نرخی نەوت بەرزدەبێتەوە و ئۆپێک پڵەسیش لە بەردەم کۆبوونەوەیەکی هەستیاردایە
ئەمساڵ نرخی نەوت 15% بەرزبووەتەوە
وێڕاى بوونى دڵەڕاوکێى وەبەرهێنەرانى بوارى نەوت، ئەمڕۆ جارێکى دیکە نرخى نەوت ئەمڕۆ بەرزبووەوە، تەنها لە ئەمساڵیشدا نرخى نەوت بە ڕێژەى 15 بەرزبووەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، لەکاتى بڵاوکردنەوەى ئەم هەواڵە نرخىیەک بەرمیل نەوتى خاوى برێنت، بەرامبەرە بە 89 دۆلار و 31 سەنت، بۆ ئەمڕۆ بە ڕێژەى 0.13% بەرزبووەتەوە.
هەروەها نرخى یەک بەرمیل نەوتى ڕۆژئاواى تەکساس، بەرامبەرە بە 88 دۆلار و 41 سەنت، نرخەکەى بە رێژەى 0.24% بەرزبووەتەوە.
بڕیارە ئەمڕۆ هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس کۆببێتەوە، بە مەبەستى بڕیاردان لەسەر سیاسەتى بەرهەمهێنانى نەوت، هاوکاتى نزیکبوونەوەى نرخى نەوت لە 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
بانکى گۆڵدمان ساکسى ئەمریکى کە بانکێکى وەبەرهێنانە، پێشبینى ئەوەى کردووە، بەرزبوونەوەى نرخى نەوت بۆ سەروى 90 دۆلار، پاڵنەر بێت بۆ ئەوەى هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس بڕیار بدەن، ئاستى بەرهەمهێنانى نەوت خێراتر بەرز بکەنەوە.
لەیەکى دیکەشەوە، ساتۆرۆ یوشیدا، شیکەرەوەى کاڵا سەرەکییەکان لە کۆمپانیاى ڕاکوتان بۆ کاغەزە داراییەکان بە ڕۆیتەرزى وتووە، “دوورنییە هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس، پارێزگارى لە هەمان سیاسەتى پێشووى خۆى بکات بەبێ ئەوەى گۆڕانکارى تێدا بکات، ئەوەش بە واتاى کەمبوونەوەى خستنەڕوو و بەرزبوونەوەى نرخى نەوت دێت”.
نرخى نەوت تەنها لە ئەمساڵدا کە مانگێکى تێپەڕیوە، نزیکەى 15% بەرزبووەتەوە، هۆکارەکەى بۆ ئاڵۆزییەکانى ئەوروپاى ڕۆژهەڵات و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەگەڕێندرێتەوە، کە مەترسییان لەسەر هەناردەى نەوت دروست کردووە.