وەزارەتى سامانە سروشتییەکان باس لەو بڕە سوتەمەنییە دەکات کە لەلایەن بەغدادەوە نێدراوە
"لەوە کەمترە کە بڕیاربووە بینێرن"
وەزارەتى سامانە سروشتییەکانى هەرێم ڕاگەیەندراوێکى لەبارەى ناردنى سوتەمەنى لەلایەن بەغدادەوە بۆ هەرێم بڵاوکردەوە و ئاماژەى بەوەکردووە، “وەزارەتى نەوتى عێراق دەبوایە بڕى 246 ملیۆن لیتر بەنزین بۆ پارێزگاکان هەرێم بنێرێت، بەڵام تا ئێستا 120 ملیۆن لیتر نێردراوە”.
ناوەڕۆکى ڕاگەیەندراوەکەى وەزارەتى سامانە سروشتییەکانى هەرێم؛
پاش بڵاوبوونەوەی چەند زانیارییەکی نادروست و چەواشەکاری لە لایەن هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە وەک هەواڵ بڵاویان کردەوە کە گوایە هەولێر دەستی بە سەر ئەو بەشە سووتەمهنیه داگرتووە کە لەلایەن حکومەتی عیراقی بۆ پارێزگای سلێمانی تەرخان کراوە و بە قاچاخ ڕەوانەی تورکیا و ئەوروپای دەکات.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بە توندی ئەم هەواڵانە رهتدهكاتەوە کە دوورە لە راستییەوە کارێکی چەواشەكارانەیە و مەبەست لێی تێکدانی ڕەوشی ناوخۆی کوردستان و بە لاڕێدابردنی ڕای گشتی خەڵکی کوردستان و عێراقە.
جێی داخ و نیگەرانییە کە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کوردستان کە ههندێکیان ئۆرگانی فەرمی پارتە سیاسییەکانی بەشداری حکومەتیشن دەبووایە لەم کاتەدا کە کوردستان بە بارودۆخێکی هەستیاردا تێدەپەرێت، بەرپرسانە ڕەفتار بکەن و خۆیان لە بڵاوکردنهوهی هەواڵی ناراست و تێکدەرانە بپارێزن بە تایبەت کە ئەو لایەنە بەشدارانە زانیاری تەواویان لە سەر بابەتی سووتەمهنی هەیە.
بۆیە بە مەبەستی دەرخستنی ڕاستییەکان، وەزارەتمان بە پێویستی زانی ئەم ڕوونکردنەوەیە لە سەر بابەتی سووتەمەنی بۆ ڕای گشتی بڵاوبکاتەوە:
دابینکردنی سووتەمەنی لە لایەن حکومەتی عێراقی فیدراڵ بریتییە لە دوو پێکهاتەی نەوتی کە ئەوانیش نەوتی سپی و بەنزینە. هەر چەندە لە مامهڵهكردن لهگهل ئەم بابەتە، دەبووایە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ، وەکو هاووڵاتیانی بەشەکانی دیکەی عێراق هەژمار بکرێن، بەڵام بە داخەوە ئەمە نەکراوە.
١- بەنزین:
بە پێی ڕێککەوتنی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی ئابی ٢٠٢١، وەزارەتی نەوتی عیراقی فیدرال ڕۆژانە بڕی ١٠٨٠ مەتر سێجا بەنزین بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابین دەکات بە نرخی بازرگانی ٦٥٠ دینار بۆ هەر لێترێک.
ئەمە لە کاتێکدا کە نرخی هەر لیترێک بەنزین بۆ هاووڵاتییانی ناوچەکانی دیکەی عیراق بە ٤٥٠ دینار دیاریکراوە. هەروەها کرێی عەمبار کردن و گواستنەوەی بەنزینەکە لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە دەدرێت کە لە ئەنجامدا نرخی هەر لیترێک بەنزین لە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ٦٩٠ دینار ڕادەوەستێت و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، بە هەمان نرخ بە هاوولاتیانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی دەفرۆشێت.
