ئێڤەرگراند چییە بۆچی ئابوریی جیهانی شڵەژاند؟
کۆمپانیا زەبەلاحەکەى چین
ئێڤەرگراند کۆمپانیایەکی چینییە، لە ساڵی 1996 دامەزراوە و لەبواری خانوبەرە کار دەکات، ئێستا ئەو کۆمپانیا زەبەلاحەى چین دووچارى قەیرانێک بووەتەوە دەرچوونى ئاسان نییە.
خاوەندارییەتی 1300 پرۆژە دەکات لە 280 شاری چین، بەڵام کاری ئێڤەرگراند تەنها خانوبەرە نییە، بەڵکو لە بواری سامانداری و بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی و تەنانەت بەرهەمهێنانی خواردنەوەش کار دەکات، خاوەندارییەتی گەورەترین یانەی چینیش دەکات بە ناوی گوانژۆ ئێف سی.
هوی کای یان کە دامەزرێنەر و خاوەنی کۆمپانیاکەیە، ئێستا خاوەنی سەرمایەی 10 ملیار و 600 ملیۆن دۆلارە، وەک فۆربس ئاماژەی پێکردووە.
کۆمپانیا زەبەلاحەکەی چین بۆ لە کێشەدایە؟
ئێڤەرگراند بە هێزێکی زۆرەوە گەشەی کرد و فراوان بوو بۆ ئەوەی ببێت بە گەورەترین کۆمپانیا، ئەوەش لەڕێی قەرزکردنی 300 ملیار دۆلار.
پاش ئەوەی ساڵی ڕابردوو حکومەتی چین یاسایەکی نوێی دەرکرد بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو پارەیەی کە لای کۆمپانیاکانی وڵاتەکەیەتی و شایستەی خۆیەتی، ئەوەش وایکرد، ئێڤەرگراند خانوبەرە بە داشکاندنێکی گەورە پێشکەش بکات بۆ ئەوەی سەرمایەکەی زیاد بکات و بەردەوام بێت لە کارکردن.
ئەوەش وایکرد، کۆمپانیاکە دووچاری قەیرانی گەورە ببێتەوە و تەنانەت کار گەیشتوەتە ئەوەی، تێبکۆشێت بۆ دانەوەی سودی سەر قەرزەکانی.
دواجار ئەو هەنگاوە سەری کێشا بۆ دابەزینی بەهای پشکی ئێڤەرگراند بە ڕێژەی 85%.
بەهۆی ئەوەی خەڵکێکی زۆر پشکی ئەو کۆمپانیایەیان کڕیوە، هەروەها کۆمپانیایەکی زۆریش گرێبەستیان لەگەڵ ئێڤەرگراند هەیە، کە وا دەکات کاریگەریی مایەپوچبوونی کۆمپانیا چینییەکە زۆر فراوان بێت، بە هامنشێوە کاریگەریی گەورەی لەسەر دۆخی دارایی چین دەبێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی بی بی سی، ئێڤەرگراند، قەرزاری 171 بانکی ناوخۆیی و 121 کۆمپانیای داراییە.
لەگەڵ کەوتنی ئێڤەرگراند زیانی گەورە بەر ئەو دامەزراوانە دەگات، ئەوەش سەردەکێشێت بۆ نەمانی متمانە لە مامەڵە داراییەکانی چین، کە دووەم گەورە ئابوریی جیهانە.
بلۆمبێرگیش ئاشکرای کردووە، کەوتنی ئێڤەرگراند زیانی بە 500 ملیاردێری جیهان گەیاندووە، کە بە 135 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت