سندوقى نەختى نێودەوڵەتى: نادڵنیایی ئابورى هەڕەشە لە گەشەى جیهان دەکات
ئاماژەکان مەترسیدارن
ڕاپۆرتێکى نوێی سندوقى نەختى نێودەوڵەتى ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئەو زەبرانەى بەر ئابوریی جیهان کەوتووە لە چەند ساڵى ڕابردوودا، دۆخێکى نوێی ئاڵۆزیی جیهانى بەدواى خۆیدا هێناوە، کە سەری کێشاوە بۆ ئاڵۆزیی جیۆسیاسی.
بەگوێرەى ئەو ڕاپۆرتە، ڕوداوەکان هۆکارێکن بۆ بەرزکردنەوەى نادڵنیایی ئابوری بۆ ئاستێکى زۆر بەرز، کە زیان بە گەشەى ئابوریی جیهان دەگەیەنێت.
سندوقە جیهانییەکە ئەوەشى خستوەتەڕوو، بەگوێرەى چاودێریی شارەزایان و پسپۆڕانى سندوقى نەختى نێودەوڵەتى، دەرکەوتووە، پێنوێنى نادڵنیایی ئابورى لە مانگى کانونى یەکەمى 2022 تاڕادەیەک دابەزیوە، بەڵام بەمدواییانە بەردەوام ڕووى لە بەرزبوونەوەیە.
ڕاپۆرتەکە هۆکارى بەرزبوونەوەى نادڵنیایی ئابوریی جیهانى گەڕاندووەتەوە بۆ، “هەوڵى داگیرکردنى ئۆکرانیا لەلایەن ڕوسیاوە و زیانە داراییەکانى جیهان، کە ئەو شەڕە نرخى شمەک و وزەى بۆ ژمارەیەکى پێوانەیی بەرز کردەوە”.
“ساڵى 2023 ساڵێکى قورس دەبێت”
ئەوە لەکاتێکدایە، سەرەتاى ئەمساڵ، کریستالینا جیۆرجیڤا، بەڕێوەبەرى گشتیی سندوقى نەختى نێودەوڵەتى ڕایگەیاند، “بۆ بەشێکى گەورەى ئابوریی جیهان، ساڵى 2023 ساڵێکى قورس دەبێت، چونکە دەبێتە بزوێنەرى سەرەکى بۆ گەشەى جیهان، ئەمریکا، ئەوروپا و چین”.
ئاماژەى بەوەشکردووە، ساڵى 2023، “ساڵێکى قورستر دەبێت” لە ساڵى 2022.
“سێ ئابورییە سەرەکییەکەى جیهان، ئەمریکا، یەکێتیی ئەوروپا و چین، لە ساڵى 2023، لە یەک کاتدا، خاوبوونەوە بەخۆیانەوە دەبینن”، وەک کریستالینا جیۆرجیڤا ئاشکرای کردووە.
نەتەوەیەکگرتووەکانیش دڵخۆش نییە بە دۆخى ئابوریی جیهان
کۆتایی هەفتەى ڕابردوو، لى جۆنهوا، بریکارى ئەمیندارى گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروبارى ئابورى و کۆمەڵایەتى، لە نیویۆرک ڕایگەیاند، “ئێمە دەگەینە ساڵى چوارەمى کۆرۆنا و ساڵى یەکەمى جەنگى ئۆکرانیا و توندبوونى بارى لەناکاوى ئاووهەوا”.
ئەو بەرپرسەى نەتەوەیەکگرتووەکان ئەوەشى خستوەتەڕوو، “ئەو قەیرانانە گەشەى جیهانیان خاوکردووەتەوە، هەژارى و برسێتییان زیاد کردووە، هەروەها هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی وزەى جیهانیش”.
بە وتەى لى جۆنهوا، “پێشبینییەکان بۆ ئابوریی جیهان لە کورتمەودادا، دڵخۆشکەر نین و مایەى نیگەرانین”.