بە هێڵى ئاسنی عێراق و ئێران پێکەوە دەبەسترێنەوە
درێژیی هێڵەکە 32 کیلۆمەترە
وەزیرى ڕێگاوبان و شارسازیی ئێران ئاشکرایکردووە، لە دوو مانگى داهاتوودا، ئەو کۆمپانیایە دروست دەکرێت، کە هێڵى ئاسنیی نێوان وڵاتەکەى و عێراق بوونیاد دەنێت.
ڕۆستهم قاسمی، وهزیری ڕێگاوبان و شارسازیی ئێران بە تەلەفزیۆنى فەرمیی وڵاتەکەى ڕاگهیاند، بەستنەوەى عێراق و ئێران لەڕێی هێڵى شەمەندەفەرەوە، “گرنگیی گەورەى هەیە”، به تایبهت بۆ گواستنهوهی کاڵا و شمەک و گەشتیارانى چلەى ئیمام حسێن.
وەزیرە ئێرانییەکە ئەوەشى خستوەتەڕوو، لەگەڵ عێراق ڕێککەوتوون بۆ ئەوەى لە دوو مانگى داهاتوودا کۆمپانیایەکى هاوبەشى نێوان هەردوو وڵات دروست بکرێت، بە مەبەستى دەستکردن بە کارى بونیادنانى هێڵەکە، ئەو کۆمپانیایە کارى وەبەرهێنان و بەکارکردنى پرۆژەکەى لە ئەستۆ دەبێت.
لەبارەى وردەکاریی پرۆژەکەوە قاسمى ئاشکرای کردووە، درێژیی هێڵەکە 32 كیلۆمهتره و ژمارهیهك پرد و وێستگهش لهناو خاكی عێراق و ئێران لهخۆدهگرێت.
ماوەى جێبەجێکردنى پڕۆژهكه زیاترە له دوو ساڵ، تێچووەکەشى له 100 بۆ 120 ملیۆن دۆلارە و بە یەکسانى لەنێوان هەردوو وڵات دابین دەکرێت، وەک وەزیرى ڕێگاوبان و شارسازیی ئێران خستویەتییەڕوو.
باسی لەوەشکردووە، یەکێک لە کێشەکانى بەردەم پرۆژەکە، بوونى ئەو ژمارە زۆرە مینەیە کە لە سنوورى نێوان هەردوو وڵات هەیە، بۆیە چەند تیمێکى شارەزا هەڵدەستن بە پاککردنەوەی.