شیکارییەک بۆ 16 ساڵی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان

بی ئێن تیشک دەخاتە سەر گرنگترین خاڵەکانی ئەو سێکتەرە

ڕاپۆرتى شیکارى- جەگەر محەمەد

وەبەرهێنان بە ماناى زیادکردن و خستنەگەڕى توانا ئابورییەکان دێت، بەمەبەستی بووژاندنەوەی ئابوریی وڵات، هەر لە دروستکردنى ژێرخانەوە تاوەکو سەرخانی ئابوری.

یەکەم مۆڵەتى وەبەرهێنان لە هەرێم؛

لە هەرێمى کوردستان، لە پارێزگاى سلێمانى یەکەم مۆڵەت لە15ى تشرینى دووەمى 2006، درا بە کۆمپانیایەکى خۆماڵی لە بواری نیشتەجێبوون و خانووبەرە، ئەمەش بە سەرەتایەک داندرا بۆ هاتنە ناوەوەى سەرمایەى بیانی و خستنەگەڕى سەرمایە خۆماڵییەکان.

لەدواى نزیکەى 16 ساڵ، بی ئێن، وەک یەکەمین میدیای ئابوریی کوردستان، شیکاری بۆ سێکتەرى وەبەرهێنان لە کەرتى خانوبەرە دەکات و باس لە گرنگییە ئابورییەکانى دەکات، بە پشتبەستن بە داتا و زانیارییەکانى دەستەی وەبەرهێنانی کوردستان و شیکردنەوەى داتاکان.

وەبەرهێنان لە کوردستان؛

لەنێوان ساڵانی (2006-2021)، لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان لە 13 سێکتەردا ئەنجام دراوە، دابەش بوون بەسەر “بازرگانی 177 پرۆژە، بانکەکان چوار پرۆژە، تەندروستی 62 پرۆژە، پێشەسازی 255 پرۆژە، خزمەتگوزاری 15 پرۆژە، گەشتیاری 179 پرۆژە، گەیاندن چوار پرۆژە، گواستنەوە سێ پرۆژە، فێرکردن 45 پرۆژە، کشتوکاڵی 34 پرۆژە، نیشتەجێبوون 185 پرۆژە، هونەری چوار پرۆژە و وەرزشیش سێ پرۆژە.

کۆى گشتیی پرۆژەکان 998 پرۆژەن، بە سەرمایەی زیاتر لە 59 ملیار دۆلاری ئەمریکی.

هەر وەک لە وێنە شیکارییەکەدا دیارە، بە ڕێژەى 32% و بە بەهاى 19 ملیار دۆلار، زورترین سەرمایە لە سێکتەری پێشەسازیدا وەبەرهێنانى پێوە کراوە، لە ڕیزبەندى دووەمیشدا وەبەرهێنان لە کەرتى خانوبەرە و نیشتەجێبووندا کراوە کە بڕەکەى 17 ملیار دۆلارە، پاشان سێکتەرى هونەری دێت بە چوار پرۆژە و بە بەهاى 18 ملیۆن دۆلار.

زەویی تەرخانکراو بۆ وەبەرهێنان؛

کۆى گشتیی ئەو ڕووبەرە زەوییەى بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمى کوردستان لەو ماوەیەدا تەرخان کراوە، بریتی بووە لە 72 هەزار و 898 دۆنم زەوى لە سەرانسەری هەرێمى کوردستان.

لەو ڕێژەیەش، زۆرترین زەوی بۆ نیشتەجێبوون تەرخانکراوە، کە زیاترە لە 28 هەزار و 484 دۆنمە، دەکاتە 39.1% کۆى ئەو پانتاییەى بۆ وەبەرهێنان تەرخان کراوە.

لە پاش خانوبەرە، زۆرترین زەوى بۆ پێشەسازی تەرخان کراوە کە ڕووبەرەکەى زیاترە لە 12 هەزار و 261 دۆنم.

