نەزمی نوێی جیهانی نەوت و گاز و چارەنوسی کورد

کورد دەبێت چی بکات؟

ڕێبوار محەمەد ئەمین

مافناس و خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لە گرێبەستی نەوت و گاز

لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان بەردەوام لە قەیرانی ئابوری و داراییدایە و هەمووسێکتەرەکانی لەپاشەکشەدان و کێشەی وشکەساڵی و ژینگەش تادێت کاریگەریی خۆیان دروست دەکەن، لەلایەکی تریشەوە لەگەڵ بەغداد لە ململانێیەکی توندایە لەسەر ڕادەستکردن و ڕادەستنەکردنی دۆسییەى نەوت بە بەغداد.

بەهۆی مەترسیی هەناردەکردنی گاز، هەرێم گلاوەتە کۆمەڵێک کێشەی ناوخۆیی، هەرێمی، نێودەوڵەتییەوە و گوشاری دەوڵەتانی نەیاری هەناردەکردنی گاز، ئەوەندەی تر کێشەی هەرێم لە بەغداد قورستر دەکەنەوە.

لەلایەکی ترەوە شەڕی ڕوسیا لە دژی ئۆکرانیا و پێکدادانی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا لەسەر دابینکردنی وزە، نەزمێکی نوێی جیهانی دەسەپێنێت کە تایبەتمەندییەکانی دەستیان کردووە بە شێوەگرتن و هاوسەنگیی جیهان دەگۆڕێت.

ئەم گۆڕانکارییانە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، کاریگەرییان لەسەر چارەنووسی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان هەیە، چونکە هەرێمی کوردستان لەڕووی وزەوە بەسراوەتەوە بە سیستمی وزەی جیهانی و هەر گۆڕانکارییەک ڕووبدات، کاریگەری لەسەر وزەی هەرێم دروست دەکات، چونکە هەم ڕوسیا هاوبەشە لە پرۆسەی نەوتی هەرێم، هەم ئەمریکا، هەروەها ئەمریکا و ئەوروپاش چاویان لەسەر گازی هەرێمە لەم نێوەندەدا بەرژەوەندیی ئەم دوو زلهێزە لە هەرێم بەریەک دەکەون لە ئایندەدا، چونکە جەنگەکە ناڕاستەوخۆ بۆ کۆتاییپێهێنانی هەژموونی وزەی ڕوسییە.

کۆمەڵێک پرسیار دێنە پێشەوە کە ئەمانەن؛

ئایا کام هێز براوەی گەورە دەبێت؟ کێ دەدۆڕێت و کێ براوە دەبێت؟

کورد هەر لە ئێستاوە، خۆی یەکلا بکاتەوە بەلای ئەمریکا یان ڕوسیادا، یان هاوسەنگی ڕاگرێت؟

کورد چۆن بتوانێت ئەم ململانێیانە بە قازانجی خۆی یەکلا بکاتەوە؟

هەموو ئەم پرسیارانە وەڵام دەەینەوە؛

بەداخەوە کورد تا ئێستا ناوەندێکی تایبەتی نییە بە توێژینەوە و ولێکۆڵینەوە و بەدواداچون وشیکاری و ئایندەبینی بۆ پلان و چارەسی گونجاوی پێشوەخت بۆ ئەم هەموو کێشانە کە ڕوبەڕوی دەبنەوە، چۆن لە کۆتاییدا بە سود و بەرژەوەندیی خۆی بەکاری بهێنێت.

لەخوارەوە هێز و توانای هەردوو بەرەی بەشەڕهاتوو شی دەکەینەوە، لە توانا و خۆڕاگرییان و سەرکەوتن و دۆڕانی هەرلایەک لە ماوەی نزیک، مام ناوەند و دوور.

ڕوسیا؛

نەزمی نوێی جیهانی دوای لەشکرکێشی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، براوە و دۆڕاوی نوێی لە بواری وزەدا بەرهەمهێناوە، لەگەڵ گۆڕانی ڕەوتی بازرگانی.

مۆسکۆ هێشتا ڕۆژانە نزیکەی یەک ملیار دۆلار لە داهاتی نەوت و گاز وەردەگرێت، چونکە ئەوروپا بەردەوامە لە کڕینی گازى ڕوسیا و ئاسۆی بڕینی هەموو پێداویستییەکانی گازى ڕوسیا ترسی لێدەکرێت.

