چۆن ناوێکی بەهێز بۆ کارەکەت هەڵبژێریت؟

گەورەبوونى براندەکەت پەیوەستە بە ناوەکەیەوە

پشتیوان جەلال

ڕۆژنامەنوسی تایبەتمەندی ئابوری
بەشێکى زۆرى بازگانان، دەکەونە هەڵەوە لەکاتى هەڵبژاردنى ناوێک بۆ بزنسەکەیان، ئەوەش کاریگەرى دەبێت لەسەر گەورەبوون و بەناوبانگبوونى براندەکەیان.

ئەگەر سەرقاڵى بە دەستکردن بە کارێکى بازرگانییەوە، یان لە هەوڵى دامەزراندنى کۆمپانیایەکیت، هەر لە سەرتادا دووچارى کۆمەڵێک ئاڵەنگارى دەبیتەوە، پەیوەست بە دیاریکردنى کڕیارەکانت، دانانى پلانى ستراتیژی بۆ پەرەپێدانى کارەکەت.

ئەو هەموو هەنگاوەش، پێویستى بە بوونى براندێکە کە بەهێزەوە دەربکەویت، ئەوەش هۆکارە بۆ ئەوەى باشترین ناو بۆ براندەکەت بدۆزیتەوە.

ئەوە بزانە، چەند پلانى باش و بەهێزت هەبێت و بەرهەمەکەت نایاب بێت، نەبوونى براند هۆکار دەبێت بۆ شکست و سەرنەکەوتن.

سەرەکیترین هەنگاو بۆ هەر براندێک، بوونى ناوە، ناوى بازرگانى دەبێت ناوبانگى بەرهەم و خزمەتگوزارییەکانت بگەیەنێت بە خەڵک و هۆکارێک بێت بۆ فراوانکردنى بزنسەکەت و پەرەپێدانى.

ئەگەر هەڵبژاردنى ناوێکى هەڵە و لاواز بۆ کارە بازرگانییەک، شکستیشت پێنەهێنێت، هۆکار دەبێت بۆ ئەوەى بە لاوازى بمێنیتەوە و گەشە نەکەیت و کێبڕکێی بازاڕ نەکەیت.

پرسیارێک دێتە پێش، ئەى چۆن ناوێک هەڵبژێرم بۆ بزنسەکەم؟، بەمجۆرە دەستپێبکە..

پێش هەموو شت، ئەوە بزانە، ناتوانیت بەبێ ناوێک کارەکەت دەستپێبکەیت، هەڵبژاردنى ناوێک بەو بەهێزییەى باسى دەکەین، پێویستى بە کاتێکى زۆر هەیە.

چەند بژاردەیەکت هەیە بۆ هەڵبژاردنى ناو، هەڵبژاردنى ناوێک کە ڕەنگدانەوەى خەونەکەت بێت و هەڵگرى چیرۆکێک بێت، یان ناوى کارەکەت ناوى ئەو خزمەتگوزارییە و کاڵایە بێت کە پێشکەشى دەکەیت، لێرە زۆرجار دەبینین کۆمپانیا و بزنسەکان بە ناوى سیانیی خاوەنى کۆمپانیاکەوە دەبێت (ئەمە خراپترین جۆرى ناونانە).

ئەگەر بژاردەى یەکەمت بەلاوە گرنگە و دەتەوێت ناوێک هەڵبژێریت، دەلالەت بێت لە خەونەکانت و چیرۆکێک لەخۆ بگرێت، ئەوا ئەم ئامۆژگارییانە وەربگرە..

چیرۆکێک لەپشت ناوەکە بێت

چیرۆک و گێڕانەوەى چیرۆک، هۆکارێکى گرنگە بۆ دەرخستنى ئەزموونێکى سەرکەوتوو، کە دواجار سەرنجى زۆرترین خەڵکیش ڕادەکێشێت.

هەڵبژاردنى ناوێکى لەوجۆرە، کارێکى زۆرباشە، بۆ نمونە، کۆمپانیاى “ئاسیا سێڵ”، کاتێک ناوى “ئاسیا” هەڵدەبژێرێت، کە ناوى گەورەترین کیشوەرى جیهانە، بزنسەکەى لە سنوورى سلێمانیدایە، بۆ ناوى نەنا سلێمانى سێڵ؟، چونکە دەکرێت خەونى گەورەترت هەبێت بۆ بزنسەکەت.