وەبەرهێنان بەپێی ڕەگەزنامەی وەبەرهێنەران؛

زۆرترین وەبەرهێنان لەلایەن کومپانیا خۆماڵییەکانەوە ئەنجامدراون، بەجۆرێک لە کۆی 989 پرۆژە، 926یان لەلایەن کۆمپانیا خۆماڵییەکانەوە بوون، کۆى سەرمایەکەش زیارت لە 45 ملیار دۆلارە.

کۆمپانیا بیانییەکانیش 42 پرۆژەیان بە سەرمایەی زیاتر لە 9 ملیار دۆلارئەنجام داوە، هەروەها کۆمپانیا هاوبەشەکان 30 پرۆژەیان بە بڕى 3 ملیار دۆلار ئەنجام داوە.

وڵاتە بەشداربووەکان لە وەبەرهێنانی کوردستان؛

لە هەرێمى کوردستان، 15 وڵات بە ئەنجامدانی 42 پرۆژە، بەشدارییان لە وەبەرهێنان کردووە، “تورکیا بە 15 پرۆژە، لوبنان بە نۆ پرۆژە، ئەمریکاش بە چوار پرۆژە، هەر یەکە لە ئەڵمانیا و ئیماراتیش بە دوو پرۆژە“.

سەرمایەی وەبەرهێنراوی بیانی لە هەرێمى کوردستان؛

چین لە پلەی یەکەمدا دێت و بە سەرمایەى 4 ملیار دۆلار وەبەرهێنانى لە هەرێم کردووە، لە پلەى دووەمیشدا ئیمارات دێت بە 2 ملیار دۆلار وەبەرهێنانى کردووە، هەریەکە لە تورکیا و لوبنانیش بە یەک ملیار دۆلار وەبەرهێنانیان کردووە، جۆرجیاش کەمترین وەبەرهێنانی ئەنجام داوە، کە تەنها 600 هەزار دۆلارە.

سەرمایەی وەبەرهێنراو بە هاوبەشی؛

19 وڵات بە هاوبەشى لەگەڵ ژمارەیک کۆمپانیاى خۆماڵى، لە 30 پرۆژەى وەبەرهێناندا لە هەرێمى کوردستان بەشدار بوون.

کۆمپانیا ئێرانییەکان بە بڕى زیاتر لە 2 ملیار دۆلار، وەبەرهێنانی هاوبەشیان کردووە، ئیماراتیش بە 417 ملیۆن دۆلار لەگەڵ کۆمپانیا خۆماڵییەکان وەبەرهێنانى لە هەرێم کردووە، هەریەک لە کۆمپانیا کەنەدی و کۆرییەکان بە سەرمایەى 343 ملیۆن دۆلار و هوڵەندییەکانیش بە سەرمایەى 2 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار لە ڕیزبەندى سێیەم و چوارەم دێن.

بەگوێرەى داتاکانى دەستەى وەبەرهێنان، دابەشبوونى جوگرافیی پرۆژەکانى وەبەرهێنان لە ساڵى 2006ەوە تاوەکو ساڵى 2021، بەمجۆرەن؛

هەولێر، 449 پرۆژە بە بەهای زیاتر لە 35 ملیار دۆلار

سلێمانی، 219 پرۆژە بە بەهای زیاتر لە 16 ملیار دۆلار

دهۆک، 276 پرۆژە بە بەهای زیاتر لە 6 ملیار دۆلار

گەرمیان، 33 پرۆژە بە بەهای زیاتر لە 724 ملیۆن دۆلار

راپەڕین 17 پرۆژە بە بەهای زیاتر لە 249 ملیۆن دۆلار

هەڵەبجە، چوار پرۆژە بە بەهای زیاتر 17 ملیۆن دۆلار

سەرمایەی وەبەرهێنراو لەنێوان ساڵەکانی 2006 تاوەکو 2021؛

ساڵی 2012 زۆرترین پرۆژە لە هەرێمى کوردستان ئەنجامدراون، کە ژمارەیان دەگاتە 126 پرۆژە، هەروەها لە ساڵی 2013 زۆرترین سەرمایە وەبەرهێنراوە لە 108 پرۆژەدا، کە زیاتر بووە لە 10 ملیار دۆلار، کەمترین پرۆژەو سەرمایەش لە ساڵی 2006 بووە چونکە ساڵى دەستپێکردنى بوارەکە بووە.

