هواوی ئۆتۆمبێلی بەرهەمهێنا
ڕکابەریی تێسلا دەکات
هواوى پەردەى لەسەر ئۆتۆمبێلێکى تایبەت لابرد، بەنیازە کێبڕکێی لەگەڵ تێسلادا پێبکات، کە ئێستا لەنێو ئۆتۆمبێلە کارەباییەکاندا گەورەترین ناوبانگى هەیە.
ئۆتۆمبێلە نوێیەکەى کۆمپانیاى هواوی-ی چینى، ناوى “AITO M5“ە پەیکەربەندییەکەى لەسەر شێوازى کروس ئۆڤەر دروست کراوە، خاوەنى لایتی LEDیە کە بەشێوەیەکى نایاب پێشى سەیارەکە لە هەر کەشوهەوایەکدا ڕوناک دەکاتەوە.
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى خودى کۆمپانیاکە بڵاویکردووەتەوە، درێژى ئۆتۆمبێلەکە چوار مەتر و 77 سەنتیمەترە و پانییەکەشى یەک مەتر و 93 سەنتیمەترە، بەرزى ئۆتۆمبێلەکەش مەترێک و 62 سەنتیمەترە.
کوشنەکانى ئۆتۆمبێلەکە بەجۆرێک دروستکراون، هەموو پێوەرێکى خۆشگوزەرانییان تێدایە، وەک سیستمى گەرم و ساردى و شێلانى پشت و پێکان.
https://youtu.be/sJtOB0O_BDc
ئەو نمونەیەى دروستکراوە، بە هەردوو سیستمى بەنزین و کارەبا کار دەکات، بزوێنەرى بەنزینەکەى 1.5 لیترە، دەتوانێت تا دوورى هەزار و 100 کیلۆمەتر بڕوات بە یەکجار پڕکردنەوەى بەنزین و بارگاویکردنى، لەماوەى 4.4 چرکەدا خێراییەکەى دەگاتە 100 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.
نرخی ئۆتۆمبێلەکەی هواوی، لە 39 هەزار و 250 دۆلارەوە دەستپێدەکات.
شارەزایانى بازاڕى ئۆتۆمبێل باس لەوە دەکەن، هواوى بەنیازە بەو ئۆتۆمبێلە، کێبڕکێی تێسلا بکات.