نەوت.. لە بێ بەهابوونیەوە بۆ بەهادارترین
"یەک بەرمیل دەگاتە 300 دۆلار"
لەماوەى کەمتر لە دوو ساڵدا نرخى نەوت گەیشتە دوو ئاستى تەواو جیاواز، لە چارەکى یەکەمى ساڵى 2020 بۆ نزمترین ئاست دابەزى، چارەکى ئەکەمى ئەمساڵیش، بۆ بەرزترین ئاست لەماوەى 14 ساڵى ڕابردوودا بەرز بووەوە.
ئیستا نرخى یەک بەرمیل نەوت لە سەرووى 126 دۆلارەوەیە، تۆمارکردنى ئەو نرخەش، یەکناگرێتەوە لەگەڵ ئەو پێشبینییانەى بۆ بێبەهابوونى نەوت دەکرا، کە گوایە لە داهاتوویەکى نزیکدا پشتبەستن بە نەوت کەمدەبێتەوە، چونکە ئەو سەرچاوەیەى وزە، زیان بە ژینگە و ئاووهەواى زەوى دەگەیەنێت.
نرخى یەک بەرمیل نەوت دەگاتە 300 دۆلار
پاش پشووى کۆتایی هەفتە، دوێنێ دووشەممە لەکاتى کردنەوەى بازاڕ، نرخى یەک بەرمیل نەوت 130 دۆلارى تێپەڕاند، ئەوەش بۆ جیهان هەواڵێکى شۆکهێنەر بوو، بەڵام پێشبینییەکان ئاماژەن بۆ ئەوەى “نرخى نەوت زۆر لەوە زیاتر بەرز دەبێتەوە”.
ئەلیکساندەر نۆڤاک، جێگرى سەرۆکوەزیرانى ڕوسیا لە ڕاگەیەندراوێکى ڤیدیۆییدا ڕایگەیاندووە، “زۆر ڕوونە کە بلۆککردنى نەوتى ڕوسیا، سزاکەى کارەساتبار دەبێت بۆ بازاڕى جیهان”.
ئەو بەرپرسە ڕوسییە ئاشکرایکردووە، “لە ئەگەرى بلۆککردنى نەوتى ڕوسیا، نرخى یەک بەرمیل نەوت دەگاتە 300 دۆلار، ئەگەر زیاتریش نەبێت”.
هەر لەبارەى بەرزبوونەوەى نرخى نەوتەوە، دوو سەرچاوە بە ئۆپێک پڵەسەوە بە ئاژانسى ڕۆیتەرزیان وتووە، “سیاسەتى ئۆپێک پڵەس جێگیرە و هیچ پەیوەندی بە بەرزبوونەوەى نرخى نەوت نییە”.
هەنگاوەکانى ئەمریکا بە ئاڕاستەى ئەوەن، ڕوسیا لە بازاڕى وزە و نەوت داببڕندرێت، و سزاى ئابورییەکان بەجۆرێک بن، ڕێگا بە ڕوسیا نەدرێت نەوت هەناردە بکات، لە ئەگەرى سەرکەوتنى ئەو هەنگاوەى ئەمریکا، کێشە بۆ بازاڕى نەوت دروست دەبێت وەک شارەزایانى بازاڕى وزە ئاشکرایان کردووە.
ڕێبوار محەمەد ئەمین، شارەزا لە گرێبەستەکانى نەوت و گاز بە بی ئێن 24ى وت، “ئەو بۆشاییەى لە ئەنجامى دوورخستنەوەى ڕوسیا لە بازاڕى وزە دروست دەبێت، بە هیچ وڵاتێک پڕناکرێتەوە”.
ئەمریکا پشتى بە ئێران و ڤەنزوێلا بەستووە بۆ پڕکردنەوەى ئەو بۆشاییەى لە خواست لەسەر نەوت دروست دەبێت، بەڵام ئەوە بەمنزیکانە ڕوونادات”.
لە ڕاپۆرتێکدا، پێگەى Oilprice لە زاڕى شارەزاارائاشکرایکردووە، 150 دۆلار وێستگەى داهاتووى نرخى نەوت دەبێت.
سکۆت شەفێڵد، بەرپرسى پایۆنێر بۆ سامانى سروشتى، بە پێگەکەى وتووە، “نەوتى ئەمریکا لە توانایدا نییە ببێت بە جێگرەوەى نەوتى ڕوسیا لە ئەمساڵدا”.
ئەو شارەزایەى بازاڕى وزە ئاماژەى بەوەشکردووە، “لە ئەگەرى بلۆککردنى نەوتى ڕوسیا، نرخى نەوت باز دەدات بۆ 150 دۆلار یان 200 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک”.