هەموو شت لەبارەى داهاتى نەوتى هەرێمى کوردستانەوە

ئەو داتایانەى خراونەتەڕوو چی دەڵێن؟

ڕاپۆرتى شیکارى

لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا نرخى نەوت گەیشتە ئاستێک کە ماوەى نۆ ساڵە بەو جۆرە نەبووە، کە یەک بەرمیل 119 دۆلاى تێپەڕاند، بەڵام گەیشتنى نەوت بەو نرخە، هاوشانى بازاڕەکانى جیهان، هەرێمى کوردستانیشی شڵەژاند.

تاوەکو ئێستا، کە سێ ڕۆژیش بەسەر مانگى سێدا تێپەڕ بووە، حکومەتى هەرێم موچەى مانگى دووى موچەخۆرانى دابەش نەکردووە، ناشزاندرێت کەى دەست بە دابەشکردنى دەکات، لەکاتێکدا کە لە مانگى دوودا هەرێمى کوردستان ڕۆژانە 444 هەزار بەرمیل نەوتى فرۆشتووە.

 بۆ هەر بەرمیلێک 28 دۆلار بۆ خەزێنەى گشتى گەڕاوەتەوە

داهاتى نەوت چی لێدێت؟

ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسرور بارزانى، سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا داتاکانى نەوتى خستەڕوو، باسی لەوە کرد، “پرسیار زۆر دەکرێت داهاتى نەوتى هەرێم چی لێدێت، ئێستا پێتان دەڵێم داهاتە چۆن دابەش بووە”.

ئەو وتەیەى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان، لەپاش ئەوە هات، لە دانیشتنى دوێنێ ڕۆژى چوارشەممەى پەرلەمانى کوردستاندا، بەشێک لە پەرلەمانتاران باسیان لەوە کرد “داهاتى نەوت ناگەڕێتەوە خەزێنەى گشتى”.،

مەسرور بارزانى لەبارەى داهاتى نەوتەوە ئاشکرایکرد، “نەوتى کوردستان کە دەفرۆشرێت، 43%ى داهاتەکەى دەدرێت بە ئەو کۆمپانیا نەوتییانەى کارى دەرهێنانى نەوت دەکەن، 9%یشی دەدرێت بە حەقى گواستنەوەى نەوتەکە و 7%ى دیکەشى دەدرێتەوە بە قەرز، ئەوەى کە دەمێنێتەوە دەکاتە 41%و دەدرێت بە وەزارەتى دارایی بۆ ئەوەى موچەى پێ دابەش بکات”.

سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان ئاماژەى بەوەشکرد، “ئەو 43%ەى دەدرێت بە کۆمپانیا نەوتییەکان، بەگوێرەى گرێبەستێکى نێودەوڵەتییە کە کابینەکانى پێشووترى حکومەتى هەرێم کردوویەتى و هیچ گرێبەستێکیان لەم کابینەیەدا نەکراوە”.

“نەوتى هەرێمى کوردستان هەرزانتر لە نەوتى برێنت و نەوتى سۆمۆ دەفرۆشرێت، بەڵام جیاوازى نرخەکەشمان کەمکردووەتەوە لەم کابینەیە، هەر بەرمیلێک نزیکەى چوار دۆلارمان گەڕاندووەتەوە بۆ خەزێنەى گشتى”.

لەبارەى دابەشکردنى موچەوە، سەرۆکوەزیرانى هەرێم وتى، “بۆ دابەشکردنى موچە، مانگانە پێویستمان بە 600 ملیۆن دۆلار هەیە، لە داهاتى نەوت کە ئەم مانگە پێشبینى ئەوە دەکرێت 990 ملیۆن دۆلارێک بێت، 41%ى کە دەکاتە 405 ملیۆن دۆلار بۆ موچە دەبێت، ئەوەى دیکە دەبێت لە داهاتى ناوخۆ پڕی بکەینەوە”.

https://www.facebook.com/masrourbarzani/videos/4895224660559987/

 

ئەوە لەکاتێکدایە، عەلى حەمەساڵح، سەرۆکى لیژنەى سامانە سروشتییەکانى پەرلەمانى کوردستان، لەبارەى داهاتى نەوتەوە دوێنێ چوارشەممە، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا وتى، “لێکۆڵینەوەیەکى وردمان کردووە، گەیشتووین بە کۆمەڵێک ئەنجام کە بە خراپى ئیدارەى ئەم دۆسییە دەدرێت، بۆ ئەوەى موچەى مانگێک بدرێت، 874 ملیار دینارە (600 ملیۆن دۆلار) پێویستە، لە داهاتى نەوت 512 ملیار دینار (350 ملیۆن دۆلار) بۆ موچە دیاری کراوە،”.

عەلى حەمەساڵح ئەوەشى خستەڕوو، “نەوتى کەرکوک کە بە بۆریی کوردستاندا ڕۆشتووە، یەک بەرمیلى بە 96 دۆلار فرۆشراوە”.

“مانگى پێشوو بەرمیلێک نەوت بە 96 دۆلار فرۆشراوە، ئێستا 111 دۆلارە، ئەگەر لە هەر بەرمیلێک نەوت تەنها 35 دۆلار بمێنێتەوە، داهاتى ناوخۆش نیوەى پارساڵ ئەم کاتە بێت، واتا ساڵى ڕابردوو ئەم کاتە داهاتى ناوخۆ بۆ موچە 374 ملیار دینار بووە، ئێستا ئەگەر نیوەى ئەم بڕەش بێت، خەڵکى کوردستان پێویستى بە 200 ملیارەکەى بەغداد نییە بۆ ئەوەى موچە دابەش بکرێت”.

https://www.facebook.com/100050509268547/videos/471429911134176

هەرێمى کوردستان لە مانگى دوو (شوبات) ڕۆژانە چەند نەوتى فرۆشتووە؟

ڕێکخراوى ڕوونبین، بۆ شەفافییەتى نەوت و گازى سروشتیی هەرێمى کوردستان، لە ڕاپۆرتێکدا هەناردەى نەوتى هەرێمى بۆ مانگى شوبات ئاشکرا کرد.

بە گوێرەى ڕاپۆرتى ڕێکخراوەکە، لەو مانگەدا هەرێمى کوردستان “12 ملیۆن و 443 هەزار و 878 بەرمیل نەوتى فرۆشتووە، کە ڕۆژانە دەکاتە 444 هەزار و 424 بەرمیل نەوت و بە 18 کەشتى بارکراوە”.

ڕوونبین ئەوەشى ئاشکراکردووە، نەوتى هەرێم بۆ شەش وڵاتى جیا هەناردە کراوە، نزیکەى 10 کۆمپانیا کڕیویانە.

کلیک لەم وێنەى خوارەوە بکە بۆ بینینى تەواوى ڕاپۆرتەکەى ڕێکخراوى ڕوونبین..

نەوتى هەناردەکراوى هەرێم بۆ مانگى شوباتى 2022

Back to top button
نەوتی خاوی برێنت 
$70.71  $0.29  0.41%  
نەوتی خاوی ئەمريکی 
$67.18  $0.2  0.30%  
زێڕ 
$2,784.10  $28.20  1.02%  
یەک ئۆنسە زیو 
$31.31  $0.58  1.89%  
گازی سروشتی  
$2.30  $0.013  0.56%  
گازۆلین 
$1.94  $0.0236  1.20%  
ئەلەمنیۆم 
$2,640.25  $13.50  0.51%  
زەیتی گەرمکردنەوە 
$2.12  $0.0056  0.26%