بەرهەمى ژێرزەوى هاوشێوەى سەرزەوى موڵکى خەڵکى هەرێمى کوردستانە
خوێندنەوەیەک بۆ گازى سروشتیی هەرێم وەک کارتێکى بەهێز
ئەندازیاری نەوت
دادگای فیدڕاڵی عێراق لە ڕۆژی 15شوباتى 2022، بڕیارێکی دەرکرد کە کاریگەریی زۆری لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و فیدڕاڵ و پرۆسەی دامەزراندن و سەرخستنی حکومەتی داهاتووی عێراق دەبێت، هەروەها تا ڕادەیەکی زۆر زیان بە بەرژەوەندییەکانی عێراق دەگەیەنێت پێش هەرێمی کوردستان، یاسا ئەوەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی سەربەخۆیانە گرێبەست لەگەل کۆمپانیا نەوتییەکان واژوو بکات بەپێی یاسا و بە پێی ڕێککەوتنی نێوانیان.
یاسای نەوت و گاز و بەرهەمهێنانی گازی سروشتی
لە هەرێمی کوردستان هەریەک لە کێڵگەکانی کۆرمۆر، چەمچەماڵ، بنەباوێ، کوردەمیر و میران، یەدەگی گازی سروشتی زۆرترینیان هەیە، بەپێی توێژینەوەکان تەنها گازی سروشتیی خاکی هەرێمی کوردستان، 3٪ی هەموو گازی دونیا دەگرێتەوە (نزیکەی 200 تریلیۆن پێ سێجایە لە کاتێکدا ئێستا هەرێم تەنها پێویستی بە زیادبوونی بەرهەمی 250 ملیۆن پێ سێجایە بۆ پڕکردنەوەی پێویستیی تەواوی بەرهەمهێنانی کارەبا).
هەرچەندە تاوەکو ئیستا لە هەرێمی کوردستان بە فەرمی پەسەند نەکراوە تا ڕادەیەک یەدەگی گازی سروشتی چەندە، ئەگەر هەرێم هەوڵ بۆ زیادکردن یاخود بوژاندنەوەی سێکتەری گاز بدات بە دڵنیایی کاریگەریی بەرچاوی باشی دەبێت بۆ ئابوریی کوردستان.
بەڵام ئەمە کارێکی ئاسان نییە و کێشەی سیاسیی زۆری بەدوادا دروست دەبێت چونکە هەرێمی کوردستان ئەگەر بچێتە ناو بازاری کرین و فرۆشتنەوەی گازی سروشتی، ڕکابەرێکی گەورە دەبێت بۆ دراوسێکانی، لەڕووی جیۆگرافی ئیران دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە یەکێکە لە زلهێزەکانی جیهان لەڕووی هەناردەی گازی سروشتی، لە باشووریش عێراقە کە كڕیاری زۆرترین هەناردەی گازی سروشتیی ئیرانە دەیان ساڵە بە پێی رێککەوتن لە نێوانیان.
ئەگەر عێراق بە شێوازێکی یاسایی پشتگیریی ھەرێمی کوردستانی بکات بە دڵنیای لە ڕووی دارایی لە بەرژەوەندی عێراق دەبێت
بۆیە فرۆشتنەوەی گازی سروشتی بۆ هەرێمی کوردستان کێشەی زۆری سیاسی بۆ دروست دەبێت، ڕێگایەکی تر ئەوەیە لە رێگای عەمانەوە گاز هەناردەی ئیسرائیل بکات، کە ئەویش کڕیارێکی گەورەی گازە لە بازاڕی جیهاندا، بەڵام بە هەمان شێوە کێشە بۆ هەرێمی کوردستان دووبارە دروست دەبێت بەھۆی تورکیاوە، کە کڕیاری بەشی زۆری نەوتی هەرێمە.
بەپێی راپۆرتێک لەلایان گلۆباڵ داتا، کە تیایدا باس لە کێڵگەی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان کراوە، کێڵگەی کۆرمۆر بە تەنها خاوەنی 33٪ى یەدەگی گازی سروشتیی کوردستانە، هەروەها لە کۆرمۆر رۆژانە 106 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێندرێت، لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە کە 700 ملیون دۆلار تاوەکو ئیستا خەرج کراوە لەم کێڵگەیە، هەروەها ئیستا بەرهەمی گاز لەم کێڵگەیە نزیکەی (900 MMscf)ە ڕۆژانە و پێشبینی کراوە زیاد بکرێت بۆ 1,400MMscf) ) تاوەکو ساڵی 2027.
ئەگەر بە سەرکەوتوویی پرۆژەی بەرهەمهێنانی گاز لەم كێڵگەیە بەردەوام بێت، پێشبینی کراوە نزیکەی 7500 ھەلی کار دابین بکرێت بۆ کەسانی شارەزا لەم بوارەدا، لە ھەمان کاتدا تەنھا کاریگەریی بەرھەمھێنانی گاز لەم کێلگەیە توانای ھەیە بە دابەزاندنی نزیکەی 77 ملیۆن تۆنی کاربۆن دایۆکساید.
