تیۆریی بەختەوەری لە شوێنی کاردا (شێوازی پێرما)

شێوازی پێرما بۆ خاوەنکار: کارمەندەکەت بەختەوەر بکە، قازانجەکەت چەند هێند دەبێت

ڕەنجدەر کامەران

شارەزا لە بازاڕسازی و تیم وۆركینگ

گومانی تێدا نییە هەوڵ و تەقەلای مرۆڤایەتی لەکۆتاییدا لە بەختەوەریدا خۆی دەبینێتەوە، لە جیهانی کاردا تیۆریی (PERMA) لەلایەن مارتن سیلیگمان بە شێوازێکی کاریگەر ناسراوە بۆ دڵخۆشکردنی کارمەند لە شوێنی کاردا.

بەم پێنج توخمە، کارمەندەکەت دەخەیتە ژینگەی ئاسوودەیی کە توانای بەرهەمدارکردنی چەند هێندە دەکەیت؛

1- هەستی ئەرێنی P – Positive Emotion؛

هەستی ئەرێنی پێکدێت لە گرنگیپێدان و دەربڕینی سوپاسگوزاری و دەستخۆشی کردن لەپای کارە باشەکان و پێدانی سەرنج و تێبینی لەبارەی ئەو کارانەی کەموکوڕییان تێدا کراوە.

ئەگەر کارمەند لەو ژینگەیەی کاردا بێت ئەوا دید و ئامانجی بۆ ڕوداوەکان ئەرێنی دەبێت و لەبری ئەوەی تەنها ئەرکەکان جێبەجێ بکات، بەڵکو چێژیشی لێ دەبینێت.

2- بەشداریکردن E – Engagement؛

کارێکت کردووە ئاڵمنگاری پێوەدیاربێت؟ بەجۆرێک بێت هێندە موکڕ بووبیت کە هەستت بە تێپەڕبوونی کات و هیلاکی خۆت نەکردبێت؟ ئەگەر وەڵامەکەت (بەڵێ) بوو کەواتە توخمی دووەم لە ژینگەی کارەکەتدا هەیە. پەیوەستبوون بە بەشداریکردنت لە جێبەجێکردنی کارەکان دا (خۆلەبیرکردن) کڕۆکی پێکاندنی ئامانجە کە لە دوایی دا ڕیشەدەکێشێت بۆ بەرەوپێشچوون.

3- پەیوەندی R – Relationships؛

پەیوەندییەکی پتەوی پاڵپشتکارانە کە ڕێز و خۆشەویستی تێدابێت لە ژینگەی کار و نێوان کارمەندەکان، بە توخمی سێیەم دانراوە لە ڕژێمەکەی پێرما.

گومانی تێدا نییە پەیوەندییەکی پاڵپشت هاوکارێکی مەزنی کارمەند دەبێت بۆ زاڵبوون بەسەر لەمپەرەکان و ئاراستەکردنی گۆڕانکارییەکان بۆ دۆخێکی ئەرێنی.

پەیوەندییەکانیش دەبێت لە سنووری کاری بەکۆمەڵ بن و ئامانج تیایاندا بەدیهاتنی ژینگەیەکی ئاسوودەبەخش بێت لە کاردا.

4- واتا M – Meaning؛

زۆر کات بیستووتە کەسانێک هەبوونە گشت پێداویستییەکانی ژیانیان بە زیادەوە هەبووە و لە خۆشترین ژیاندا کاتەکانیان گوزەراندووە، کەچی کۆتاییان بە گیانی خۆیان هێناوە… دەپرسیت بۆچی؟ وەڵامەکەی (نەبوونی واتایە لە ژیاندا).

ئەگەر تۆش واتایەک لە کارەکەتدا هەیە و هاندەرتە بۆ بەردەوامبوون کەواتە توخمی چوارەمی بەختەوەری لە ژینگەی کارەکەتدا هەیە.

5- دەستکەوت A – Accomplishments؛

لە کۆتاییدا، پێنجەم توخمی پێرما، (دەستکەوت)ە.

هەموومان شانازی بە شتێکەوە دەکەین کە ئەنجاممان داوە یان بەدەستمان هێناوە، ئەم دەسکەوتانە باوەڕبەخۆبوونمان بەهێز دەکات و متمانەمان بەخۆمان زیاتر دەکات کە دەتوانین کاری مەزنتر ئەنجام بدەین.

بۆیە دەبێت کارمەند دەستکەوتی لێ دیاربێت و ئاگاداربکرێتەوە لە بەدەستهێنانی پلەبەندی دەستکەوتەکان.

لەبیرمان نەچێت!! بەدیهاتنی دەستکەوتەکانیش پێویستی بە هەر چوار توخمەکەی تر هەیە.

کاتێک مۆدێلی PERMA پەیڕەو دەکرێت، هەلی زیاتر بۆ دروستکردنی هێزی کار و ژینگەی کاری پڕ لە بەختەوەری و خۆشگوزەرانی دێتەکایەوە کە توانای بەرهەمدار کردنی کارمەند چەند هێند زیاتر دەکات و خاوەنکار دەگەیەنێت بە لوتکەی قازانج.

Back to top button
نەوتی خاوی برێنت 
$71.17  $0.17  0.24%  
نەوتی خاوی ئەمريکی 
$67.61  $0.23  0.34%  
زێڕ 
$2,772.70  $16.80  0.61%  
یەک ئۆنسە زیو 
$31.30  $0.57  1.85%  
گازی سروشتی  
$2.29  $0.022  0.95%  
گازۆلین 
$1.96  $0.0093  0.47%  
ئەلەمنیۆم 
$2,638.75  $12.00  0.46%  
زەیتی گەرمکردنەوە 
$2.13  $0.0025  0.12%