حەقدەستی کۆمپانیا نەوتییەکان دەدرێت
حکومەتی هەرێمی کوردستان حەقدەستی کۆمپانیا نەوتییەکان دەدات
کۆمپانیای گۆڵف کێستۆن کە لە کێڵگەی شێخان لە هەرێمی کوردستان کاردەکات رایگەیاندووە، بڕی 38 ملیۆن و 500 هەزار دۆلاری وەک حەقدەستی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی 7 ی ئەمساڵ پێدراوە.
بەپێی کۆمپانیای گۆڵف کێستۆن لەو بڕە 25 ملیۆن و 100 هەزار دۆلاری حەقدەستی کۆمپانیاکەیە و ئەوەی دیکەش پشکی هاوبەشەکانییەتی.
کۆمپانیاکە هەروەها رایگەیاندووە، کە بڕی 6 ملیۆن و 400 هەزار دۆلاری دیکەیان وەرگرتووە لە باتی حەقدەستە دواکەوتووەکانیان لە ماوەی مانگی 12ی ساڵی 2019 تاوەکو مانگی 2ی 2020.
گۆڵف کێستۆن رایگەیاندووە، تاوەکو ئێستا بڕی 45 ملیۆن و 200 هەزار دۆلاری دیکەیان ماوە کە وەک قەرز لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوە.
لەلایەکی دیکەوە کۆمپانیای شاماران رایگەیاندووە، بڕی 35 ملیۆن دۆلار و 300 هەزار دۆلارییان وەک حەقدەستی مانگی 7ی ئەمساڵ لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێدراوە کە پشکی کۆمپانیاکە 13 ملیۆن دۆلارە و ئەوەی دەمێنێتەوە پشکی هاوبەشەکانییەتی.
کۆمپانیای شاماران کە لە کێڵگەی ئەتروش کاردەکات رایگەیاندووە، هێشتا نزیکەی 28 ملیۆن دۆلاریان لەلای حکومەت ماوە کە پەیوەستە بە حەقدەستە کۆنەکانیان لە رابردوودا.