کۆنفرانسى “بە دیجیتاڵکردنى بازرگانی و کارى ئۆنلاین” لە سلێمانی
زیاتر لە 400 خاوەنکارى ناوخۆیی و بیانى تیایدا بەشدار دەبن

ئەمڕۆ بە بەشداریی سەدا کارساز و خاوەن کۆمپانیا، کۆنفرانسێک لە سلێمانی بەڕێوە دەچێت، بە مەبەستی بە دیجیتاڵکردنی کاری بازرگانی.
بڕیارە کاتژمێر سێی ئێوارەى ئەمڕۆ شەممە، لە پارێزگاى سلێمانى کۆنفرانسى “بە دیجیتاڵکردنى بازرگانیی و کارى ئۆنلاین” بەڕێوەبچێت، کە کارێکى هاوبەشى نێوان کۆمپانیای تۆپ مۆدێرن و بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانییە.
محەمەد مەجید، ڕێکخەرى کۆنفرانسەکە بە دامەزراوەى میدیایی بی ئێن-ى وت، “ئامانج لەم کۆنفرانسە، پەرەپێدانى بازرگانى و ڕەخساندنى کاسازی سەر ئینتەرنێت و ئاسانکارییە لە کاروبارى حکومى”.
ئەوەشى خستەڕوو، “مەبەستمانە لەڕێی ئەم کۆنفرانسەوە، برەو بە بازرگانیی ئۆنلاین بدەین و بەرەوپێشى ببەین، ئەوەش پێویستى بە کردنەوەیە بەڕووى بازاڕى نێودەوڵەتی و چارەسەرکردنى پارەدانى سەرهێڵ و کێشەکانى ئەو بوارەیە”.
بۆ جارى یەکەمە کە پارێزگاى سلێمانى کۆنفرانسێکى لەمجۆرە بەخۆیەوە ببینێت، کۆنفرانسەکەش لە سێ پانێڵ پێکدێت و کەسانى پسپۆڕ و شارەزاى دیجیتاڵ مارکیتینگ و بازرگانى و تەکنەلۆجیا بەشدار دەبن تیایدا.
بەدەر لە بەرپرسانى حکومى، بڕیارە “خاوەنى زیاتر لە 400 کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی” بەشدار بن لە یەکەمین کۆنفرانسى بە دیجیتاڵکردنى بازرگانیی و کارى ئۆنلاین.
سەبارەت بە دەرئەنجامەکانى کارى کۆنفرانسەکە، محەمەد مەجید وتى، “لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا، سەرجەم کێشە و گرفتەکانى بوارەکە دیارى دەکرێن و دەنوسرێنەوە، هەروەها چارەسەرەکانیش دەخرێنەڕوو، بە یاداشتێکیش کۆى کۆنفرانسەکە دەدرێت بە کۆمپانیاکانى بوارەکە و لایەنى پەیوەندیدار”.
بڕیارە کارى کۆنفرانسەکە درێژەى هەبێت، خول و ڕاهێنان و چەندین ڤیدیۆى فێرکارى بەدواى خۆیدا بهێنێت، وەک ڕێکخەرى کۆنفرانسەکە ئاشکرایکرد.