژێکە لەڕێی کەمپینێکەوە، موچەخۆرانى کەرتى حکومى داواى گەڕانەوەى پلەبەرزکردنەوە دەکەن، لە نوسراوێکدا کە ئاڕاستەى سەرۆکایەتیی پەرلەمان و پەرلەمانتاران، سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی و وەزیرەکان کراوە، ئاماژە بەوەکراوە، “دوای حەوت ساڵ لە ڕاگرتنی مافی یاسایی پلەبەرزکردنەوەمان، وەک فەرمانبەرانی کوردستان، داواتان لێدەکەین چیتر بە بیانووی قەیران ئەم مافەمان پێشێل و زەوت نەکەن، پێویستە بە زووترین کات ئەو مافە بۆ فەرمانبەران بگێڕنەوە”.
لەو نوسراوەدا کە داواکراوە هەمووان لە سۆشیاڵ میدیاى خۆیان بڵاوی بکەنەوە، ئەوەش خراوەتەڕوو، “لەکاتێکدا ئەم داواکارییە دەکەین، کە دڵنیاین داهاتی حکومەت تەواو زیادی کردووە و زۆر بە ئاسانی دەتواندرێت بەشی پلەبەرزکردنەوەکانمان بکات”.
“بڕیارى ژمارە 56” ئەو بڕیارەى موچەخۆرانى شۆک کرد
بە بڕیاری ژمارە 56 لە 21ی کانونی یەکەمی 2015، ئەنجومەنى وەزیران لە کابینەى هەشتەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بڕیارى دا بە ڕاگرتنى پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەران و موچەخۆرانى حکومەت، بیانوى دەرکردنى ئەو بڕیارەش، بوونى “قەیرانى دارایی” بوو.
بەڵام بەشێک لە پەرلەمانتاران و یاساناسان، ئەو بڕیارەى حکومەتى هەرێم، بە بڕیارێکى نایاسایی ناودەبەن، عومەر گوڵپى، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى کوردستان، لە پەڕەى فەرمیی خۆى لە فەیسبووک لە کۆتایی ساڵى ڕابردوو ڕایگەیاند، “بڕیاری ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران بە ستەم دەزانین، بۆیە فشارو هەوڵمان بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەیە”.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەى بەوەشکردووە، “بەپێى ھەردوو یاساى ڕاژەی شارستانیی ژمارە 24ى ساڵی 1960 و یاساى موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت ژمارە 22ى ساڵی 2008، پلەبەرزکردنەوە (الترفیع) وەک مافێکی فەرمانبەر جێگیرکراوە و مافێکى یاساییە و بەپێى چەند مەرج و ڕێوشوێنێکى کارگێڕی، پێویستە هەر فەرمانبەرێک چوار یانە پێنج ساڵ جارێک بە پێى پلە و ئاستى فەرمانبەریەتى، پلەکەى بەرزبکرێتەوە بۆ پلەیەکى نوێ”.
زیانەکانى ڕاگرتنى پلەبەرزکردنەوە چین؟
بەگوێرەى نوسراوەکەى عومەر گوڵپى، بڕیارى ڕاگرتنى پلەبەرزکردنەوە، مانگانە زیانى گەورە بە نزیکەى 700 هەزار فەرمانبەر دەگەیەنێت، بڕى ئەو پارەیەشى کە زیانە بۆ هەر فەرمانبەرێک لەنێوان 60 تاوەکو 300 هەزار دینارى مانگانەیە.
کۆى ئەو پارەیەى کە مانگانە بەهۆى پلەبەرزکردنەوەوە، دەبێتە زیان بۆ فەرمانبەران، نزیکەى 50 ملیار دینارى مانگانەیە، بەم پێیە بۆ ماوەى پێنج ساڵ بڕى ئەو پارەیەى فەرمانبەران لاى حکومەتە زیاترە لە 3 تریلیۆن دینار، بە گوێرەى خەمڵاندنى ئەو پەرلەمانتارە.
لەلایەکى دیکەوە، لە 2ى ئەیلولى 2021، بە واژووى 25 ئەندامى پەرلەمان، پێشنیازە بڕیارێک پێشکەش بە دەستەى سەرۆکایەتیى پەرلەمانى کوردستان کرا، سەبارەت بە پابەندییە داراییەکانى حکومەت، کە لە پێنج مادە پێکهاتبوو، یەکێک لە مادەکانى بریتی بوولە دەستپێکردنەوەى پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەران.
بەڵام بە نوسراوى ژمارە (ک/ 2943) لە 29ى تشرینى دووەمى 2021، دەستەى سەرۆکایەتیى پەرلەمان و لیژنەى یاسایى وەڵامی ئەو پەرلەمانتارانەیان دایەوە، کە “بەهۆى نەبوونى کەلێنى یاسایى”، دەرچوونى بریارەکە بە پێویست نازانن.
