یاساى نەوت و گازى هەرێم.. خاڵێکى نوێی ناکۆکى لەگەڵ بەغداد

ئەوەى پێویستە لەبارەى یاساکەوە بیزانیت

لە ساڵى 2007، هەرێمى کوردستان بوو بە خاوەنى یاسایەک بەناوى “یاساى نەوت و گازى هەرێمى کوردستانى- عێراق“، کە یاساى ژمارە 22ى ساڵى 2007ى ئەنجومەنى نیشتمانیی کوردستان بوو (دواتر ناوەکەى گۆڕدرا بۆ پەرلەمانى کوردستان)، دەرکردنى ئەو یاسایە پاش ماوەیەکى کەم هات لە دۆزینەوە و دەرهێنانى نەوت لە هەرێمى کوردستان.

یاساکە لە 17 بەش و 61 مادە پێکدێت، باس لە وردەکاریی تەواوى “گەڕان، دۆزینەوە، دەرهێنان و بەبازاڕکردن و فرۆشتنى نەوت و گازى سروشتى” دەکات.

لە یاساى نەوت و گازى هەرێمى کوردستان باس لەوە کراوە، دەرکردنى یاساکە لەگەڵ مادەکانى “111، 112 و 115″ى دەستوورى عێراقى فیدراڵدا دەگونجێت و دژى دەستوور نییە.

لە بڕگەى یەکەمى مادەى 18 لە بەشى حەوتەمى یاساکەدا هاتووە، “ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتى فیدراڵى بۆ بەڕێوەبردنى نەوت و گازى دەرهێندراو لە کێڵگەکانى ئێستاى هەرێمدا وە بە شێوەیەکى هاوبەش”.

لە بڕگەى چوارى هەمان مادەدا نوسراوە، “ڕەزامەندی نواندن لەسەر دانانى هەموو داهاتەکانى لە پرۆسەکانى نەوت لە هەرێمدا بەدەست دەهێندرێن لە سندوقى گشتیی داهاتە نەوتییەکانى تایبەت بە عێراقدا”.

حسابێکى تایبەت بە ناوى سندوقى کوردستان بۆ داهاتە نەوتییەکان بکرێتەوە

بەڵام لە بڕگەى یەکەمى مادەى 19ى هەمان بەش، مەرج بۆ دانانى داهاتى نەوت و گاز لەو سندوقە کراوە، بەجۆرێک دەڵێت، “دانانى هەموو داهاتە نەوتییەکان لە هەموو عێراقدا بەدەست دەهێندرێت لە سندوقى گشتیی داهاتە نەوتییەکان، بە مەرجێک لەلایەن دەستەیەکى هاوبەش بەپێی مادەکانى (106، 112 و 121)ى دەستوورى فیدراڵى بەڕێوە ببرێت و حسابى ئەو سندوقە لە بانکێکى جیهانى بەناوبانگ هەڵبگیرێت و حسابێکى تایبەت بە ناوى سندوقى کوردستان بۆ داهاتە نەوتییەکان بکرێتەوە، مانگانە بەشى هەرێمى کە لەسەرى ڕێککەوتوون لێی دابندرێت”.

هەروەها مەرجێکى دیکەش لە بڕگەى سێیەمى هەمان مادە و بەشدا جێگیرکراوە کە دەقەکەى بەمجۆرەیە، “حکومەتى هەرێم نوێنەرایەتییەکى گونجاویان لە ئەنجومەنى فیداڵى نەوت و گازدا هەبێت و دەبێت هاوبەش بێت لە بەڕێوەبردنى کۆمپانیاى نەوتى نیشتمانیی عێراقى بەجۆرێک لەگەڵ مادەى (105)ى دەستووى فیدراڵى بگونجێت”.

Bloomberg

بەگوێرەى ئەوەى لە مادەى چواردەیەمى یاساکەدا هاتووە، دەبێت چەند دەزگایەک تایبەت بە نەوت و گازى سروشتیی هەرێم دابمەزرێن، لەوانە..

1- کۆمپانیاى کوردستان بۆ دۆزینەوە و بەرهەمهێنان (KEPCO).

2- کۆمپانیاى کوردستانیی نیشتمانیی نەوت (KNOC).

3- کۆمپانیاى کوردستان بۆ هەناردەکردنى نەوت (KOMO).

4- کۆمپانیاى کوردستان بۆ پرۆسەکانى پاڵاوتن و پاشکۆکانى (KODO).

