لە 10 ساڵی داهاتوودا “مەترسیی گەورە” لەسەر ئابوریی جیهان هەن
دەرئەنجامی ڕاپرسییەکی جیهانی مەترسیدارە
کۆڕبەندى ئابوریی جیهانی ڕایگەیاندووە، متمانەى سەرکردەکانى کار بۆ چاکبوونەوەى ئابوریی جیهان زۆر لاوازە، بەرپرسانى کار و ئابورى پێیان وایە، گۆڕانى ئاووهەوا و شڵەژانى کۆمەڵایەتى و کۆرۆنا، گەورەترین مەترسین لەسەر ئابورى.
لە ڕاپۆرتى ساڵى 2022یدا، کۆڕبەندى ئابوریی جیهانی ئاشکرایکردووە، ڕاپرسییەکیان لەگەڵ کەسایەتیی حکومى، کۆمەڵى مەدەنى، کەرتى بازرگانیدا ئەنجامداوە، لە شەش کەس یەکێکیان گەشبین بووە لەبارەى داهاتووى ئابوریی جیهانەوە.
هەروەها ئەوەش دەرکەوتووە، لە 10 کەسى بەشداربوو لە ڕاپرسییەکەدا، تەنها یەکێکیان پێشبینى ئەوەى کردووە ئابوریی جیهان بەخێرایی گەشە بکات.
گەورەترین مەترسی لەسەر ئابوری گۆڕانى ئاووهەوایە، بەڕاى ئەو کەسانەى بەشدارییان لە ڕاپرسییەکە کردووە.
بەشێکى زۆرى بەشداربووان داوای ئەوەیان کردووە، هەماهەنگیی گەورە لەنێوان سەرکردەى وڵاتان دروست بکرێت، بۆ چارەسەرى کێشە جیهانییەکان، بەتایبەت پرسى گۆڕانى ئاووهەوا.