حکومەتى هەرێمى کوردستان، تا ئێستا هیچ بەڵێنێکى نەداوە بۆ دەستپێکردنەوەى پلەبەرزکردنەوە.
سوودەکانى پلەبەرزکردنەوە بۆ فەرمانبەران
سوودى دارایی..
هەموو فەرمانبەرێک مافی پلەبەرزکردنەوەی هەیە، لە هەر پلەو قۆناغێکدا بێت بێجگە لەو پلە وەزیفییانەی کە بەپێی بڕوانامەکەیان پلەبەرزکردنەوەیان لەئاستێکدا دەوەستێت، هەندێک پلەی وەزیفی بە چوار ساڵ و هەندێکی دیکە بە پێنج ساڵ پلەبەرزکردنەوە دەیانگرێتەوە.
دیارترین ئەو حاڵەتانەى کە پلەبەرزکردنەوە تیایاندا ڕوودەدەن بریتین لە، ئەوانەى بە بڕوانامەی دبلۆم و بەکالۆریۆس دادەمەزرێن، پاش یەک ساڵ، بەگوێرەى یاسا، پلەیان بەرزدەکرێتەوە، هەروەها ئەوانەى بڕوانامەی ماستەر بەدەست دەهێنن، ڕاستەوخۆ پلەیان بەرزدەکرێتەوە.
گەر نمونەى موچەیەک وەربگرین، فەرمانبەرێک کە بە بڕوانامەى دبلۆم دادەمەزرێت، لە پلە و قۆناغى (8-6) جێگیر دەبێت کە موچە بنەڕەتیەکەى 265 هەزار دینارە، پاش یەک ساڵ کە پلەکەى بەرز دەبێتەوە دەچێتە پلە و قۆناغى (7-1) و موچەى بنەڕەتى دەبێت بە 296 هەزار دینار، واتا 31 هەزار دینار زیاد دەبێت بۆ موچەکەى بنەڕەتییەکەى، کە کاریگەری لەسەر بەرزکردنەوەى دەرماڵەکانیشى هەیە بە ڕێژەى جیاواز.
هەمان فەرمانبەر، پاش چوار ساڵ، کە دەگاتە پلە و قۆناغى (7-5) و موچەکەى دەگاتە 320 هەزار دینار، جارێکى دیکە پلەکەى بەرز دەکرێتەوە بۆ پلە و قۆناغى (6-1) و موچەى بنەڕەتى دەگۆڕێت بۆ 374 هەزار دینار.
سوودە کۆمەڵایەتییەکان..
فەرمانبەرێکى خێزاندار لەکاتى زیادبوونى ئەندامەکانى خێزانەکەی و گەورەبوونى خێزانەکەى، موچەکەى زیاد دەکات، بەوەش پێداویستییەکانى خێزانەکەى پڕ دەکاتەوە.
سودێکى دیکە، لاینە مەعنەوییەکەیەتى، کە کەسى فەرمانبەر، هەست بەوە ناکات خزمەتى ساڵانەى بێ بەهایە، لەکاتى وەرگرتنى پلەبەرزکردنەوە، هەستێکى لا دروست دەبێت کە مافەکانى بەرامبەر بە ماندووبوونەکانى وەرگرتووە.
لەنێو فەرمانبەراندا، دابەشبوونى پلەکان دادپەروەرانە دەبێت، بەجۆرێک هەمووان پلەى خۆیان دەزانن، بەڵام لەکاتى ڕاگرتنى ئەم بڕیارە لەماوەى 10 ساڵدا فەرمانبەر لە هەمان پلەى خۆیدا دەبێت و تەنها قۆناغەکانى دەگۆڕێن لەگەڵ سەرەموچەکەیدا، هەر فەرمانبەرێکى نوێ لەو پلەیەى ئەودا دابمەزرێت، لە هەمان پلەدا دەبن.
سەرەموچە چییە؟
ساڵانە فەرمانبەر لەو پلەیەى تیایدایە، سەرەموچە وەردەگرێت، کە یەک قۆناغ دەچێتە پێشەوە، بە نمونە، فەرمانبەرێک کە لە پلە و قۆناغى (7-1) دایە و موچە بنەڕەتییەکەى 296 هەزار دینارە، ئەوا ساڵى داهاتوو 6 هەزار دەچێتە سەر موچەکەى و دەچێتە پلە و قۆناغى (7-2).
سەرەموچە تا ئێستا ڕانەگیراوە و بۆ موچەخۆرانى حکومەت دەبەسترێت، بەڵام هەموو ساڵێک فەرمانبەران قۆناغێک دەچنە پێش بێ ئەوەى پلەبەرزکردنەوەیان بۆ کرێت.
بەدەر لە پلەى تایبەتى ئەلف و باء، 10 پلە و 11 قۆناغ هەن بۆ ڕێکخستنى موچەى فەرمانبەرانى کەرتى گشتى.