دەرئەنجام؛

هەریەک لە بوارەکانى پیشەسازى و گەشتیاری لە هەرێمى کوردستان، تا ئێستاش لە سەرەتادان، هەر بۆیە لە ساڵى 2021، بە بەهای زیاتر لە 6 ملیار دۆلار، کەلوپەل هاوردەى ناوخۆى هەرێم کراون.

هەرچەندە هیچ داتایەکی فەرمیی نوێ لەبارەی ژمارەى کرێچییەکانى هەرێمى کوردستان و بێکاری بەردەست نییە، بەڵام دۆخی هاوڵاتییان پێمان دەڵێن، هەردوو ڕێژەکە بەرزن.

زیاتر لە 78%ى کڕایارانى یەکەکانى نیشتەجێبوون، خەڵکانى بیانین، ئەمەش لەلایەن شارەزایانەوە بە مەترسیی ناو براوە چونکە دەبێتە هۆى “گۆڕینى دیمۆگرافیای هەرێمی کوردستان“.

تا ئێستاش یاسای وەبەرهێنان جێبەجێنەکراوە، کە دەبێت “هەر پرۆژەیەک 75%ى ئەوانەى کاری تێدا دەکەن خۆماڵى بن”.

کومپانیا بیانییەکان، تا ئێستا هۆکارێک نەبوون بۆ ئەوەى کارامەیی وتەکنەلۆژیای سەردەم بۆ هەرێمی کوردستان بگوازنەوە.

کرێکارە خوماڵییەکان، ئەوانەى لە پرۆژەکاندا کار دەکەن، بەردەوام گازندەى ئەوە دەکەن، وەک کرێکاری ژمارە دوو مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، بە کرێیەکی کەمتر و هێزێکی زۆرتر کار دەکەن.

کەرتى گەشتیاریش ڕوو لە بوژاندنەوەیە، بۆیە دەبێت گرنگی بە گەشتیاریی زستانەوە و ئایینی بدرێت، ژینگەی هەردووکیان ئێستا لەبارە.

پێویستە پرۆژەکانی وەبەرهێنان دابەش بکرێن بەسەر هەموو شار وشارۆچکەکاندا، ئەوەی بینراوە، تا ئێستا زۆربەى پرۆژەکان بەتایبەت خانوبەرە، لە سەنتەری شارەکان ئەنجامدراون.

لە نوێترین ڕێبەری دەستەی وەبەرهێنانى هەرێمى کوردستاندا هاتووە، زیاتر لە هەزار و 500 دەرفەتی وەبەرهێنان هاتوون، ئەوەی جێگای دڵخوشییە،ئەوەیە کە زۆربەى ئەو دەرفەتانە، لە کەرتە ستراتیژییەکانن، زۆرترین دەرفەتی کاری بەردەوام دەڕەخسێنن، لەوانە “پێشەسازی وگەشتیاری و کشتوکاڵی، جگە لە پرۆژە گەورەکانى وەک بەنداو و ڕێگاوبان و بەستنەوەی شارەکان بە گواستنەوەی سەردەم و خێرا.

Back to top button
نەوتی خاوی برێنت 
$70.80  $0.2  0.28%  
نەوتی خاوی ئەمريکی 
$67.26  $0.12  0.18%  
زێڕ 
$2,785.00  $29.10  1.06%  
یەک ئۆنسە زیو 
$31.42  $0.685  2.23%  
گازی سروشتی  
$2.36  $0.046  1.99%  
گازۆلین 
$1.95  $0.0173  0.88%  
ئەلەمنیۆم 
$2,649.00  $1.00  0.04%  
زەیتی گەرمکردنەوە 
$2.14  $0.0114  0.54%