یەکەم کەشتیی پڕ لە گەنمى ئۆکرانى هەناردەى بازاڕەکانى جیهان کرا
کاریگەرى لەسەر نرخى گەنم و خۆراک دەبێت
دوو کەشتیی دیکەى بارهەڵگرى ئۆکرانى کە دانەوێڵەیان هەڵگرتووە، کەناراوەکانى ئەو وڵاتەیان بەجێهێشت و بەرەو بازاڕەکانى جیهان بەڕێ کەوتن.
وەزارەتى بەرگریی تورکیا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردووە، ئەمڕۆ هەینى، دوو کەشتى دیکە کە دانەوێڵەیان پێیە، ئۆکرانیایان بەرەو دەریاى ڕەش بەجێهێشت، کە یەکێک لەو کەشتیانە گەنمى هەڵگرتووە.
لەپاش ڕێککەوتنى نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا لە ئیستەنبوڵ بۆ هەناردەى دانەوێڵەى ئۆکرانى، کە نەتەوەیەکگرتووەکان سەرپەرشتى دەکرد، ئەمە 14یەمین کەشتیی بارهەڵگرە کە دانەوێڵەى لەو وڵاتەوە هەناردە کردبێت.
یەکێک لەو کەشتیانەى ئەمڕۆ ئۆکرانیاى بەجێهێشتووە، 3 هەزار و 50 تۆن گەنمى هەڵگرتووە، ئەوەش یەکەمجارە لەپاش شەڕى ڕوسیا لە ئۆکرانیا، گەنمى ئۆکرانى هەناردەى بازاڕەکانى جیهان بکرێت.
ماوەى پێنج مانگە، بەهۆى هەوڵەکانى ڕوسیا بۆ داگیرکردنى ئۆکرانیا و شەڕ لەو وڵاتە، دانەوێڵەى ئۆکرانى هەناردەى بازاڕەکانى جیهان نەکراوە.
پێشتر ئۆکرانیا ساڵانە 50 ملیۆن تۆن دانەوێڵەى هەناردە کردووە، ئەو وڵاتانەشى هاوردەکارى دانەوێڵەى ئۆکرانیان بەمجۆرەن، چین و میسڕ بە بەهاى (یەک ملیار و 120 ملیۆن دۆلار)، ئیندۆنیزیا، ئیسپانیا، هۆڵەندا و تورکیا (بە بەهاى 473 ملیۆن دۆلار)، تونس بە بەهاى (347 ملیۆن دۆلار)، بەنگلادیش و کۆریاى باشوور بە بەهاى (265 ملیۆن دۆلار)، دانەوێڵەیان هاوردە کردووە.
بەهۆى ئەوەى وڵاتێکى زۆر پشتیان بە دانەوێڵەى ئۆکرانى بەستووە، چاوەڕوان دەکرێت، دووبارە هەناردەکردنەوەى دانەوێڵە لەلایەن ئەو وڵاتەوە، نرخى گەنم و خۆراک لە جیهان دابەزێنێت.