چیرۆکى ئەو ژنە ئۆکرانییەى لە خەمى مریشکەکانیدا بوو
موشەکێکى ڕوسی هێلانەى مریشکەکانى تێکشکاند
پاش ڕزگاربوونى لە جەنگى جیهانیی دووەم و چەندین ڕوداوی دیکەى مێژوویی، زینەیدا، لە هێرشەکانى ڕوسیا ڕزگاری بووە پاش ئەوەى خانووەکەى موشەکێکى بەر دەکەوێت.
زینەیدا ماکیشاڤیاى تەمەن 82 ساڵ، ژنێکى ئۆکرانییە و لە بۆرۆدیانکا باکورى ڕۆژئاواى کیەڤ پایتەختى ئۆکرانیا دەژێت، ئەو هیچ شۆک نەبووە بە دەرکەوتنى تانکەکانى ڕوسیا لە گەڕەکەکەیان و هێرشەکانى ئەو وڵاتە بۆ سەریان، چونکە بە چاوى خۆى جەنگى جیهانیی دووەمى بینیوە.
موشەکێکى سوپاى ڕوسیا چواردەورى ماڵەکەى زینەیدا بە ئامانج دەگرێت و هێلانەى مریشکەکانى تێک دەشکێنێت، ئەویش زۆر بە خێرایی لە خەمى ئەوەدا دەبێت مریشکەکانى ڕزگار بکات.
لەوبارەیەوە ژنە ئۆکرانییەکە بە ئاژانسى ڕۆیتەرزى وتوە، “کە موشەکەکە بەر هێلانەکە کەوتوو دەرگاکەى شکا، مریشکەکانم بردە نێو خانووەکەى خۆمەوە، چونکە پێویستم بە شتێک دەبێت بیخۆم، هیچ شتێک نییە بیخۆم جگە لە پەتاتە، نە ئاو هەیە نە گاز هەیە نە هیچ شتێک”.
هێرشەکانى ڕوسیا بۆ سەر وڵاتەکەى، هیچى لە ڕوداوەکانى دیکەى ژیانى ژنە ئۆکرانییەکە کەمتر نییە، چونکە بەهۆى ئەو هێرشانەوە هەندێک لە دراوسێکانى کوژراون و هەندێکى دیکەش هەڵهاتوون، بەڵام ئەو بڕیارى داوە، خانووەکەى بەجێ نەهێڵێت.
زینەیدا باسى لەوە کردووە، “ترسان بەس نییە بۆ ئەوەى هەستى خۆم دەرببڕم و بیگێڕمەوە کە چیم بەسەر هاتووە، هەستم کرد مردووم، ڕوسیا بە سێ شەپۆل هێرشیان کردە سەرمان، لە یەکەم شەپۆلدا، سەربازە ڕوسییەکان هاتنە ماڵەکەم و پێیان وتم ‘لە ماڵەکەتدا بمێنەرەوە نەیەیتە دەرەوە هەى سۆزانى’، منیش وتم بشمکوژن ئێرە جێناهێڵم”.
ڕزگارکردنى مریشکەکان، هەنگاوێکى ژیرانەى ژنە بەتەمەنەکە بووە، چونکە بەردەوام هێلکەى لێنەبڕاوە.
ئێستا بەشێک لە ڕوداوە ناخۆشەکانى هێرشەکانى مانگى ئازارى ڕوسیا بۆ سەر ناوچەکانى زینەیدا، بە تایبەت چەند ڕۆژى سەرەتاى هێرشەکان، بوونەتە یادگاریی لەلایى وەک خۆى باسى لێوە کردووە، بەڵام هێشتا نازانێت چارەنوسى وڵاتەکەى دەگات بە کوێ.