چۆن خۆت بۆ چاوپێکەوتنى کار ئامادە دەکەیت بە باشترین شێواز؟

هەموو شت لەبارەى چاوپێکەوتنى کارەوە

ڕەنگە چاوپێکەوتنى کار وەک دێوەزمەیەک لەلایەن هەموو ئەوانەوە تەماشا بکرێت کە بەدواى کاردا دەگەڕێن، بەڵام خۆئامادەکردنێکى باش و وەرگرتنى ئامۆژگاری بۆ ئامادەکارییەکان و پیشاندانى تواناکانى خۆت، ڕەنگە دەستپێکێکى باش بێت بۆ ئەوەى سەرنجى ئەوانە ڕابکێشیت کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ دەکەیت.

بۆچى چاوپێکەوتنى کار (Job Interview) گرنگە؟

چاوپێکەوتنى کار دەرفەت دەدات بە خاوەن کار و کۆمپانیاکان، بۆ ئەوەى بۆیان دەربکەوێت کە ئەو کەسەى داواى کارەکەى کردووە، کەسێکى گونجاوە بۆ ئەو شوێنە یاخود نا، هەروەها بۆ ئەو کەسەشى بەدواى کارەکەدا دەگەڕێت بە هەمان شێوە دەرفەتە بۆ ئەوەى دڵنیابێت لەوەى ئەو شوێنە بۆ ئەو گونجاوە.

لەکوێ چاوپێکەوتن ئەنجام دەدرێت؟

باوترین جۆرى چاوپێکەوتنى کار (چاوپێکەوتنى ڕوبەڕوو)ە، هەروەها چاوپێکەوتنى ئۆنلاینیش هەیە کە ڕەنگە بە پەیوەندیی تەلەفۆنى بێت یان پەیوەندیی ڤیدیۆیی، بەتایبەت لە دواى پەتاى کۆرۆناوە چاوپێکەوتنى ئۆنلاین لە جیهاندا زیاتر پەیڕەو دەکرێت و چەندین بەرنامەش بۆ ئەو مەبەستە هەن وەک (سکایپ، زووم)، بەڵام لە هەرێمى کوردستان و عێراق، زیاتر چاوپێکەوتنى ڕوبەڕوو پەیڕەو دەکرێت.

جۆرەکانى چاوپێکەوتنى کار

چاوپێکەوتنى کار چەند جۆرێکى جیاوازى هەن کە کۆمپانیاکان پەیڕەوى دەکەن، ئەو کەسەى کاتى چاوپێکەوتنى بۆ دیارى دەکرێت دەبێت خۆى بۆ ئامادە بکات، کە ئەمانەن..

چاوپێکەوتنى یەک بە یەک

چاوپێکەوتنەکەت ڕەنگە لەگەڵ تەنها یەک کەسى نێو ئەو دامەزراوەکە بێت، ئەمەش زۆرجار ڕوبەڕوو دەبێت و زیاتر کۆمپانیا و شوێنە بچوکەکان پەیڕەوى دەکەن.

چاوپێکەوتنى پانێڵ (زیاتر لە یەک کەس)

لەم جۆرەیاندا، دوو کەس یان زیاتر لە دوو کەس چاوپێکەوتنت لەگەڵدا دەکەن، دڵنیابەرەوە لەوەى تەماشاى سەرجەمیان بکەیت و پرسیارى سەرجەمیان بە هەند وەربگرە، کە وەڵامى پرسیارەکانیش دەدەیتەوە، تەماشاى هەموویان بکە و چاو مەخەرە سەر تەنها یەک کەسیان.

چاوپێکەوتن یان گفتوگۆى بەکۆمەڵ (گروپ)

گفتوگۆى بەکۆمەڵ، ڕەنگە لەگەڵ ژمارەیەک لە ڕکابەرەکانت ئەنجام بدرێت، واتا ئەو کەسانەى کە کاندیدن بۆ بەدەستهێنانى کارێک پێکەوە دادەندرێن، لێرەدا تۆ پێویستە تواناى خۆت پیشان بدەین و هەوڵبدەیت هێزى خۆت دەربخەیت بەبێ ئەوەى بێڕێزى بە ڕکابەرەکانت بکەیت.

ئەو پرسیارانە چین کە لە چاوپێکەوتنى کار لێت دەکرێن؟

یەکەم- پرسیار لەبارەى ئەزمونت

ئەم جۆرە پرسیارە تیشک دەخاتە سەر تواناکانى تۆ و تا چەند دەتوانیت چیان بۆ بکەیت، بۆیە پێویستە نمونەکان لەبارەى خۆتەوە باس بکەیت و توانا و لێهاتووى خۆتیان بۆ باس کەیت بەبێ زیادەڕۆیی، ئەگەر ژینگەى کارى پێشترت نەبووە و ئەزمونى کارت نییە، دەتوانیت باس لە ژیانى ڕۆژانەت بکەیت.

دووەم- پرسیار لەبارەى لێهاتووییت

لێرەدا لەڕێی چەند پرسیارێکەوە هەوڵدەدەن بۆیان دەربکەوێت، تۆ لە چیدا لێهاتوویت و چێژ دەبینیت لە ئەنجامدانیان، بۆ نمونە، کارکردن بە تیم، کارکردن لەژێر فشاردا یان بە کردەوە دەتوانیت چی بکەیت.

سێیەم- پرسیارى تەکنیکى

ڕەنگە پرسیارت لەبارەى تواناکانت لە بەشێکى کارەکەت لێبکرێت و تەنانەت تاقیکردنەوەى پراکتیکیش بکرێیت، کە ئەم جۆرە پرسیارانە زیاتر بۆ ئەو کارەن کە لەم بوارانەن..

