ئایا کارەکەت گۆڕاوە بۆ ئۆنلاین و لە ماڵەوە کار دەکەیت؟

ئاشناى چەمکە نوێیەکەى جیهانى بزنس ببە

پشتیوان جەلال

ڕۆژنامەنوسی تایبەتمەندی ئابوری


چەمکی
WFH کورتکراوەی work from home، واتا کارکردن لە ماڵەوە، خودی ئەم چەمکە نوێ نییە، بەڵام بەهۆی کۆرۆناوە لە جیهانی بزنسدا زیاتر بڵاوبووەتەوە و نوێ دەردەکەوێت، چونکە زۆرێک لە کۆمپانیاکان لە ساڵى 2020 ساڵى کۆرۆنا، فەرمانبەرانیان ناردە ماڵەوە و بەشێکیان لەماڵ کارەکانیان جێبەجێ دەکرد.

بەڵام پرسیارە جدییەکە ئەوەیە، ئایا WFH کارکردن لە ماڵەوە دەبێتە جێگرەوەی ئۆفیس؟

بە بڕوای من نەخێر، بەڵام بەشێک لە خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیاکان ڕەنگە بە کەسانێک بسپێردرێت کە بتوانن لە ماڵەوە ئەنجامی بدەن نەک سەرجەم خزمەتگوزارییەکانیان، بۆ ئەمەش گرێبەستی کۆمپانیاکان لەگەڵ کارمەندانیان گۆڕانکاری بەسەردا دێت، ئەم بابەتە پێویستی بە توێژینەوەی گەورە هەیە.

بابەتی کارکردنی کارمەندان لە ماڵەوە، ئێستا لە جیهاندا لەسەر مێزی گفتوگۆی بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکانە، دەیان کۆمپانیا کە فەیسبووک و تیوتەریشیان تێدایە لە تاووتوێکردنی ئەو پرسەدان.

کارکردن لە ماڵەوە سیستمێکی تایبەت دەبێت و جیاواز دەبێت لەو شەفتی دەوامەی کە لە ئۆفیسدا هەیە، ڕەنگە کارمەند هەبێت کاری ماڵەوە بە 24 کاتژمێر وەربگرێت و تەواوی شەو و ڕۆژەکە ئامادە بێت خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیاکەی جێبەجێ بکات.

لەو پرسەشدا ڕۆڵی تەکنەلۆجیا سەرەکییە، لەئێستادا سەدان کۆمپانیا هەن لە بواری ئاسانکاری بۆ بەستنەوەی کارمەندانی ماڵەوە بە کۆمپانیاکانیان کاردەکەن.

لە هەرێمی کوردستان لەئێستادا بەشێکی کەمی دامەزراوەکان کاریان کردووە بە ئۆنلاین، کە ئەوانەش زیاتر دەزگا میدیاییەکانن.

کەرتی حکومی و خزمەتگوزاریی گشتی لە هەرێم، ناتوانن ئەو سیستەمە کارا بکەن و کارمەندانی ئەو کەرتە ناچارن بچنەوە دامەزراوەکان و مامەڵەی خەڵک ڕایی بکەن.

بۆ لەمەودوا ڕەنگە لە هەندێک هەلی کاردا چەمکی WFHت بەرچاو بکەوێت بۆیە لات سەیر نەبێت، مەبەست لێی ئەوەیە منداڵەکانت ڕێگات دەدەن لە ماڵەوە کارەکانی ئۆفیس بکەیت؟، جا ئەگەر منداڵی هاروهاجت هەبێت دڵنیابە ناهێڵن کار بکەیت.

Back to top button
نەوتی خاوی برێنت 
$71.14  $0.41  0.58%  
نەوتی خاوی ئەمريکی 
$67.65  $0.44  0.65%  
زێڕ 
$2,792.20  $11.10  0.40%  
یەک ئۆنسە زیو 
$31.39  $0.66  2.15%  
گازی سروشتی  
$2.36  $0.009  0.38%  
گازۆلین 
$1.96  $0.0128  0.66%  
ئەلەمنیۆم 
$2,649.00  $12.25  0.46%  
زەیتی گەرمکردنەوە 
$2.14  $0.01  0.47%