لە دابەشکردنی بڕی بەنزین کە حکومەتی عیراقی فیدرال تەرخانی کردووە، بەڕێز وەزیری سامانە سروشتییەکان، ڕاستەوخو و لە رێگای لیژنەیەکی پسپۆر و تایبەت کە پێکهاتووە لە بەڕێوەبەری گشتی و چەند شارەزایهك، چاودێری ئەم بابەتە دەکات.
جێی ئاماژەیە کە ئەم لێژنەیه، چاودێری دابەشکردنی بڕی بەنزین بۆ هەر پارێزگاریەک دەکەن کە لە لایەن بەرێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەر پارێزگایەک و بە هەماهەنگی لە گەڵ پارێزگاکان خویان ئەنجام دەدرێت و هەموو بەڵگەکانی پەیوەست بە بڕی وەرگیراو و دابەشکراوه لە لایان پارێزراوە.
خشتەی خوارەوە بڕی دیاریکراو هەر پارێزگایەک دیاری کردووە؛
وەزارەتی نەوتی عێراقی، دەبوو بڕی ٢٤٦ ملیون لیتر بەنزین بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام هەتا ئێستا تەنيا ١٢٠ ملیون لیتر رادەستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کراوە، لە نێوانیشیاندا پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە کە بڕی ٥٠،٤٠٤،٣٧٦ لیتریان وەرگرتووە ، هەروەها بڕی ٦٧،٥٧٠،١٥٤ لیتر بە سەر پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک دابەشکراوە.
هۆکاری نەگەیشتنی نیوەی دیکەی بڕی دیاریکراو، بۆ ئەوە دەگەرێتهوه کە حکومەتی عیراق هەر کات تووشی کورتهێنان بێت لە پێداویستی ناوخۆیی خؤی ، بەشی هەرێمی کوردستان نانێرێت.
بۆیە لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان سووتەمەنی بەشی پێداویستی خوی بەشی نەکات، ئیتر چۆن سووتەمەنی هەناردەی دەرەوە دەکات؟!
٢- نەوتی سپی:
بە هەمان شێوە و بە پێی رێککەوتنی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی عیراقی فیدرال لە ڕێککەوتی ٢٠\١١\٢٠٢١ دەبووایە بڕی ٥٠ ملیون لیتر نەوتی سپی وەک وەجبەی یەکەم ڕادەستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بکرێت بەڵام ئەمە نەکراوە.
بڕی گشتی نەوتی سپی کە لە رێکەوتی ٢٠\١١ ەوە هەتا ئێستا بۆ هەرێمی کوردستان نێردرابێت ، تەنيا ١٢ ملیون لیتر بووە و لە سەرەتای مانگی شوباتی ٢٠٢٢ەوە و لە کاتێکدا کە کەشوهەوای کوردستان زور ساردە هیچ بڕێک لە لایەن حکومەتی عیراقی فیدرال دابین نەکراوە.
هەروەها نرخی دیاریکراو بۆ هەر لیترێک لە نەوتی سپی بە نرخی بازرگانی ٤٠٠ دینار لە پاڵاوتگەی بێجی هەژمارکراوە . لە سەر هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانیش بە نرخی ٩٠،٠٠٠ دینار (بۆ یەک بەرمیلی ٢٠٠ لیتری) دەکەوێت، لە کاتێکدا هەمان نەوتی سپی بۆ هاولاتییانی ناوچەکانی دیکەی عیراق بە ١٥٠ دینار بۆ هەر لیترێک لە لایەن حکومەتی عیراق پێشکێشیان ئەکرێت. هەرچەندە ئێستا بڕە پارەی نەوتی سپی ڕادەستی حکومەتی عیراق کراوە بەڵام بڕی زۆری نەوتی سپی وەرنەگیراوە.
جێگای ئاماژەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرەڕای قەیرانی ئابووری ، بەڵام لە بودجەی خوی بڕی بەرمیلێکی (٢٠٠ لیتر) بە نرخی ٥٥،٠٠٠ دینار بۆ ناوچەکانی شاخاوی و دەوروبەری هەرێمی کوردستان دابین کردووە.
ئێمە لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هاووڵاتییانی هەرێم و عیراق . پێشوازیش لە هەر پێشنیازێک دەکەین کە ببێتە هۆی باشتربوونی گوزەرانی هاوڵاتییانی عیراق بە بێ جیاوازی.