ئەگەریش دەتەوێت ناوەکە لە چیرۆکێکەوە هەڵقوڵێت کە دەلالەت لە سروشتى کارەکەت بکات، یان لەگەڵ پلانى بزنسەکەت و خەونەکانت یەکبگرێتەوە، دەتوانیت هاوشێوەى کۆمپانیای “ڕۆبن هود” بیت، کە کۆمپانیایەکی خزمەتگوزاریی داراییە” ناوی لە چیرۆکی ئەفسانەیی ڕۆبن هودەوە ناونراوە، کۆمپانیاکە گرنگی بە دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامان دەدات لە ڕێگەی وەبەرهێنانی بێ کۆمسیۆنەوە.

کاتێک جێف بیزۆس، کتێب بە ئۆنلاین دەفرۆشێت، نایات ناوى بزنسەکەى بکات بە بازاڕى کتێبی ئۆنلاین، بەڵکو خەونى گەورەترى هەیە بۆ داهاتووى کارەکەى و ناوى ئەمازۆنى لێدەنێت، بە یەکەم پیتی ئەلفوبێ دەست پێدەکات”، ناوى درێژترین ڕووبارە لە جیهاندا.

بۆیە، کاتێک ناوی براندەکەت هەڵدەبژێریت، هەوڵبدە بە چیرۆکێک دەست پێ بکەیت، بە دڵنیاییەوە لە کێبڕکێکاندا جیاواز دەبیت.

ناوێک ڕەنگدانەوەى بەهاکانى کارى بازرگانى بێت..

ئەو ناوەى هەڵی دەبژێرێت، دەکرێت، هەڵگرى واتاى بەها و بەڵێنەکانت بێت.

چەند نمونەیەک لە بەهاى بازرگانی..

متمانەپێکراوی

گشتگیربوون

خۆشگوزەرانی

گەشبینی

گونجاوى

هاندان

قبوڵکردن

خۆشەویستی

پەرەپێدانی کەسی

چەندین بەهاى دیکە هەن.

هەنگاوى دواترت ئەوەیە، ئەگەر ناوێکى زۆرت لە بەردەستدایە، گوڵبژێریان بکە و دواتر باشترن و گونجاوترینیان بە ڕاوێژ لەگەڵ چواردەورەکەت، چ تیمى بزنسەکەت بێت یان خانەوادە و هاوڕێکانت، هەڵبژێرە.

کە ناوەکەت هەڵبژارد، دەست بکە بە گەڕان، بۆ ئەوەى بزانیت ناوەکەت نەگیراوە و دووبارە نییە.

ئەگەر ناوەکەت دووبارە نەبوو، هەوڵبدە، دۆمەینى وێبسایتى بۆ بکڕیت، ئەگەر دۆمەینى ناوەکە نەگیرابوو، ئەوا بە هەرزان دەیکڕیت، ئەگەریش گیرابوو، ئەوا دەکەویتە مامەڵەوە لەگەڵ ئەو کەسەى دۆمەینەکەى لایە و ڕەنگە بە ئاسانى لێی بکڕیت، ئەگەریش زانیت نایفرۆشێت یان داواى پارەیەکى خەیاڵى لێدەکات، دەتوانیت شێوازى دۆمەینەکە بگۆڕیت، یان ناچار بیت ناوەکەت بگۆڕیت.

Back to top button
نەوتی خاوی برێنت 
$72.96  $0.15  0.21%  
نەوتی خاوی ئەمريکی 
$68.93  $0.18  0.26%  
زێڕ 
$2,660.10  $8.40  0.32%  
یەک ئۆنسە زیو 
$28.10  $0.4  1.40%  
گازی سروشتی  
$3.28  $0.091  2.85%  
گازۆلین 
$2.03  $0.0138  0.67%  
ئەلەمنیۆم 
$2,613.25  $7.00  0.27%  
زەیتی گەرمکردنەوە 
$2.23  $0.0021  0.09%