بیتکۆین ساڵێکى خراپى دەستپێکرد
لە هەفتەی یەکەمى 2022دا زیاتر لە 12%ى بەهاکەى لەدەستداوە
نرخى دراوى ئەلیکترۆنیى بیتکۆین نزمترین ئاستى لەماوەى سێ مانگدا تۆمار کرد، ترسەکان لەبارەى سیاسەتى دراوى ئەمریکییەوە و پچڕانى هێڵى ئینتەرنێت لە کازاخستان کە دووەم گەورەترین وڵاتى بەرهەمهێنەرى ئینتەرنێتە، بە هۆکار دەزاندرێن.
نرخى بیتکۆین، لەماوەى 24 کاتژمێردا بە ڕێژەى 3.26% دابەزى و ئەمڕۆ هەینى نرخى یەک بیتکۆین گەیشتە 40 هەزار و 749 دۆلار و 90 سەنت، ئەوەش نزمترین ئاستى ئەو دراویە لەماوەى سێ مانگى ڕابردوو.
لە هەفتەى دەستپێکى ساڵى نوێ، نرخى بیتکۆین بە ڕێژەى زیاتر لە 12.5% دابەزینى بەخۆیەوە بینیوە.
پاش ئەوەى حکومەتى چیت ساڵى ڕابردوو بڕیاریدا سەرجەم پرۆسەکانى دروستکردنى بیتکۆین لە وڵاتەکەى قەدەغە بکات، ژمارەیەک زۆرى کۆمپانیا ڕوویان لە وڵاتانى دیکە کرد بۆ ئەو مەبەستە، ئێستاش 20%ى بیتکۆن لە وڵاتى کازاخستان دروست دەکرێت و بە دووەم گەورەترین وڵاتى ئەو بوارە دادەنرێت.
پاش ئەوەى بە بڕیارێکى سەرۆکى کازاخستان هێڵەکانى ئینتەرنێت لە کارکردن ڕاگیران بەهۆى خۆپیشاندانەکانى ئەو وڵاتە دژ بە حکومەت، کێڵگەکانى بیتکۆین لەکارکردن وەستان و ئەوەش کاریگەرى لەسەر دۆخى ئەو دراوە بوو لە بازاڕ.
لاى خۆیەوە، مارکۆس سۆتیریریۆ، شیکەرەوەى دراوە ئەلیکترۆنییەکان لە کۆمپانیاى گڵۆباڵ بلۆک ڕایگەیاندووە، “ڕاستە وەستانى ئەو کێڵگانە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر نرخى بیتکۆین نییە، بەڵام کاریگەرییان لەسەر ئاسایشى دراوەکە هەیە، کە ئەوەش ترس لای هەندێک وەبەرهێنەر دروست دەکات”.
لەلایەکى دیکەوە، بڕیارێکى بانکى ناوەندیی ئەمریکا، لەبارەى پاشەکشەکردن لە هاندانى سەردەمى پەتاى کۆرۆنا، بە هۆکارى دابەزینى نرخى بیتکۆین دەزانێت.
بەڵام ئەو دۆخە تەنها ڕووى لە بیتکۆین وەک گەورەترین دراوى ئەلیکترۆنى نەکردووە، بەڵکو یەکەم تاوەکو شەشەمى ڕیزبەندیی گەورەترین دراوە ئەلیکترۆنییەکان، هەمان دۆخیان هەیە.