ئەگەر عێراق بە شێوازێکی یاسایی پشتگیریی ھەرێمی کوردستانی بکات بە دڵنیاییەوە لەڕووی داراییەوە لە بەرژەوەندیی عێراق دەبێت، داھاتێکی باش دەگەڕێتەوە ناو خەزێنەی حکومەتی فیدڕاڵی، عێراق رۆژانە نزیکەی 1500 مێگاوات کارەبا لە ئیران دەکڕێتەوە، کە بارێکی قورسە بۆ وڵاتەکە لە کاتێکدا عێراق خۆی لە قەیرانی کارەبا و ئابوریدایە، بۆ نمونە لە ساڵی 2019 لە کۆی فرۆشتنەوەی گازی سروشتی لەلایان ئیرانەوە بە بەھای 12.3 ملیار دۆلار، گازی سروشتی بە بەھای 9 ملیار دۆلار بە تەنھا لەلایان عێراقەوە کڕاوە.
ئێستا ئیران چاوی لەوەیە بەرھەمھێنانی سووتەمەنی و گازی سروشتی کەم بکاتەوە، حکومەتی ناوەندی لە بەغداد لە گفتوگۆدایە لەگەل قەتەڕ بۆ کرینەوەی گازی سروشتی، عێراق ئەگەر ڕێککەوتنێکی ڕەسمی و یاسایی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھەبوایە لەسەر دابینکردنی گاز لەلایان حکومەتی ھەرێمەوە بۆ حکومەتی فیدڕاڵی، بە دڵنیایی ئەنجامەکەی لەڕووی داراییەوە لە بەرژەوەندیی ھەردوولا دەبوو و ئاسانکاری بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی بە بازاڕکردنی گازی سروشتی لەلایان ھەرێمەوە دەکرد.
ئەم ھەموو کێشە سیاسییانە لەسەر کڕین و فرۆشتنەوەی گازی سروشتیی کوردستانەوە، زەرەرمەندی یەکەم تێیدا حکومەتی فیدڕاڵی عێراقە پێش ھەرێمی کوردستان، بە دڵنیایی ئەساسی لێکەوتەی ئەم کێشانە ھۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە یاسای نەوت و گاز بوونی نییە لە عێراق.
گازی سروشتی یەکێکە لە پاکترین فۆسیڵ فیوڵەکانی جیھان، لە چاو سوتەمەنی لە زۆربەی وڵاتان بۆ دروستکردنی کارەبا و وزە بەکار دێت، تایبەتمەندیی زۆریشی زیاترە جگە لەوەی کە بەرژەوەندیی تەندروستی زۆرە، بۆیە پێشبینی کراوە داواکاریی گازی سروشتی زیاتر بەردەوامی ھەبێت لە چاو نەوت، ھەروەھا سێکتەری کارەبا و وزە پێشبینی کراوە تا ساڵی 2040 دوو ھێندەی ئێستا داواکاری لەسەری زیاتر بێت، بەڵام بە شێوەیەک کە وزە لە ڕێگای گازی سروشتییەوە بەرھەم بھێندرێت.
بە بازاڕکردنی گازی سروشتی، بە دڵنیاییەوە ھەرێمی کوردستان دەتوانێت ژێرخانی ئابورییەکى بەھێز بۆ خۆی دروست بکات.
ڕوون نابێت بۆمان کە کاریگەرییەکانی بڕیاری دادگای فیدراڵی چی بەسەر دواڕۆژی شێوازی ئیدارەکردنی کێڵگە و گرێبەستە نەوتییەکان دەھێنێت، بەڵام وەک ھاوڵاتی ئەم ھەرێمە دەزانین کە ھەرێمی کوردستان مافی ڕەوای خۆیەتی کە بڕیارەکە قبوڵ نەکات، لەکاتێکدا کە دەزانین کە دادگای فیدڕاڵ سەرپەرشتیی یاسای عێراق بە گشتی دەکات، پێم وایە ھەموو شتێک لەلایەن گفتوگۆی نێوان حکومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی ھەرێمی کوردستان یەکلاکەرەویە ھەرچەندە حکومەتی فیدڕال دەتوانێت ھەموو کاتێک ئەم بڕیارە وەک کارتێک دژی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بەکار بهێنێت، بەڵام لە کۆتاییدا بەرھەمھێنانی نەوت بەردەوام دەبێت و بڕیاری دادگای فیدڕاڵ کاریگەری لەسەر بەرھەمھێنانی نەوت نابێت.
لەمانگی کانوونی دووەمدا نەوتی بارکراوی هەرێم لە بەندەری جیهانەوە لە رێی 20 کەشتی قەبارە جیاوە بارکراوە، کە بۆ حەوت وڵاتی جیا ڕۆشتووە، کۆی نەوتی بارکراو لەماوەی ئەو مانگەدا بریتیبووە لە 13.970.479 بەرمیل، کە بە تێکڕا ڕۆژانە دەکاتە 450.660 بەرمیل نەوت.