وەزارەتى دارایی عێراق: سەرەموچە و پلەبەرزکردنەوە ڕانەگیراوە
نوسراوێکى وەزارەتەکەى بە ساختە ناو دەبات
وەزارەتى دارایی عێراق ڕەتى کردەوە، نەبوونى یاساى بودجە مامەڵە داراییەکانى پەیوەست بە مووچەوە ڕابگرێت.
لە ڕاگەیەندراوێکدا، وەزارەتى دارایی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاندووە، ئەو نوسراوەى بەمدواییانە بڵاوکراوەتەوە گوایە سەرجەم پلەبەرزکردنەوە و سەرەموچە و چەند مامەڵەیەکى دیکەى دارایی ڕاگیرابێت، “دوورە لە ڕاستییەوە”.
ئەو نوسراوەى کە وەزارەتى دارایی بە ساختە ناوى بردووە، باسی لەوە کردووە کە “تاوەکو دەرچوونى یاسای بودجەى گشتیی عێراق بۆ ساڵى 2023، مامەڵەکانى پلەبەرزکردنەوە و سەرەمووچەى فەرمانبەران ڕادەگیرێت”.
وەزارەتى دارایی دەڵێت، هەر نوسراوێک دەربچێت لەلایەن وەزارەتى داراییەوە، ئەوان لە پێگە فەرمییەکانى خۆیان بڵاوی دەکەنەوە.