ساڵی 2021 بۆ زێڕی ڕەش ساڵێکی باش بوو
بەرزترین ئاستى تۆمار کردووە لە ساڵى 2016ەوە
نرخى نەوت بە هێماى سورەوە ساڵى 2021ى بەجێهێشت، نرخى یەک بەرمیل نەوتى خاوى برێنت بە ڕێژەى 2.20% دابەزى، بەڵام نرخى گازى سروشتی بە ڕێژەیەکى زۆر بەرز بووەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 1ى کانونى دوەمى 2022، لەکاتى داخستنى بازاڕ، نرخى یەک بەرمیل نەوتى برێنت لە77 دۆلار و 78 سەنتدا جێگیر بوو، بە رێژەى 2.20% دابەزیوە.
هەروەها بە هەمان شێوە نرخى نەوتى ڕۆژئاواى تەکساس (ئەمریکى)، بە ڕێژەى 2.31% دابەزى، یەک بەرمیلى لە 75 دۆلار و 21 سەنت جێگیر بوو.
ساڵى 2021 بۆ نرخى نەوت چۆن بوو؟
لە دەستپێکى ساڵى 2021، یەک بەرمیل نەوتى خاوى برێنت، بەرامبەر بوو بە 50 دۆلار، نەوتى ڕۆژئاواى تەکساسیش لە دەوروبەرى 45 دۆلاردا بوو.
بەگوێرەى شیکارییەکانى بی ئێن بۆ داتاکانى نەوت لە ساڵى 2021دا، نرخى نەوتى برێنت لەو ساڵەدا بە ڕێژەى 51.48% بەرز بووەتەوە، لە مانگى کانونى یەکەمیشدا بە ڕێژەى 12.86% نرخەکەى بەرز بووەتەوە.
هەروەها نەوتى ڕۆژئاواى تەکساس، لە کۆى ساڵەکەدا نرخەکەى بە ڕێژەى 58.34% بەرز بووەتەوە، لە مانگى کانونى یەکەمیشدا بە ڕێژەى 15.34% بەرز بووەتەوە.
ئاژانسى ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، لە ساڵى 2016ەوە، هیچ ساڵێک هێندەى ساڵى 2021، ساڵێکى باش نەبووە بۆ نرخى نەوت.
بەگوێرەى نرخى تۆمارکراوى هەردوو گرێبەستەکەى نەوت، دەردەکەوێت مانگى تشرینى یەکەمى ساڵى 2021، بەهێزترین مانگ بووە بۆ نرخى نەوت، بەجۆرێک یەک بەرمیل نەوتى برێنت 86 دۆلار و 70 سەنتى تۆمار کرد، کە لە ساڵى 2018ەوە نەگەیشتووەتە ئەو نرخە، نەوتى ئەمریکیش گەیشتە 85 دۆلار و 41 سەنت، بەرزترین ئاستى بوو لە ساڵى 2014ەوە.
جۆن کیڵدۆف، هاوبەشى کۆمپانیاى ئەگەین کاپیتاڵ مانجمەینت لە نیویۆرک ڕایگەیاندووە، “ساڵى 2021، ساڵى بوژاندنەوەیەکى نێودەوڵەتی بوو بۆ بەرهەمە نەوتییەکان”.
ئاماژەى بەوەشکردووە، “هێشتا بازاڕى نەوت کارلێکى گەورە دەکات لەگەڵ پێشهاتەکانى پەتاى کۆرۆنا، هێشتا لە قۆناغى مەترسیدار دەرنەچووین، بەڵام نزیکین لەوەى کە خواست لەسەر نەوت بگەڕێنینەوە پێش پەتاى کۆرۆنا”.
خواست لەسەر نەوت لە ساڵى 2022دا
لە ساڵى 2021، خواست لەسەر نەوت زیادى کرد، هۆکارەکەشى بوژاندنەوەى ئابوریی جیهان بوو لەپاش کۆرۆنا، شارەزایانى بازاڕ پێشبینى دەکەن، لە ساڵى 2022، خواست لەسەر نەوت ژمارەى پێوانەیی تۆمار بکات.
لە ساڵى 2022دا ناوەندى نرخى یەک بەرمیل نەوت 85 دۆلار دەبێت
ئاژانسى وزەى نێودەوڵەتی پێشبینى کردووە، لە ساڵى 2022دا خواست لەسەر نەوتى خاو بۆ 99 ملیۆن و 530 هەزار بەرمیلى ڕۆژانە بەرز ببێتەوە، لەکاتێکدا لە ساڵى 2021دا 96 ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل بووە، لە ساڵى 2019 پێش کۆرۆنا، خواستى جیهان بۆ نەوت 99 ملیۆن و 550 هەزار بەرمیلى ڕۆژانە بووە.
بەنک ئۆف ئەمریکا پێشبینى ئەوەى کردووە، لە ساڵى 2022دا ناوەندى نرخى یەک بەرمیل نەوت 85 دۆلار بێت.
بەڵام ئەوەش نەشاردراوەتەوە، لە ئەگەرى بڵاوبوونەوەى زیاترى ئۆمیکرۆن، جۆرە نوێیەکى کۆرۆنا، بازاڕ دوچارى داڕمان دەبێتەوە، ئەوەش سەر بۆ دابەزینى نرخى نەوت و کەمبوونەوەى خواست لەسەرى دەکێشێت.
نرخى گازى سروشتیش بەدەر نەبوو لە بەرز و نزمى
گازى سروشتى جیاواز لە نەوت نرخەکەى بە ڕێژەى 4.75% بەرز بووەوە، یەک ملیۆن یەکەى گەرمۆکەى بە سێ دۆلار و 73 سەنتە.
نرخى گازى سروشتى بۆ تەواوى ساڵى 2021، بە ڕێژەى 45.56% بەرزبووەتەوە، بەڵام لە دواین مانگى ساڵەکەدا، بە ڕێژەى 10.29% دابەزیوە.