گازى ڕوسی.. چەکی ئەتۆمی وێرانکەری دووسەرە لە جەنگی ئۆکرانیادا
هەرێم لە کوێی هاوکێشەکەدایە؟
ڕێبوار محەمەد ئەمین
ململانێی ڕوسی-ئۆکرانی بە پشتیوانیی ئەمریکا و ناتۆ،تا دێت توند دەبێتەوە و لە تەقینەوە نزیک دەبێتەوە، هۆکاری سەرەکیی ئەو جەنگە چاوەڕوانکراوەش، بریتییە لە مەترسیی جیۆپۆلەتیک، ئابوری، ئاسایش .
ڕوسیا لەلایەک نایەوێت هەژموونی ناتۆ بگاتە سەرسنوورەکانی لەڕێگەی ئۆکرانیاوە، دەیەوێت ئۆکرانیا داگیربکات و مەترسییەکە دووربخاتەوە .
لەلایەکی ترەوە، ناتۆ بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا، نایانەوێت ئەم ئامانجەی ڕوسیا بەدی بێت و بە مەترسیی سەرخۆیانی دەزانن.
لەم نێوەندەدا، سەرەڕای ئامادەکاریی سەربازی وجەنگی، بەڵام ڕۆڵی یەکلاکەرەوە و مەترسیدار، کە وەک ئەتۆم وێرانکەرە، بە تایبەت بۆ ڕوسیا، ئەویش کارتی بەکارهێنانی گازە لەکاتی ڕوودانی جەنگەکە.
گازی ڕوسی چییە و مەترسییەکانی لەم جەنگە چین، چ کاریگەرییەک لەسەر ئابوریی جیهان بە تایبەت ئەوروپا دروست دەکات؟..
ڕوسیا ساڵانە 240 ملیار مەتر سێجار گاز بەرهەم دێنێت، سێ لەسەر چواری داهاتی ڕوسیا لەو گازەوە دەستی دەکەوێت، کە دەینێرێت بۆ ئەوروپا، بەتایبەت لەڕێگای ئۆکرانیاوە.
لێکەوتەکان..
ئەگەر ڕوسیا پەلاماری وڵاتی ئۆکرانیا بدات گازی ڕوسی چی بەسەردێت؟
لەگەڵ پەلاماری ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، ڕاستەوخۆ بۆریی گازی ڕوسیا بۆ ئەوروپا لەنێو خاکی ئۆکرانیا پەک دەخرێت بە هەر هۆکارێکی جەنگی بێت، بەوەش هەناردەی گاز بۆ ئەوروپا ڕادەگیرێت.
زیانە ئابورییەکانی بۆ ڕوسیا بریتین لە لەدەستدانی ئەو داهاتەی کە دەکاتە سێ لەسەر چواری داهاتەکەی، بەمەش کارەساتی ئابوری بۆ ڕوسیا دروست دەبێت و هەڵەیەکی گەورە دەکات و بە زیان بەسەرخۆیدا دەشکێتەوە.
زیانەکانی بۆ ئابوریی جیهان، بە تایبەت ئەوروپا چین؟
ئەوروپا توشی قەیرانی گاز دەبێت و هەڵئاوسان لەنرخەکان دروست دەبێت، قەیرانی ئابوری دروست دەکات و ئەوروپا ناچار دەکات، گاز بە گران بکڕێت و ئەو گازەی بۆوڵاتانی پاکستان و هندستان دەچن، گران دەبن و ئەوان ناتوانن بیکڕن و ئەوروپا بە نرخێکی گرانتر دەیکڕێت.
کارتی ئەمریکا دژی ڕوسیا، جگە لە پەکخستنی بۆرییەگازەکەی ناو خاکی ئۆکرانیا، پەکخستنی هێڵی گازی نۆرد ستریم 2ە .
