سندوقی نەختی نێودەوڵەتی داوای ڕاگرتنی شەڕ دەکات
بۆ ئەوەی ئابوریی جیهان بخرێتەوە سەر ڕاستەڕێی خۆی
سندوقى نەختى نێودەوڵەتى لە زارى یەکێک لە بەرپرسەکانییەوە، داوا لە وڵاتانى جیهان دەکات، شەڕ ڕابگرن بۆ ئەوەى ئابوریی جیهان بگەڕێندرێتەوە سەر ڕێگاى ڕاستى خۆى.
نادیە کالفینۆ، جێگرى سەرۆکوەزیرانى ئیسپانیا و سەرۆکى لیژنەى نێودەوڵەتى بۆ کاروبارى نەختى و دارایی، لە کۆنگرەیەک لە واشنتن ڕایگەیاند، “ئەم هەفتەیە، داواکارییەکانى ڕاگرتنى جەنگ لەلایەن ڕوسیاوە زیادیان کردووە”.
ئەو بەرپرسەى سندوقە نێودەوڵەتییەکە ئەوەشى خستوەتەڕوو، “جەنگ هۆکارێکى سەرەکییە بۆ خاوبوونەوەى گەشەى ئابوریی جیهان و بەرزبوونەوەى هەڵئاوسان، کێشەى بۆ دەستخستنى خۆراک و وزە دروست دەکات”.
ئەوە لەکاتێکدایە، دوێنێ هەینى، کریستالینا گۆرگیفیا، بەڕێوەبەرى گشتیی سندوقى نەختى نێودەوڵەتى ڕایگەیاند، “جەنگ ڕابگرن، هیچ ڕێگایەکى ڕوونتر دەبینن بۆ ئەوەى ئابوریی جیهان بکەوێتەوە سەر ڕاستەڕێى خۆی؟”.
هاوکات، سندوقەکە پێشبینیی خۆى بۆ گەشەى ئابوریی جیهان بەشێوەیەکى خێرا نزم کردەوە، هەروەها پێشبینیشى کردووە بۆ داکشانى ئابوریی ئەڵمانیا و ئیتاڵیا.