بەڵام تا ئێستا لە هەرێمى کوردستان، هیچ لەو کۆمپانیایانە دروست نەکراون، هەرچەندە بەگوێرەى هەمان یاسا ئەنجومەنى هەرێمیى نەوت و گاز دروست کراوە، بەڵام ئەنجومەنەکە کارا نییە و لە کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێم، کە ستافى ئەنجومەنەکە گۆڕاون، هیچ کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام نەداوە.

لەوبارەیەوە عەلى حەمەساڵح، سەرۆکى لیژنەى سامانە سروشتییەکانى پەرلەمانى کوردستان ڕۆژى 16ى کانونى دووەمى ئەمساڵ ڕایگەیاند، “بەرزترین دەسەڵات لە دۆسییەی نەوتدا ئەنجومەنی ھەرێمی نەوت گازە، یەکێتی و گۆڕان زۆرینەن و لە (5) ئەندام (3) ئەندامیان ھەیە”.

عەلى حەمەساڵح ئاماژەى بەوەشکردووە، “لەم کابینەدا ئەم ئەنجومەنە تەنانەت یەک کۆبوونەوەشی نەکردووە! کۆی پرۆسەکە سەرۆکی حکومەت خۆی بەڕێوەی دەبات! یەکێتی و گۆڕان ھیچ ناڕەزاییەکی جدییان پیشان نەداوە لە سڕکردنی دەسەڵاتیان، بەبێدەنگی لە دۆسییەی نەوت دڕوانن و سەرۆکی حکومەت چی بوێت ھەر ئەوە دەڕوات”.

وتەکانى سەرۆکى لیژنەى سامانە سروشتییەکانى پەرلەمانى کوردستان، دەرخەرى ئەوەن کە ئەنجومەنەکە، کارا نییە.

https://www.facebook.com/ali.salh.96/posts/4448613298599682

دادگاى فیدراڵیی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، لە پاش کۆبوونەوەیەک لەسەر پرسى نەوت و گازى هەرێمى کوردستان، ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، “یاساى نەوت و گازى هەرێمى کوردستان نادەستوورییە”.

دادگاکە داواشى کرد، “ڕێگا بە وەزارەتى نەوتى عێراق و دیوانى چاودێریی دارایی عێراق بدرێت، بە سەرجەم گرێبەستەکانى نەوتى حکومەتى هەرێمى کوردستاندا بچنەوە”.

پرۆژەیاساى نەوت و گازى عێراق

عێراق لەپاش داڕشتنەوەى دەستوور، لە ساڵى 2005ەوە لە هەوڵى ئەوەیە ببێت بە خاوەنى یاساى نەوت و گاز، بەڵام هەرجارە و بە بیانویەک هەوڵەکان سەرکەوتوو نەبوون.

دوایین هەوڵ، کابینە کاربەڕێکەرەکەى مستەفا کازمى بوو، بەڵام ئەویش نەیتوانى عێراق بکات بە خاوەنى یاسای نەوت و گاز و تۆپەکە خرایە کابینەى داهاتووى حکومەتى عێراقەوە.

ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیرى نەوتى عێراق ساڵى ڕابردوو بە بەشێک لە میدیاکانى عێراقى ڕاگەیاند، گرنگە پەلە بکرێت له‌ بڕیاردان لە ڕه‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای نەوت و گازی فیدراڵی، یاساكە دەبێتە فاكته‌ری ڕێكخستنه‌وه‌ی بەڕێوەبردنی سامانی نەوت و گاز لە عێراق”.

دەقى ڕاگەیەندراوەکەى دادگاى باڵاى فیدراڵیی عێراق..

زیاتر بخوێنەرەوە.. کوردستان و مافی خاوەنداریەتی و بەڕێوەبردنی نەوت و گاز

Back to top button
نەوتی خاوی برێنت 
$70.73  $0.27  0.38%  
نەوتی خاوی ئەمريکی 
$67.24  $0.14  0.21%  
زێڕ 
$2,778.90  $23.00  0.83%  
یەک ئۆنسە زیو 
$31.27  $0.5401  1.76%  
گازی سروشتی  
$2.26  $0.046  1.99%  
گازۆلین 
$1.94  $0.0235  1.20%  
ئەلەمنیۆم 
$2,649.00  $1.00  0.04%  
زەیتی گەرمکردنەوە 
$2.12  $0.0061  0.29%