سامانێکى زۆر و سەبەتەى خۆراکی جیهان.. شەڕ هەڕەشە لە هەناردەى ئۆکرانیا دەکات
لە ڕووبەرى زیاتر لە 60 ملیۆن هێکتار زەوى کشتوکاڵ دەکەن
ڕاپۆرتى شیکارى- BN
یەکێک لەو ناوانەى لە ئۆکرانیا نراوە، “سەبەتەى خۆراکیی یەکێتیی سۆڤیەت” بووە، دواتر وەک “سەبەتەى خۆراکیی جیهان” ناو براوە، چونکە تواناى دابینکردنى بەشێکى زۆرى خۆراکى ئەوروپا و جیهانیشی هەیە.
خاکى ئۆکرانیا تایبەتمەندیی ئەوەى تێدایە، کە گڵێکى ڕەشى هەیە و تواناى بەرهەمهێنانى زۆرە، تەنانەت مێژووناسانى ئۆکرانیا باسیان لەوە کردووە، “ئەدۆڵف هیتلەر، سەرکردەى نازییەکان، لە چلەکانى سەدەى ڕابردوو، بڕێکى زۆرى لە گڵى ئۆکرانیا دزیوە و لەڕێی شەمەندەفەرەوە گواستوویەتییەوە بۆ ئەڵمانیا”.
ئەو پانتاییەى خاکى ئۆکرانیا کراوە بە کشتوکاڵ، 60 ملیۆن و 400 هەزار هێکتار زەوییە، 15%ى دیکەى خاکى ئەو وڵاتە دارستانە.
هەناردەى کشتوکاڵیی ئۆکرانیا
لە پاش کەرتى پیشەسازى، لە ڕیزبەندی دووەمدا، کەرتى کشتوکاڵ گرنگییەکى زۆرى بۆ ئابوریی ئۆکرانیا هەیە، گرنگترین بەرهەمى کشتوکاڵیی ئەو وڵاتە بریتین لە؛
دانەوێڵە (گەنم، جۆ، گەنمەشامى) و چەوەنەر، لە جیهاندا ئۆکرانیا لە ڕیزبەندی شەشەمدا دێت لەڕووى هەناردەکردنى گەنم و گەنمەشامى، کارگەکانى ئەو وڵاتەش سەرجەم ئەو خۆراکانە بەرهەمدەهێنن کە بە دانەوێڵە دروست دەکرێن.
بەرهەم زەیتییەکان.
سەوزەمەنییەکان.
هەنگوین، ئۆکرانیا لەنێو وڵاتانى ئەوروپى لە ڕیزبەندى یەکەم و لە جیهاندا لە ڕیزبەندى سێیەم دێت لەڕووى بەرهەمهێنان و هەناردەى هەنگوینەوە.
ماسى، ئۆکرانیا 7%ى پێداویستیی ماسى جیهانى دابین دەکرد، بەڵام لەپاش داگیرکردنى نیمچەدوورگەى قرم، لە ساڵى 2014ەوە، ئەو ڕێژەیە کەمبووەتەوە.
گۆشت و پەلەوەر، ئۆکرانیا تەواوى پێداویستییەکانى خۆى لە گۆشتى سوور و پەلەوەر بەرهەم دەهێنێت، سەرچاوەى سەرەکیی ئەو بەرهەمانەشە بۆ بەشێک لە وڵاتانى دراوسێى و جیهان.
کەرتى کشتوکاڵ، 45%ى سەرجەم هەناردەى ئۆکرانیا پێک دەهێنێت، ئەوەش هۆکارێکى گەورەى ڕاکێشانى دراوى بیانییە بۆ ئەو وڵاتە، لە ساڵى 2020 داهاتى هەناردەى ئۆکرانیا 22 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار بووە.
ئەو وڵاتانەى ئۆکرانیا هەناردەیان بۆ دەکات
وڵاتانى ئاسیا، نزیکەى نیوەى هەناردەى کشتوکاڵیی ئۆکرانیا پێک دەهێنن، بەجۆرێک 48.7%ى هەناردەى بەرهەمە کشتوکاڵییەکانى ئۆکرانیا بۆ ئەو وڵاتانەیە، 29%یشی بۆ یەکێتیی ئەوروپا دەڕوات و 12.9%ى بۆ ئەفریقا.
سەرەکیترین بەکاربەرانى بەروبوومە کشتوکاڵییەکانى ئۆکرانیا بەشێوەیەکى گشتى بەمجۆرەن، چین، هیندستان، هۆڵەندا و میسڕ (ساڵى 2020 بەهاى یەک ملیار و 370 ملیۆن دۆلار)، تورکیا (ساڵى 2020 یەک ملیار و 70 ملیۆن دۆلار)، دواتر هەریەک لە وڵاتانى ئیسپانیا، پۆڵەندا، ئیتاڵیا و ئەڵمانیا دێن.
سەبارەت بە هەناردەى دانەوێڵە بە تەنها، کە بڕێکى گەورەى هەناردەى کشتوکاڵیی ئەو وڵاتە پێک دەهێنێت، کە ساڵانە 50 ملیۆن تۆن هەناردە دەکات، ئەو وڵاتانەى هاوردەکارى دانەوێڵەى ئۆکرانیان بەمجۆرەن، چین و میسڕ بە بەهاى (یەک ملیار و 120 ملیۆن دۆلار)، ئیندۆنیزیا، ئیسپانیا، هۆڵەندا و تورکیا (بە بەهاى 473 ملیۆن دۆلار)، تونس بە بەهاى (347 ملیۆن دۆلار)، بەنگلادیش و کۆریاى باشوور بە بەهاى (265 ملیۆن دۆلار)، دانەوێڵەیان هاوردە کردووە.
ئۆکرانیا، ساڵانە نزیکەى 450 هەزار تۆن گۆشت هەناردەى دەرەوە دەکات، سعودیە ڕیزبەندی یەکەمى ئەو وڵاتانەى گرتووە کە زۆرترین گۆشتى لە ئۆکرانیاوە هاوردە کردووە، دواتر هەریەک لە (هۆڵەندا، ئیمارات، بیلاڕوسیا، ئازەربایجان و کازاخستان) بەدواى یەکدا دێن.
سامانى سروشتى
لە ئۆکرانیا، زیاتر لە 20 هەزار کان هەین، کە لە 120 جۆر سامانى سروشتى کار دەکەن و بەرهەمى دەهێنن، لەو ژمارەیە 8 هەزار و 172یان کانى ئاسایین، بەڵام 94 کانى زەبەلاحیشی هەن کە ئەم سامانە سروشتییانە دەردەهێنن؛
خەڵووز- کانەکانى خەڵووز لە ساڵى 1795ەوە لەو وڵاتە بەشێوەیەکى فراوان کار دەکەن.
ئاسنى خاو- ئۆکرانیا 46%ى کۆى ئاسنى خاوى یەدەگى یەکێتیی سۆڤیەتى پێشووى پێک دەهێنا، ئێستا 5%ى یەدەگى جیهان پێک دەهێنێت.
کبریت- یەدەگى کبریتى ئۆکرانیا گەورەترین یەدەگى جیهانە.
ترسى شەڕ
ئەوەى لەسەرەوە خستوومانەتەڕوو، دەرخەرى ئەو مەترسییە جیهانییەن کە لەپاش شەڕى ئۆکرانیا دێتەپێش.