بۆریی گازی نۆرد ستریم 2 چییە و چ ڕۆڵێک دەبینێت لەم جەنگەدا؟
هێڵی بۆریی گازی نۆرد ستریم 2، ئەو بۆرییە گازیەیە لە ڕوسیاوە ڕاستەوخۆ بەناو دەریای بەڵتیکدا دەڕواتە ئەڵمانیا، لەئێستادا پرۆژەکە تەواو بووەو ئامادەیە بۆکارکردن.
توانای ئەم هێڵە گەیاندنی 45 ملیار پێ سێجار گازە بەئەڵمانیا لە ساڵێکدا، سەرچاوەیەکی ئابوریی گەورەشە بۆڕوسیا.
گرنگیی ئەو بۆرییە، ئەوەیە کە بە ئۆکرانیادا تێناپەڕێت و مەترسی لەسەر نییە.
هێشتا جەنگەکە ڕووی نەداوە، ئەڵمانیا خستنەگەڕی بۆرییەکەی دواخستووە بۆ هاوینی داهاتوو، لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆکی ئەمەریکا جۆبایدن، لەگەڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا کۆبووە و داوای بەکارنەهێنانی ئەو بۆرییە گازەی کرد،وەکو کارتێکی فشار بۆسەر ڕوسیا بۆ ئەوەی پەلاماری ئۆکرانیا نەدات .
ڕاوێژکاری ئەڵمانیاش، ئامادەیی هەموو هاوکارییەکی بۆ ئەمریکا دەربڕی، وەک ئەندامێکی ناتۆ.
لەلایەکی ترەوە ئەڵمانیا هەوڵی ئەوە دەدات، لە ئایندەداوزەی هایدرۆجینی بەکار بهێنێت و خۆی ڕزگار بکات لە بەکارهێنانی گاز و نەوت و خەڵوز .
ئەم هەوڵانەی ئەڵمانیا لە ئایندەدا، زیانی گەورە بە ڕوسیادەگەیەنێت، چونکە ئەڵمانیا وڵاتێکی پیشەسازیی گەورەیەو پێویستی بە وزەی زۆر هەیە.
دەرئەنجام..
لە هەموو حاڵەتێکدا ڕوسیا بە هەر هەنگاوێکی بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا، زیانێکی گەورەی ئابوریی خۆکوژ بەخۆی دەگەیەنێت و هەڵەیەکی ستراتیجیی گەورە دەکات،گازەکەی وەک چەکی ئەتۆم دژی خۆی و کڕیارەکانی بەکاردەهێنێت.
هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ دابینکردنی گاز بۆ ئەوروپا،بریتییە لە دابینکردنی گاز لە دەریای باکوور، گازی دەریای سپی ناوەڕاست لە ڕێگەی ئیسرائیلەوە، هەروەها وڵاتی قەتەڕ و هانی وڵاتی میسریش دەدات بۆ زیادکردنی بەرهەمی گاز.
لەم گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکی وزەیەدا، گازی هەرێمی کوردستان دەتوانێت ڕۆڵی گەورە ببینێت وەک سەرچاوەیەکی گرنگی ئابوری و سیاسی بۆ هەرێمی کوردستان، گاز هەناردە بکات بۆ دەرەوە بە تایبەت ئەوروپا،ئەمریکییەکانیش چاویان لەسەر گازی هەرێمی کوردستانە، چ وەک کارتێک بەدەستیانەوە و چ وەک دابینکردنی سەرچاوەیەکی تری ئابوری بۆ هەرێم، بۆئەوەی هاوکارییەکانیان کەم بکەنەوە بۆ هەرێم و باری سەرشانیان کەم بکەنەوە.
لە کۆتاییدا، بۆمان ڕوونبووەوە، گازی ڕوسیا چ چەکێکی وێرانکەرە لەکاتی ڕوودانی جەنگ بە تایبەت بۆ ڕوسیا خۆی و بۆ ئەوروپا و جیهان بە گشتی.
هیوادارم، هەرێمی کوردستان حساباتی ورد بکات لەسەرئەم پێشهاتانە و بە سودی خۆی بیشکێنێتەوە.