37%ى خانەوانەدەکانى ئەفغانستان تواناى کڕینى خۆراکیان نییە
بانکى نێودەوڵەتى بڕیارێکى لەبارەى ئەو وڵاتەوە دا
بەگوێرەى ڕاپۆرتێک کە بانکى نێودەوڵەتى بڵاویکردووەتەوە، دۆخى خانەوادەکانى ئەفغانستان خراپە و دەستکەوتنى خۆراک ئاسان نییە و بەشێکى زۆرى خێزانەکان، “پارەى خۆراکیان نییە”.
لە ڕاپۆرتێکدا، بانکى نێودەوڵەتى ڕایگەیاندووە، “37%ى خانەوادەکانى ئەفغانستان، پارەى پێویستیان پێ نییە بۆ کڕینى خۆراکى ڕۆژانەیان”.
بانکەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، “33%ى خێزانە ئەفغانییەکان، تەنها بەشى کڕینى خۆراکى ڕۆژانەیان پارەیان دەست دەکەوێت، تواناى کڕینى هیچ شتێکى دیکەیان نییە”.
تێکچوونى دۆخى ئەفغانستان، پاش ئەوە دێت کە بزوتنەوەى تاڵیبان دەسەڵاتى ئەو وڵاتەى گرتە دەست.
پاش ئەوەى بزوتنەوەى تاڵیبان دەستى بەسەر کابولدا گرت، بانکى نێودەوڵەتى سەرجەم پرۆژەکانى لەو وڵاتە ڕاگرت و پارەکانى بلۆک کرد، بەهاى کۆى پرۆژەکان 600 ملیۆن دۆلار بوو.
ئەمڕۆ دوو سەرچاوە لە بانکى نێودەوڵەتی بە ئاژانسى بلۆمبێرگیان وتووە، “بانکى نێودەوڵەتى بڕیاریداوە سێ پرۆژە بۆ گەشەپێدانى کەرتى تەندروستى، کشتوکاڵ و بژێوى خەڵک لە ئەفغانستان دەستپێبکاتەوە”.