حکومەتی بەڕیتانیا موچەی کارمەندەکانی زیاد دەکات
بەهۆی کۆرۆناوە ڕاگیرابوو
بڕیارە لە بەهاری ساڵی داهاتوو، بەڕیتانیا دەستبکات بە زیادکردنی موچەی کارمەندانی کەرتی گشتی، دوای ئەوەی لە کۆتایی ساڵی رابردوو بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕاگیرابوو.
وەزیری دارایی بەریتانیا کۆتاییهاتنی پلانی “فریاگوزاریی ئابوری” راگەیاند، کە لە تشرینی دووەمی 2020، بەهۆی بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆنا بەسەر وڵاتەکەدا سەپێندرابوو، هەروەها زیادکردنی موچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتیی راگرتبوو.
بەگوێرەی گوتەکانی وەزیری دارایی بەریتانیا، موچەی هەریەک لە کارمەندانی تەندروستی، پەروەردە و سوپا لە 8.91 پاوەند (زیاتر لە 17 هەزار دیناری عێراقی) بۆ هەر کاتژمێرێک، زیاد دەکات بۆ 9.50 پاوەند (زیاتر لە 19 هەزار دیناری عێراقی).
بڕیارە زیادکردنی موچەی کارمەندان لە مانگی نیسانی 2022 بچێتە بواری جێبەجێکردن.
لە بەرانبەر ئەو بڕیارە، پارتی کرێکارانی بەریتانیا، کە نەیاری پارتی پارێزگارانی خاوەن دەسەڵاتە، دەڵێت، زیادکردنی موچە بە مانای گرانبونی نرخی شتومەکەکان دێت.
ماوەیەکە سەرەتاکانی هەڵاوسانێکی ئابوری لە جیهاندا دەرکەوتوە، بەو هۆیەوە، نرخی سوتەمەنی لە وڵاتانی ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرزبوەتەوە، لە ئەمریکا نرخی کاڵاکان گرانتربوە، شارەزایان هۆشداری لەبارەوە دەدەن.