نون دەیەوێت ببێت بە ڕکابەری ئەمازۆن
پارەیەکی زەبەلاحی بۆ تەرخان کراوە
چاوەڕوان دەکرێت، پێگەى بازاڕى ئەلیکترۆنى “نون دۆت کۆمNoon.com“، ببێت بە ڕکابەرێکى سەرسەختى کۆمپانیاى ئەمازۆن لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، بۆ ئەو مەبەستەش پارەیەکى زەبەلاحى بۆ دانراوە.
نون دۆت کۆم، پێگەیەکە بۆ بازاڕکردنى ئەلیکترۆنى، لەلایەن وەبەرهێنەرانییەوە کە سندوقى وەبەرهێنانى گشتیی سعودیەشى تێدایە، بڕى 2 ملیار دۆلارى بۆ تەرخان کراوە، بە مەبەستى داگیرکردنى بازاڕى ئەلیکترۆنى لە کەنداو و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست.
محەمەد عەبار، دامەزرێنەرى نون ڕایگەیاندووە، ئەو پارەى تەرخان دەکرێت، مەبەست لێی بونیادنانى ژێرخانى دامەزراوەکەیە، بۆ ئەوەى پرۆسەى گەیاندن خێرا بکرێتەوە.
ئاماژەى بەوەشکردووە، “ئەوانەى پشتیوانیی پرۆژەکە دەکەن و پارەداریان کردووە، ڕازین لەو پلانەى دامانڕشتووە”.
بەگوێرەى ڕاپۆرتێکى بلۆمبێرگ، لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، کەمتر بۆ کڕین پشت بە بازاڕە ئەلیکترۆنییەکان دەبەسترێت، ئێستا بازرگانیی پارچە، 2 بۆ 2.5%ى لەڕێی پێگە ئەلیکترۆنییەکانەوەیە، لەکاتێکدا لە ڕۆژئاوا و چین ڕێژەکە 20 بۆ 22%ە.
نون دۆت کۆم لە ساڵى 2016 دامەزراوە، 4 ملیۆن بەکارهێنەرى هەیە، لە ئێستادا، نون لە هەریەک لە ئیمارات و سعودیە و میسر کاردەکات، دەیانەوێت کارەکانیان فراوان بکەن بۆ تەواوى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست.
ئاژانسەکانى هەواڵ، ئاماژە بەوەدەکەن، لەڕێی ئەو پلانەى کە هەیەتى، نون دەیەوێت ببێت بە ڕکابەرێکى سەرسەختى ئەمازۆن لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست.