سەرمایەداران پەنا بۆ کڕینى زێڕ دەبەن

بۆچى لەکاتى دروستبوونى هەر قەیرانێک بەهاى زێڕ بەرز دەبێتەوە؟


زۆرجار لەکاتى سەرهەڵدانى هەر قەیرانێک لە جیهاندا، کە کاریگەریی گەورەى لەسەر ئابوری دەبێت، زێڕ وەک ڕێگایەکى بێمەترسی دادەندرێت بۆ پاشەکەوت و سەرمایەداران پەناى بۆ دەبەن، بۆ ئەوەی بە کەمترین زیان دۆخەکە تێپەڕێنن.

هێرشەکانى ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا هەوڵدان بۆ “داگیرکردن”ى ئەو وڵاتە، نرخى هەموو پێداویستییە سەرەکییەکانى لە جیهان بەرز کردەوە، هەر لە نەوت و گاز و گەنم و ئاسن و چەندین پێداویستیی دیکە، مەترسیی ئەوەشى دروستکردووە، هەڵئاوسان بۆ بەرزترین ئاست بەرز بکاتەوە و هەڕەشەشە بۆ سەر گەشەى ئابوریی جیهان.

لە سەرەتاى ئەمساڵەوە، نرخى زێڕ بە ڕێژەى 10% بەرز بووەتەوە، وەک نیعمەتێک بۆ بازرگانانى زێڕ دەبیندرێت.

بلۆمبێرگ لە ڕاپۆتێکدا بڵاویکردووەتەوە، لە فرۆشگاکانى کۆمپانیاى فیلۆرۆ ئێدڵمێنەڵى، کە بازاڕێکى گەورەى خشڵ و زێڕ و زیوە لە ئەڵمانیا، خەڵێکى زۆر لە سەرەدان بۆ کڕینى زێڕ، ڕۆدۆڵف برێنەر، دامەزرێنەرى ئەو کۆمپانیایە دەڵێت، “دۆخەکە بەوجۆرە بەردەوام دەبێت، ئەگەر هیچ دەستپێشخەرییەک نەبێت بۆ هێورکردنەوەى دۆخەکە”.

برێنەر ئەوەشى بە بلۆمبێرگ وتووە، لە سەرەتاى هێرشەکانى ڕوسیاوە بۆ سەر ئۆکرانیا، فرۆشى زێڕیان بۆ “سێ هێندە” بەرز بووەتەوە، بەراورد بە فرۆشى ڕۆژانى ئاساییان.

لەلایەکى دیکەوە، جین فۆرمان، بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى فرۆشگاکانى ئیمپایەر گۆڵد بایەرس لە نیویۆرک، ڕایگەیاندووە، 30%ى ئەو کڕیارانەى کە پێشتر کڕیارى جۆرەکانى خشڵ بوون، ئێستا ڕوویان لە کڕینى زێڕى خشت کردووە، بۆ ئەوەى لەبرى پارە پاشەکەوتى بکەن.

هەروەها گرگۆر گریگرسەن، دامەزرێنەرى کۆمپانیاى سیلڤەر بۆڵیۆن لە سەنگاپوور ئاشکرایکردووە، فرۆشى زێڕیان لە یەکەم هەفتەى هێرشەکانى ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، بە ڕێژەى 235% زیادى کردووە و تا ئێستاش خواست بە شێوەیەکى گەورە لەسەر زێڕ بەردەوامى هەیە.

بۆچى زێڕ؟

گریگرسەن ئاماژەى بەوەکردووە، “وەبەرهێنەران بە وردى بیر لەوە دەکەنەوە کە خۆیان بۆ خراپترین سیناریۆ ئامادە بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش پەنا بۆ کڕینى زێڕ دەبەن و بە هەنگاوێکى ژیرانە ناوى دەبەن”.

لەبارەى بوونى خواست لەسەر زێڕ لە ئیستادا، کامەران قادر، ئابوریناس و مامۆستاى زانکۆ لە هەرێمى کوردستان، بە bn24ى ڕاگەیاند، کاتێک ڕێژەى هەڵئاوسان زیاد دەبێت و سوور بانکى بە ماینەس دەردەژێت، ئەوا سەرمایەداران خۆیان لە دۆلار ڕزگار دەکەن و پەنا بۆ زێڕ دەبەن

هۆکارى ئەو هەنگاوەش دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەى “هێزى کڕینى ئەو پارەى هەیانە واى دانێ دۆلارە، کەم دەبێتەوە، بۆنمونە لە ئەمریکا ئێستا ڕێژەى هەڵئاوسان 7% و 8%ە، هەروەها سووى بانکى 1%ە، بۆیە ئەوکات تۆ 6%ى هێزى کڕینى پارەکەت لەدەست دەدەیت و زەرەر دەکەیت، بۆیە کڕینى زێڕ وا دەکات تۆ ئەو ڕێژەیە زەرەر نەکەیت، ئەوەش سەرمایەدارانى ناچار کردووە زێڕ بکڕن“.

لە ساڵى 2021دا، خواست لەسەر زێڕ هەزار و 124 تۆن بووە لە جیهاندا، ئەوەش بەرزترین ئاست بووە لەماوەى 10 ساڵى ڕابردوو، وەک کۆمەڵەى زێڕى نێودەوڵەتى ئاشکرایکردووە.

لە سەرەتاى ئەمساڵیشەوە، بەهۆى ئەو قەیرانەى بەهۆى شەڕى ڕوسیاوە دروست بووە، هێندەى دیکە خواست لەسەر زێڕ زیادى کردووە، ئەوەش بووەتە هۆى ئەوەى نرخەکەى بەرز ببێتەوە، چونکە سادەترین یاساى ئابوری ئەوەیە، خواست لەسەر هەر شتێک وا دەکات نرخەکەى بەرز ببێتەوە.

Back to top button
نەوتی خاوی برێنت 
$72.31  $0.47  0.65%  
نەوتی خاوی ئەمريکی 
$68.43  $0.43  0.63%  
زێڕ 
$2,648.90  $32.10  1.20%  
یەک ئۆنسە زیو 
$27.92  $0.47  1.71%  
گازی سروشتی  
$3.20  $0.164  4.88%  
گازۆلین 
$1.91  $0.0075  0.39%  
ئەلەمنیۆم 
$2,587.75  $0.75  0.03%  
زەیتی گەرمکردنەوە 
$2.21  $0.0134  0.61%