ئەو 20 وڵاتەى زۆترین یەدەگى زێڕی جیهانیان لایە
لەماوەى شەش مانگدا بانکە ناوەندییەکانى وڵاتان 270 تۆن زێڕیان کڕیوە
لە ئاستى جیهاندا، بانکە ناوەندییەکانى وڵاتان بەردەوامن لە زیادکردنى یەدەگى زێڕ، لە شەش مانگى سەرەتاى ئەمساڵ، وڵاتان 270 تۆن زێڕیان بۆ یەدەگەکانیان زیاد کردووە.
ئادەم گلابینسکى، پارێزگارى بانکى ناوەندیی پۆڵەندا کە لەم ساڵانەى دواییدا زۆرترین زێڕیان کڕیوە، ڕایگەیاندووە، “زێڕ پارێزراوترین هەبووى یەدەگکراوە، هەروەها بۆ مەترسییە جیۆسیاسییەکان بە کەنارى ئارامى دادەندرێت، بە تایبەت لەکاتى شڵەژان و قەیراندا”.
لەلایەکى دیکەوە، وتەبێژى بانکى هەنگاریا ئاماژەى بەوەکردووە، زێڕ، جێگیریی بازاڕى دارایی مسۆگەر دەکات و متمانەى بازاڕ زیاد دەکات.
بەگوێرەى داتاکانى پێگەى schiffgold، گەورەترین کڕیارى زێڕ لەم چەند ساڵەى دواییدا، هەریەک لە وڵاتانى، “پۆڵەندا، هەنگاریا، کازاخستان، ئۆزپاکستان، تورکیا و هیندستان”ن.
ئەمەش ڕیزبەندى 20 گەورەترین وڵاتن لەڕووى هەبوونى یەدەگى زێڕەوە..
ئەمریکا- 8 هەزار و 133 تۆن و 500 کیلۆگرام
ئەڵمانیا- 3 هەزار و 355 تۆن و 100 کیلۆگرام
ئیتاڵیا- 2 هەزار و 451 تۆن و 800 کیلۆگرام
فەڕەنسا- 2 هەزار و 436 تۆن و 600 کیلۆگرام
ڕوسیا- 2 هەزار و 298 تۆن و 500 کیلۆگرام
چین- هەزار و 948 تۆن و 300 کیلۆگرام
سویسرا- هەزار و 40 تۆن
یابان- 846 تۆن
هیندستان- 768 تۆن و 800 کیلۆگرام
هۆڵەندا- 612 تۆن و 500 کیلۆگرام
تورکیا- 457 تۆن و 700 کیلۆگرام
تایوان- 423 تۆن و 600 کیلۆگرام
کازاخستان- 383 تۆن و 900 کیلۆگرام
پرتوگال- 382 تۆن و 600 کلیۆگرام
ئۆزپاکستان- 363 تۆن و 900 کیلۆگرام
سعودیە- 323 تۆن و 100 کلیۆگرام
بەڕیتانیا- 310 تۆن و 300 کیلۆگرام
لوبنان- 286 تۆن و 800 کیلۆگرام
ئیسپانیا- 281 تۆن و 600 کیلۆگرام
نەمسا- 280 تۆن
لەپاڵ ئەو وڵاتانەدا، سندوقى نەختى نێودەوڵەتى خاوەنى 2 هەزار و 814 تۆن یەدەگى زێڕە، ئەگەرى وەک وڵاتێک دابندرێت، ئەوا لە ڕیزبەندى سێیەمى وڵاتان دێت لەڕووى بوونى زۆرترین یەدەگى زێڕەوە، هەروەها بانکى ناوەندیی یەکێتیی ئەوروپا، خاوەنى 504 تۆن و 800 کیلۆگرام زێڕى یەدەگە.
کۆى ئەو زێڕەى وەک یەدەگ لەلایەن وڵاتان و دامەزراوەکانەوە هەڵگیراوە لە جیهاندا، 31 هەزار و 695 تۆن زێڕە، وەک پێگەى worldpopulationreview بڵاویکردووەتەوە.
عێراق لەکوێی ڕیزبەندییەکاندایە؟
بەگوێرەى نوێترین ڕاگەیەندراوى ئەنجومەنى زێڕى جیهانییەوە، عێراق لە ڕیزبەندى 30یەمى ئەو وڵاتانەیە کە زۆترین زێڕیان یەدەگ کردووە.
هەروەها ئەوەشى ئاشکرا کردووە، عێراق خاوەنى 130 تۆن و 400 کیلۆگرام زێڕى یەدەگە، بەوەش بە چوارەم گەورەترین وڵاتى عەرەبى دێت لەڕووى بوونى ئەو یەدەگەوە.
هۆکارى سەرکەوتنى عێراق لەو ڕیزبەندییانەدا، کڕینى 34 تۆن زێڕە، وەک لە ڕاگەیەندراوێکى بانکى ناوەندیی عێراقدا هاتووە، کە کڕینى ئەو بڕە لە زێڕ، هۆکار بوو بۆ زیادبوونى زێڕى عێراق بە ڕێژەى 35%.