نرخ لە نامەی تایبەتدا بێت یان بە ئاشکرا بنوسرێت؟
“وەرە تایبەت”
بەیاد عەزیز
نرخ لە نامەی تایبەتدا بێت یان بە ئاشکرا بنوسرێت؟، ئەو پرسیارەی سەری ئیکۆمێرسی کوردیی خواردووە.
ئەوەی پێی وایە کە دەبێت بە نامەی تایبەت نرخی بەرهەمەکانی ئاشکرا بکات، چەند هۆکارێکی هەن، لەوانە؛
– دەیەوێت ئینگەیجمێنتی پەیجەکەی زیاد بکات.
– دەیەوێت Sales Funnel دروست بکات و دەڵێت ئەوەی نەیەوێت ناپرسێت، بەمەش کڕیارە ڕاستەقینەکان دەناسێتەوە.
– نایەوێت ڕکابەرەکانی نرخەکانی بزانن.
– پێی وایە بەم شێوەیە لە کۆمێنتی نەرێنی دەربارەی نرخەکانی ڕزگاری دەبێت.
ئەوانەشی دەڵێن دەبێت نرخەکان بۆ هەمووان ئاشکرا بن دیسان هۆکاری خۆیان هەیە؛
– ئەمیش دەیەوێت لەو کۆمێنتانە ڕزگاری بێت کە دەڵێن، بۆ نرخ نانووسن؟ قابیلە ئەبێ ئەم بەرهەمە چی بێ وا نرخەکەی نهێنییە؟
– لەوانەیە بەشێک لە بینەران پێیان وابێت نرخەکانت زیاد لە ئاسایی گرانن و خەریکی قۆڵبڕینیت.
– دەکرێت بەشێک لە کڕیاران تەمبەڵی بکەن تاقەتی ئەوەیان نەبێت بێنە نامەی تایبەت و داوای نرخ بکەن.
توێژینەوەیەک، کە لە “International Journal of Hospitality Management”دا بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت:
“لە سێ تاقیکردنەوەدا، بۆمان دەرکەوت، کڕیاران وا تەماشای ئەو فرۆشگایانە دەکەن کە نرخیان ئاشکرا نییە وەک ئەوەی گران و بێ کواڵێتی بن، نەک تەنیا ئەمەش، بەڵکو خواستی کڕینیش زۆر لە خوارەوە بوو.”
“لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت، باشترین بڕیار ئەوەیە نرخەکانت ئاشکرا بن، چونکە لەکاتی شاردنەوەیاندا گرنگترین شت لەدەست دەدەیت، ئەویش متمانەی کڕیارە”.
نموونەیەکی زۆر ئاسان لەسەر ئەم بابەتە تەکسییە. بیر لەو شۆفێرانە بکەرەوە کە پێیان دەڵێیت، تا فڵان شوێن بەچەند دەڕۆیت؟ ئەویش دەڵێت، تۆ سەرکەوە، خۆ چییە؟ هەر ڕێک دەکەوین.
چی دێت بە مێشکتدا؟ ئەم شۆفێرە دەیەوێت بمخەڵەتێنێت. زۆر سادەیە و مێشکی زۆرینەی خەڵکیش بەم شێوەیە کاردەکات. هەڵبەتە ئەم بابەتە لە سۆشیاڵ میدیادا زۆر خراپتر بەسەرتدا دەشکێتەوە. چونکە ژینگەکە پڕە لە ژاوەژاو و کڕیار ئاسانتر بیرکردنەوەی دیکەی بۆ دروست دەبێت.
بیرۆکەی شاردنەوەی نرخ لەبەر فلتەرکردنی کڕیاران کارێکی دروست نییە، چونکە هەندێک هەن تەنیا لە فزوڵیاندایە پرسیار دەکەن، نەک لەبەر خواستی کڕین، تەنانەت دەکرێت ئەوانەی نامەت بۆ دەنێرن ڕکابەرەکانت بن، بۆیە نەشتتوانیوە لەوانیشی بشاریتەوە.
کاتێک نرخەکان ئاشکرا دەکەیت، ئەو نامانەی پێت دەگەن زۆر نرخیان زیاترە، چونکە کڕیارەکەت لە نرخەکەت ڕازییە و تەنیا چەند وردەکارییەکی کەمی ماوە و ئامادەیە بۆ کڕین.
بیرت بێت، سەد نامە کە پێنج فرۆشتنی تێدایە زۆر باشترە لە هەزار نامەی زیادە کە دوو فرۆشی لێوە دەست دەخەیت.
کارێکی دیکەی خراپیش هەیە، ئەویش ئەوەیە کە دەنووسن، خاڵێک دابنێ تا نرخەکانت پێبگات. ڕاستە ئینگەیجمێنتێکی کاتی بەدەست دەهێنیت لەڕێی ئەو کۆمێنتانەوە، بەڵام دڵنیابە لەوەی ژمارەیەکی زۆری کڕیارەکانت لەترسی هاوڕێ و ناسراوەکانیان ناوێرن ئەو خاڵە دابنێن.
هەندێک حاڵەتی تایبەتیش هەن کە باشترە نرخەکانت تیایاندا شاراوە بن، بۆ نموونە؛
– خزمەتگوزارییەکت هەیە کە بۆ هەر کڕیارێک و بەشێوەیەکە و نرخەکانیشت لەگەڵ داواکاری و گیرفانی بەرامبەرەکەتدا دەگۆڕێن. نموونەی ئەمە دەکرێت ئیشی دەست یاخود ئەیجنسیی بەڕێوەبردنی سۆشیاڵ میدیا بێت.
– کاتێک بەرهەمێکی زۆر گران و تایبەت دەفرۆشیت و هەموو کەس تێناگات کە نرخەکەی بۆ هێندە بەرزە. لەم حاڵەتەدا تۆش هەمووانت بۆ گرنگ نییە و تەنیا ئەوانەت دەوێت کە لە تایبەتمەندییەکانی بەرهەمەکەت تێدەگەن، یاخود هێندە توانای کڕینیان هەیە کە باشترین کواڵێتی هەڵبژێرن.
بەم شێوەیە لە کۆمێنتە زیادەکان ڕزگارت دەبێت کە لەخۆڕا گاڵتە بە نرخەکانت دەکەن. ئەمەش لەم توێژینەوەیەی خوارەوەدا ئاماژەی پێکراوە؛
https://www.sciencedirect.com/science/article/abs/pii/S0148296315003434
ئەمەش لینکی توێژینەوەی یەکەم؛
https://www.sciencedirect.com/science/article/abs/pii/S0278431920302607