دوو هۆکار لە پشت جوڵاندنى نرخى نەوتەوەن
وێڕاى یارییەکى زۆرى نرخەکەى بەڵام گۆڕانکاری ڕووینەدا
ترسى داگیرکردنى ئۆکرانیا لەلایەن ڕوسیاوە و ڕێککەوتن لەبارەى ئەتۆمى ئێرانەوە، ئەو دوو هۆکارە بوون هەفتەى ڕابردوو یارییان بە نرخى نەوت دەکرد، چونکە هەر یەکێکیان کاریگەریی گەورە دەکەنە سەر بازاڕى وزە.
کاریگەریی ئەو دوو هۆکارە بەردەوامە، لە ئەگەرى هێرشى ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، نرخى نەوت گڕى تێ بەر دەبێت، لە بەرامبەریشدا ئەگەر ئەمریکا سزاکانى سەر ئێران لابەرێت، ئەوا ئاوێک بەو ئاگرەدا دەکات و نرخى نەوت دادەبەزێت.
ئاڵۆزیی ئۆکرانیا گڕى لە نرخى نەوت بەردا
هەرچەندە تاوەکو ئێستا هەنگاوى کردەیی لەلایەن ڕوسیاوە بۆ داگیرکردنى ئۆکرانیا نەبیندراوە، بەڵام شەوى ڕابردوو، جۆ بایدن، سەرۆکى ئەمریکا جارێکى دیکە دڵنیایی دا لەوەى، ڤلادمیر پوتن، سەرۆکى ڕوسیا “بڕیارى هێرشکردنە سەر ئۆکرانیاى داوە”.
بۆ بازاڕى وزە، پرسى شەڕى ڕوسیا و ئۆکرانیا، تۆقێنەرە، چونکە ڕوسیا پێگەیەکى گەورەى لەو بازاڕە هەیە، تا ئێستاش گەورەترین بەرهەمهێنى گازى سروشتییە و ئەوروپاش پشت بە گازى ڕوسیا دەبەستێت.
دان ئێبێرهارت، بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى کۆمپاناى کەنارى بۆ دەرهێنانى نەوت، بە فۆکس بزنسى ئەمریکى ڕاگەیاندووە، “لە ئەگەرى داگیرکردنى ئۆکرانیا لەلایەن ڕوسیاوە، نرخى نەوت بەرز دەبێتەوە و بەرز دەبێتەوە، تا لەدەست دەردەچێت”.
ئەو شارەزایەى کەرتى نەوت و گاز ئەوەشى خستوەتەڕوو، بەهۆى ئەوەى ئەوروپا بە ڕێژەیەکى گەورە پشت بە گازى ڕوسیا دەبەستێت، دەبێت چاوەڕوانى بەرزبوونەوەى نرخى گازى سروشتیش بکەین.
لەلایەکى دیکەوە، بۆب یوگەر، بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى کۆمپانیاى Energy Futures for Mizuho Americas، بە ئێن بی سی-ی ئەمریکى وتووە، “لە ئەگەرى داگیرکردنى ئۆکرانیا لەلایەن ڕوسیاوە و سەپاندنى سزا لەلایەن وڵاتانى ڕۆژئاواییەوە بەسەر ڕوسیادا، نرخى نەوت دەگاتە 125 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک”.
ڕێککەوتنى ئەتۆمیی ئێران ئاوێک بە ئاگرەکەدا دەکات؟
کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەبارەى دانوستانەکانى ڤیەناوە گەشبینە، وەزیرى دەرەوەى ئەو وڵاتە باس لە ڕێککەوتنى نوێ دەکات.
ئاژانسى ئێرنا بڵاویکردووەتەوە، حسێن عەبدوللـەهیان، وەزیرى دەرەوەى ئێران ڕایگەیاندووە، “هیواخوازم دانوستانەکانى ڤیەنا لەنێوان ئێران و گروپى (4+1) سەر بکێشێت بۆ ڕێککەوتنێکى نوێ لە نزیکترین کاتدا”.
هەر هەواڵێکى ئەرێنى لەبارەى ڕێککەوتنى ئەتۆمیی ئێرانەوە، کە خوێندنەوەى لابردنى سزاکانى سەر ئێرانى بۆ بکرێت، نرخى نەوت دێنێتە خوارەوە.
هۆکارى ئەو کاریگەرییەش دەگەڕێندرێتەوە بۆ ئەوەى، سزاکانى سەر ئێران لاببرێن، ئەوا ئێران دەست بە هەناردەى نەوت دەکاتەوە.
چەند سەرچاوەیەک لە ئۆپێک پڵەس، بە ئاژانسى ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، لە ئەگەرى ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران و کردنەوەى دەرگاى هەناردەى نەوتى ئەو وڵاتە، ئەوا تارانیش دەچێتە نێو هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەسەوە.
پێشتر ئاژانسى وزەى نێودەوڵەتى ئاماژەى بەوەکردبوو، ئەگەر ئەمریکا سزا لەسەر هەناردەى نەوتى ئێران هەڵبگرێت، ئەوا ئەو وڵاتە لە قۆناغى یەکەمدا، ڕۆژانە یەک ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەى بازاڕ دەکات.
بەگوێرەى پێشبینییەکانى ئاژانسە نێودەوڵەتییەکە، ئەو هەنگاوە وا دەکات، نرخى نەوت بێتە خوارەوە.
نرخى نەوت لە کۆتایی هەفتەدا
لەکاتى داخستنى بازاڕ بەهۆى کۆتایی هەفتەوە، نرخى یەک بەرمیل نەوتى برێنت بەرامبەر بە 93 دۆلار و 54 سەنت جیگیر بوو.
هەروەها نرخى یەک بەرمیل نەوتى رۆژئاواى تەکساسیش لە 91 دۆلار و حەوت سەنتدا جێگیر بوو.