پاش ساڵێک.. بڕیارى دابەزاندنى بەهاى دینار بەرامبەر بە دۆلار باش بوو یان خراپ؟
بەهاى دینار 22% دابەزێندرا
ساڵێک بەر لە ئێستا، بانکی ناوەندیی عێراق بریاری دا بە دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دولار، بە جۆرێک نرخی هەر دۆلارێکی دابەزاند بۆ 1460 دینار، کە پێشتر نرخەکەی 1200 دینار بوو، واتا دابەزاندنەکە بە ڕێژەی 22% بوو.
بیانوی ئەو بڕیارە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە، ئەوەبوو کە هەیکەلی ئابوریی عێراق کێشەی تێدایە، بەجۆرێک سیاسەتى دارایی توانای چارەسەرکردنی نییە، لەلایەکی تریشەوە بۆ هەڵگرتنی بەربەستەکانە لە کارە جاکسازییەکانی حکومەت و وەزارەتی دارایی.
ئەم بریارە بۆ خەڵکی عێراق چاوەڕواننەکراو بوو، بەتایبەتی لە بارێکدا کە جیهان بە عیراقیشەوە، لە داکەوتنی ئابوریدا بوو بەهۆی پەتای کۆرۆنا، کە وڵاتان هەموویان لە کەرەنتیندا بوون، لەلایەکی ترەوە نرخی نەوت لە خراپترین باردا بوو کە دابەزینی مێژوویی بوو، لەکاتێکدا کە داهاتی گشتیی عێراق بە ڕێژەی 95% پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت. پاش ساڵێک، ئابوریناس و خەڵکی عێراق پرسیاری ئەوە دەکەن، ئەو ڕێکارە تا چەند سەرکەوتوو بوو، باشی و خراپییەکانی چی بوون؟.
لایەنە باشەکانی دابەزاندنی بەهای دینار؛
ئەو بڕیارە لە کاتێکدا بوو، کە حکومەتی عێراق پاکێجێک لە چاکسازیی دارایی و ئابوری ڕاگەیاند، بە ناوی (لاپەڕەی سپی)، حکومەتی کازمی تا ئێستاش پێداگیری لەسەر ئەوە دەکات، ئەو هەنگاوەی وەک پێویستییەکی ناچاری و چاککردنی سیستمی ئابوریی وڵات تەماشای دەکات.
لەبارەی باشییەکانی ئەو ڕێکارە، بانکی ناوەندی، حکومەت و بەرپرسانى دارایی بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە بەهای نوێی دینار، وایکردووە کە بەرهەمە خۆماڵییەکان کێبڕکێی بەرهەمە بیانییەکان بکەن و ئاستی وەبەرهێنانی بیانیش زیادیکردووە.
ئەوەی کە بینراوە هەر ئەوەیە کە بڵێین، خەرجییەکانی حکومەت بە ڕێژەی دابەزینی بەهای دینار، کەمی کردووە، واتا بە ڕێژەی 22%ەکە، ئەوە زانراوە کە بەرهەمی ناوخۆ، بە دۆلار دەفرۆشن لە بازارە جیهانییەکان، لەبەرامبەریشدا خەرجییەکان بە دینارن، واتا حکومەت بەهەمان دۆلاری پێشتر قەبارەیەکی زیاتر لە دینارى دەست دەکەوێت، حکومەتی عێراق بەم ڕێکارەی بانکی ناوەندی، ڕزگاری بوو لە بێبەهابوونی نەوت لە بازارەکانی جیهاندا، کە سەری دەکێشا بۆ کورتهێنانی گەورە لە بودجەی گشتی.
دەستکەوتەکانی حکومەت؛
حکومەتی عێراق، تەنها بە جیاوازیی بەهای دیناری کۆن و ئێستا، 20 بۆ 23 تریلیۆن دیناری دەستکەوتووە، هەروەها یەدەگی بانکی ناوەندی 15 ملیار دۆلار زیادی کردووە، ئێستادا یەدەگەکە دەگاتە 65 ملیار دولار.
لایەنە خراپەکانی دابەزاندنی بەهای دینار؛
لەگەڵ ئەو هەموو دەنگۆیانەی کە دەڵێن، “ئەم ڕێکارەی بانکی ناوەندی، تاکە ڕێگای ناچاریی حکومەت بوو بۆ دەرهێنانی ئابوریی عێراق لە چاڵە تاریکەکان”، لە هەمان کات دا دەبێت ئەوەش بزانین کە تا ئێستا خەڵکی عێراق خێری لەو ڕێکارە نەبینیوە، بەڵام زیانەکانی بە ڕوونی دیارن، هەڵئاوسان بەرۆکی خەڵکی عێراقی گرتووە، بە جۆرێک نرخی خانووبەرە بە ڕێژەی 50% بەرزبووەتەوە، بەرهەمە خوراکییەکان بە ڕێژەی 20% زیادییان کردووە.
ڕێژەی بێکاری و هەڵئاوسان، بە جورێکن تا ئێستا و لە دوای ساڵی 2003ەوە عێراق ئەو ژمارە بەرزانەی بەخۆیەوە نەبینیوە.
https://www.facebook.com/BusinessNews20/posts/458931695823947
ئامانجە ئابورییەکانى دابەزاندنى بەهاى دینار؛
– بە بەرزی هێشتنەوەی یەدەگی بانکی ناوەندی.
– پاڵپشتیی پێشەسازی و بەرهەمە ناوخۆییەکان.
دابەزاندنی بەهای دینار بەس نییە، بۆ ئەوەی بەرهەمە ناوخوییەکان و پێشەسازیی نیشتمانی گەشە بکات، پێویستە وەزارەتی دارایی پاڵپشتیی ئەو سێکتەرانە بکات بە میکانزمە جیاوازەکانی بەردەست، لەکاتێکدا کە عێراق 90% پشت بە بەرهەمە بیانییەکان دەبەستێت، هێچ واتایەک نییە بۆ ئەوەی بڵێن، “ئێمە پاڵپشتیی بەرهەمە ناوخۆییەکان دەکەین، بە دابەزاندنی بەهای دینار، هەروەها هێزی کێبڕکێ دەبەخشینە بەرهەمە نیشتمانییەکان لە بازاڕی ناوخۆ و جیهان”، بەتایبەتیش لە کاتێکدا کە بەهای لیرەی تورکی و تمەنی ئیرانی، لە خراپترین دۆخدان، بەوەش ئەو 10%ەی بەرهەمە ناوخۆییەکان توانای کێبڕکێی نرخی بەرهەمەکانی ئیران و تورکیا ناکات.
کاریگەریی دابەزاندنی بەهای دینار، لە ماوەی کورتدا دەرناکەوێت، بەڵام لەماوەی مامناوەند و دووردا بە ئاشکرا دەبیندرێت و هەستی پێدەکرێت، چ خراپ بێت یان باش.