قەیرانى ڕوسیا و ئۆکرانیا ڕەنگە نرخى ئۆتۆمبێل و نان بەرز بکاتەوە
کاریگەریی گەورەى لەسەر نەوتیش دەبێت
بەرزبوونەوەى نرخى شمەک و پێداویستییەکان گەیشتووەتە ئاستێک هاوشێوەى نەبووە، ئەو قەیرانەى لەنێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا هاتووەتە ئاراوە، ئەگەرى زیاتر گرانکردنى بەشێکى زۆرى کاڵاکانى هەیە.
بەهۆى ئاڵۆزییەکانى نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا، کە مەترسیی پەلاماردانى ئۆکرانیا هەیە لەلایەن مۆسکۆوە، نرخى وزە لە جیهاندا بەرزبووەوە، دوێنێ هەینى نرخى گازى سروشتی بە رێژەى زیاتر لە 12% بەرزبووەوە، وەک بلۆمبێرگ ئاماژەى بۆ کردووە.
ڕەنگە ئەو قەیرانە، تەنها بە گرانکردنى وزەوە نەوەستێت و سەر بکێشێت بۆ بەرزبوونەوەى نرخى گەنم و ئەلەمنیۆم.
ڕوسیا و ئۆکرانیا کە دوو لایەنى قەیرانەکەن، پێکەوە چارەکێکى هەناردەى گەنمى جیهان پێکدەهێنن، ئێستا نرخى گەنم بەرزبووەتەوە چونکە ئەگەرى دروستبوونى کێشە بۆ هەناردەکردنى هەیە لەلایەن ئەو دوو وڵاتەوە، هەروەها نرخى ئەلەمنیۆمیش بە هەمان شێوەیە چونکە ڕوسیا هەناردەکەرى سەرەکیی ئەلەمنیۆمە.
لە ئەگەرى بەرزبوونەوەى زۆرى نرخى ئەلەمنیۆم کە لە پیشەسازیی ئۆتۆمبێل بەکاردەھێندرێت، ئەوا نرخى ئۆتۆمبێلیش بەرز دەبێتەوە.
“ئەمریکا سزاى ڕوسیا دەدات”
لە ڕاپۆرتێکدا، ڕۆژنامەى وۆڵ ستریت جۆڕناڵى ئەمریکى بڵاویکردووەتەوە، “ڤلادمیر پوتن، سەرۆکى ڕوسیا دەیەوێت پێگەى ڕوسیا وەک گەورەترین دەوڵەت بگەڕێنێتەوە، ئەویش بە داگیرکردنى ئۆکرانیا”.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ڕوسیا ڕەتى کردەوە نیازى هەبێت ئەو وڵاتە داگیر بکات.
ڕۆژنامە ئەمریکییەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، لە ئەگەرى ئەو هەنگاوەى ڕوسیا، ئەوا ئەمریکا بەجۆرێک سزا بەسەر ڕوسیادا دەسەپێنێت، کە “پێشتر هاوشێوەى نەبووبێت”.