حکومەتی هەرێم باس لە هۆکاری دابەشکردنی نەوت بە 100 هەزار دینار دەکات

“حکومەتی عێراق 9 ملیار دینار قەرزارە”

حکومەتى هەرێم ڕایگەیاندووە، ساڵى ڕابردوو پارەى 100 ملیۆن لیتر نەوتى سپی داوە بە حکومەتى عێراق، بەڵام نیوەى ئەو بڕە نێردراوە، ئەوەش بە هۆکارى گرانبوونى نرخى نەوتى سپی لەسەر هاوڵاتییان ناو دەبات.

فەرمانگەى میدیا و زانیاریی حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە بڵاوکراوەیەکى ڤیدیۆییدا ئاشکرای کردووە، “حکومەتى هەرێمى کودستان ساڵى ڕابردوو (2021)، لەگەڵ حکومەتى عێراق ڕێککەوتووە، بۆ ئەوەى 100 ملیۆن لیتر نەوتى سپی بۆ هەرێم بنێرێت، بەڵام نیوەى ئەو بڕەى ناردووە”.

فەرمانگەکە ئەوەشى خستوەتەڕوو، “9 ملیار دینارى حکومەتى هەرێمى کوردستان کە پارەى ئەو نەوتە سپییەیە، لاى حکومەتى عێراق ماوە و نەوتەکەشى نەناردووە”.

بە گوێرەى ڕاگەیەندراوەکە، حکومەتى هەرێمى کوردستان پلانى خۆى داناوە بۆ ئەوەى بەبێ پشتبەستن بە حکومەتى عێراق نەوتى سپى بۆ هاوڵاتییانى هەرێمى کوردستان دابین بکات.

پلانەکەش ئەوەیە، “نەوتى سپی بۆ هاوڵاتییان لە بازاڕەکانى ناوخۆى هەرێم بکڕێت”.

“وەزارەتى سامانە سروشتییەکانى هەرێمى کوردستان، لە ناوەڕاستى هاوینى ئەمساڵەوە، دەستى کرد بە کڕینى نەوتى سپی، کە نرخى هەر بەرمیلێک 284 هەزار دینار بوو، حکومەتى هەرێم بڕیاریدا 65%ى ئەو نرخە وەرنەگرێت و بەرمیلێک نەوت بە 100 هەزار دینار بدات بە هەر خێزانێک”، وەک فەرمانگەى میدیا و زانیارى ئاماژەى  پێکردووە.

ئەوەشى ڕاگەیاندووە، “حکومەتى هەرێم بەڵێن دەدات، عێراق هەر بڕە نەوتێک بنێرێت، بەهەمان ئەو نرخەى عێراق دەیداتەوە بە هاوڵاتییان”.

ئەو ڕاگەیەندراوەى حکومەتى هەرێم لەکاتێکدایە، هاوڵاتییان 100 هەزار دیناریان بۆ هەر بەرمیلێک نەوت بە گران زانى.

ئەوە لەکاتێکدایە، حکومەتى عێراق نەوتى سپی بە نرخى پاڵپشتکراو دەدات بە هاوڵاتییانى عێراق، بۆ هەر بەرمیلێک نەوت تەنها 30 هەزار دینار وەردەگرێت.

Back to top button
نەوتی خاوی برێنت 
$74.51  $1.10  1.50%  
نەوتی خاوی ئەمريکی 
$71.30  $1.28  1.83%  
زێڕ 
$2,672.70  $36.70  1.35%  
یەک ئۆنسە زیو 
$27.74  $0.465  1.65%  
گازی سروشتی  
$3.29  $0.169  4.89%  
گازۆلین 
$2.00  $0.0127  0.64%  
ئەلەمنیۆم 
$2,563.00  $7.75  0.30%  
زەیتی گەرمکردنەوە 
$2.27  $0.034  1.52%