هەڵمەتێکى جیهانى دەستى پێکردووە بۆ ئەوەى کارکردن بکات بە چوار ڕۆژ لە هەفتەیەکدا
لە هەرێم چەند ڕۆژ کار دەکرێت؟
هەزاران کارمەند و کرێکار لە بەڕیتانیا، بۆ ماوەى شەش مانگ کارکردنیان لە هەفتەیەکدا دەبێتە چوار ڕۆژ، ئەوەش وەک تاقیکردنەوەیەکەیەک دەبێت.
بەشێکى زۆرى وڵاتانى پێشکەوتوو، سیستمى کارکردنیان (5-7)ە، واتا لە هەفتەیەکدا، پێنج ڕۆژ کارکردن و دوو ڕۆژ پشوو، بەڵام ئێستا دامەزراوەى “4 Day Week Global” هەڵمەتێکى جیهانی دەستپێکردووە، بە مەبەستى ئەوەى کارکردن لە هەفتەیەکدا بکات بە چوار ڕۆژ.
لە نوێترین هەنگاودا، 70 کۆمپانیا لە بەڕیتانیا بڕیاریانداوە، وەک تاقیکردنەوەیەک، بۆ ماوەى شەش مانگ، کارکردن لە هەفتەیەکدا بکەن بە چوار ڕۆژ، هەرچەندە کاتى کارکردنى کارمەندەکانیان کەمدەکەنەوە، بەڵام موچەى 100%یان پێدەدەن، کە ئەوەش بەشێکە لە پلانى 4 Day Week Global.
چوار ڕۆژ لە هەفتەیەکدا، دامەزراوەیەکى قازانجنەویستە، لە ساڵى 2018ەوە لە جیهاندا چالاکییەکانى دەستپێکردووە، بۆ ئەوەى کارکردن بکات بە چوار ڕۆژ لە هەفتەیەکدا.
سینا ئۆرۆرک، بەڕێوەبەری براند لە کۆمپانیای پرێشەر درۆپ بریوینگ لە لەندەن، کە یەکێکە لەو 70 کۆمپانیایە، بە سی ئێن ئێن بزنسی وتووە، گەورەترین ئامانجی کۆمپانیاکەیان، باشترکردنی لایەنى دەرونی و تەندروستیی کارمەندەکانیانە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “پەتای کۆرۆنا بووە هۆى ئەوەى، بیر لەوە بکەینەوە، خەڵک چۆن ژیانیان ڕێکدەخەنەوە، ئێمە ئەم کارە دەکەین بۆ باشترکردنی ژیانی ستافەکەمان و بەشێک بین لە گۆڕانکارییەکی پێشکەوتووانە لە جیهاندا”.
ئەوە لەکاتێکدایە، پێشتر لەنێوان ساڵانى 2015 تا 2019، لە ئایسلەندا، گەورەترین تاقیکردنەوەی کەمکردنەوەى ڕۆژانى کارکردن ئەنجامدرا، کە 2 هەزار و 500 کارمەند بەشدار بوون تیاییدا.
دەرئەنجامى ئەو تاقیکردنەوەیە ئەوە بوو، ئاستى بەرهەمهێنان بە هیچ جۆرێک دانەبەزى، لە بەرامبەردا، ئاستى خۆشگوزەرانیی کارمەندان زۆر بەرز بووەوە، وەک سی ئێن ئێن بزنس باس لێوە کردووە.
ئێستا، لە دەیان وڵات، دامەزراوەى چوار ڕۆژ لە هەفتەیەکدا، هەڵمەتەکانى دەستپێکردوون، بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵدا بە پشتیوانیی حکومەت لە ئیسپانیا و سکۆتلەندا، تاقیکردنەوەى چوار ڕۆژ کارکردن لە هەفتەیەکدا ئەنجام بدەن.
جۆ ئۆکۆنۆر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری 4 Day Week، ڕایگەیاندووە، کرێکارەکان نیشانیان داوە کە دەتوانن “کورتتر و زیرەکتر” کار بکەن.
ڕۆژانى کارکردن لە هەرێم چۆنە؟
کەرتى تایبەت لە هەرێمى کوردستان شەش ڕۆژ لە هەفتەیەکدا کار بە کارمەندەکانیان دەکەن، تا ئێستا دەستپێشخەرییەک بەدى ناکرێت بۆ کەمکردنەوەى ڕۆژانى کارکردن، بەڵام لە کەرتى گشتى ڕۆژانى هەینى و شەممە، پشوون.
وەلید عەزیز، ئابوریناس لە پەڕەى کارامەیی لە کار بو بەڕێوەبردندا لە فەیسبووک نوسیویەتى، “باشە هەر بەجدی کەی ئێمەش، پێنج ڕۆژ بۆ کارکردنی جدی و دوو ڕۆژ وەک پشووی هەفتە دیاری دەکەین؟”.
لە درێژەى نوسینەکەیدا ئاماژەى بەوەشکردووە، “لە هەرێمى کوردستان، کۆمپانیا تایبەتەکان شەش ڕۆژ دەوام دەکەن، کە ئەمەش خراپە، بەبێ توێژینەوەش دیارە کە پێنج ڕۆژی کارکردنی جدی لە شەش ڕۆژی شەکەت بەرهەمدارترە”.
“ئاخر مرۆڤ ڕۆبۆت نییە یەک ڕۆژی هەبێت کە تەنانەت فریای خەوێکی باشیش ناکەوێت، چجا پشویەک، چونە دەرەوەیەک، کارێکی تایبەت، هەر بەوەی کە شەش ڕۆژ دەوامت هەیە لە کاردەکەویت، تەنانەت ئەگەر کاری زۆریش نەکەیت”، وەک وەلید عەزیز نوسیویەتى.
ڕوو لە کۆمپانیاکان دەکات و دەڵێت، “کۆمپانیاکان، دڵنیاتان دەکەم بە شەش ڕۆژ کارکردن بەرهەم کەمدەکەنەوە”.
لەلایەکى دیکەوە، دکتۆر کامەران قادر، مامۆستاى زانکۆ و ئابوریناس بە بی ئێن-ى ڕاگەیاند، “لە ڕاستیدا، چوار ڕۆژ لە هەفتەیەکدا، پێموایە کاتێکى کەمە و ئاستى بەرهەم دادەبەزێنێت، بەڵام دەکرێت بە ستاندارى جیهانى کار بە کارمەندان و کرێکاران بکرێت، کە 40 کاتژمێرە لە هەفتەیەکدا”.