– زانستى

– ئاى تى و کۆمپیوتەر

– دارایی و ژمێریارى

– ئەندازیارى

– یاسا

چوارەم- پرسیار لەبارەى حکومدان لە باردوخۆى جیاواز

لەم بەشەدا ڕەنگە پرسیارت لێ بکرێت بۆ ئەوەى کاردانەوە و وەڵامى تۆ بزانن لەبارەى دۆخێکى دیارى کراو لە بارودۆخێکى جیاوازى نێو کۆمپانیاکە، بۆ ئەوەى تاوانى تۆ لە چارەسەرکردنى قەیرانەکان بزانن، هەروەها بۆیان دەربکەوێت تا چەند تۆ دەتوانین بڕیار بدەیت.

پێنجەم- پرسیار لەبارەى بنەما و بەهاکان

پرسیارت لێ دەکرێت بۆ ئەوەى بزاندرێت تا چەند هاوبەشى بەهاکانى کۆمپانیاکەیت و لەگەڵ کلتورى ئەوان دەگونجێیت.

شەشەم- پرسیارى هاندان

بۆ ئاشکراکردنى ئەو شتانەن کە دەبنە پاڵنەر بۆ بەرەوپێشبردنى تواناکانى تۆ بۆ ئەنجامدانى کارى باشتر.

تێبینى- ڕەنگە هەندێک جار پرسیارت لێ بکرێت بۆ ئەوەى جڵەو لەدەست بدەیت، هەروەها پرسیاریشت لێ دەکرێت لەبارەى پێشبینیی تۆ بۆ موچەى چاوەڕوانکراو، بۆیە دەبێت باش خۆت ئامادە بکەیت بۆ ئەو جۆرە لە پرسیار.

چۆن خۆت ئامادە دەکەیت بۆ چاوپێکەوتنى کار

ئەگەر لەبارەى کاتى چاوپێکەوتنەکەت پرسیارت لێ کرا، ئەوا کاتێک هەڵبژێرە کە بتوانیت خۆت ئامادە بکەیت، ئەگەریش ئەوان کاتیان بۆ دیارى کردیت، سوود لەو کاتەى لە بەردەستە بیبینە و خۆت ئامادە بکە بۆ چاوپێکەوتنەکە لەڕێی ئەم چەند خاڵەوە..

– دەبێت لەکاتى خۆیدا ئامادە بیت بۆ چاوپێکەوتنەکە لە شوێنى دیارى کراو، بۆ ئەوەى تووشى شڵەژان نەبیت، وا باشترە پێنج بۆ 10 خولەک پێش کاتەکە لەوێ ئامادە بیت.

– بۆ ئەوەى لە نیگاى یەکەمدا ببیتە جێی سەرنجى ئەوانەى چاوپێکەوتنە لەگەڵ دەکەن، جلوبەرگێکى فەرمى لەبەر بکە، وەک کراس و چاکەت و پانتۆڵ.

– وردەکاریی هەلى کارەکە بخوێنەرەوە و دڵنیابەرەوە لەوەى ئەوان چ جۆرە کەسێکیان دەوێت و ئەو توانا و لێهاتووییە چییە کە داوایان کردووە.

– زانیاری لەسەر کۆمپانیا یان ئەو شوێنە کۆبکەرەوە کە چاوپێکەوتنت لەگەڵ دەکەن، پلان و ئامانج و جۆرى کارەکانى بە وردى بخوێنەرەوە.

– بە جوانى تەماشاى سی ڤییەکەى خۆت بکە و بیر لە هەر جۆرە پرسیارێک بکەرەوە کە ئەگەرى هەیە لێت بکرێت.

– هەندێک نمونە ئامادە بکە کە تیایاندا توانا و لێهاتووییەکانى خۆت دەربخەیت، توانا کەسییەکان و ئەزمونەکانت.

– هەوڵدە خۆت لەسەر کورتبڕى و پوختەکردنى قسەکانت ڕابهێنەوە و کۆپییەکى سی ڤییەکەت با لە بەردەستى خۆت هەبێت.

– لەگەڵ کەسێکى خۆت کە جێی متمانەت بێت ڕاهێنان بکە لەسەر وەڵامدانەوەى پرسیارەکانت.

– بیر لە دوو بۆ سێ پرسیار بکەرەوە کە ڕەنگە لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەدا لەبارەى پەرۆشیت بۆ کارەوە لێت بکرێت.

لەکاتى گەیشتن بە شوێنى چاوپێکەوتن ئەم خاڵانە ئەنجام بدە

– مۆبایلەکەت بکوژێنەرەوە

– خۆت هێور بکەرەوە و هەناسەت ڕێکبخەرەوە

– زەردەخەنە بکە و بە جوانى سڵاو لەو کەسانە بکە چاوپێکەوتن لەگەڵ دەکەن

– داواى ئاوى خواردنەوە بکە ئەگەر پێویستت بوو

Back to top button
نەوتی خاوی برێنت 
$71.10  $0.1  0.14%  
نەوتی خاوی ئەمريکی 
$67.55  $0.17  0.25%  
زێڕ 
$2,780.00  $24.10  0.87%  
یەک ئۆنسە زیو 
$31.35  $0.62  2.02%  
گازی سروشتی  
$2.27  $0.043  1.86%  
گازۆلین 
$1.95  $0.0129  0.66%  
ئەلەمنیۆم 
$2,638.75  $12.00  0.46%  
زەیتی گەرمکردنەوە 
$2.13  $0.0051  0.24%