ڕەنگە لە کورتخایەندا دەستی براوەی ڕوسیا هەبێت، چونکە ئابوورییە گەورەکانی ئەوروپای بە گازی سروشتییەوە بەستبووەوە.

بەڵام ئەگەری زۆرە لە ماوەی مامناوەند بۆ درێژخایەندا، پێگەی مۆسکۆ وەک زلهێزێکی جیهانی وزە لەدەست بدات، چونکە بڕیاری ئەوروپا بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە وزەی ڕوسیا بە شتێکی نەگەڕاوە دادەنرێت.

لێرەدا کورد دەبێت باش لەم هاوکێشە بگات و لەم قۆناغەی سەرکەوتنی ڕوسیا بگات، بزانێت چۆن هەڵوێست هەڵدەگرێت بە قازانجی خۆی.

ئاسیا دەتوانێت زۆرێک لەو بەرمیلە نەخوازراوانەی ڕوسیا وەربگرێت کە لە ڕۆژئاوا قەدەغە کراوە، بەڵام ناوەندی گازەکە لە ساڵانی داهاتوو دەچێتە چین نەک چەند مانگێک و پێویستی بە کاتە، ئەمەش بەهۆی نەبوونی ژێرخانی پێویست بۆ ئاڕاستەکردنەوەی ڕۆیشتنی گازى ڕوسیا لە گەورەترین بازاڕەکەیەوە.

ئەمریکا؛

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گازى سروشتی، یارمەتیی کەرتی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا دەدات کە ڕەنگە براوەیەکی گەورە بێت لە فەرمانی نوێی وزەی جیهانی لە مامناوەند بۆ درێژخایەندا، چونکە ڕۆژئاوا بەدوای نەوت و گازى غەیرە ڕوسیادا دەگەڕێت بەبێ گوێدانە پێشهاتەکانی جەنگ لە ئۆکرانیا.

لێرەدا پێشبینی سەرکەوتن وبراوە لە ماوەی درێژ بۆئەمریکایە و ئەمریکا چاوی لەو سەرکەوتنەیە و ڕەچاوی ئەوە ناکات چی ڕوودەدات و چۆن دەبێت، دەبێت کورد زۆر بەوردی هەڵسەنگاندن بۆ سەرکەوتنی کۆتایی ئەمریکا بکات.

لە کورتخایەندا ڕوسیا دەبێتە براوە؛

بەڵام پیشەسازیی نەوت و گازى ئەمریکا لە بەرزکردنەوەی بەرهەمهێناندا ڕوبەڕووی ئاستەنگی کورتخایەن دەبێتەوە، ئەم بەربەستانە بریتین لە کێشەکانی زنجیرەی دابینکردن، بەرزبوونەوەی بەرچاوی تێچوونەکان، ئیدارەی ئەمریکا کە خواستی بەردەوامی هەیە بۆ پێشخستنی وزەی پاک، هەروەها ئەو ڕاپۆرتانەی کە پیشەسازیی نەوت تاوانبار دەکەن بە توندی بازاڕەکانی سووتەمەنی و بەشداریکردن لە بەرزبوونەوەی ژمارەی پێوانەیی بەنزین.

ئەگەر بەرهەمهێنەرانی ئەمریکی ژینگەیەکی ڕێکخراوەیی پشتیوانیان هەبێت بۆ وەبەرهێنان لە دابینکردنی نوێدا، ئەوا ئەمریکا چانسی بردنەوەی یاریی درێژخایەنی وزەی جیۆپۆلیتیکی هەیە، دەبێتە هۆی زیادبوونی خواست لەسەر نەوتی خاوی ئەمریکا لە ناوچە گەورەکانی بەکاربەر، لەوانە لە ئەوروپا و هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە باکووری ئاسیا، کە هەرگیز نایانەوێت جارێکی دیکە پشت بە وزەی ڕوسیا ببەستن.

هەروەها ئەمریکای لاتین دەرچەیەکی سروشتییە بۆ هەناردەکردنی وزەی ئەمریکا بەهۆی نزیکی لە ئەمریکا، بەتایبەتی کە ئەوروپا ئێستا تینووی هەموو جۆرە وزەیەک بووە، ئەوەندەی پێش لەشکرکێشی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، سووتەمەنی هەناردەی ئەمریکا ناکات و پێش قەیرانی وزە لە پاییزی 2021.

کەواتە لە ماوەی درێژ سەرکەوتن بۆ وزەی ئەمریکایە و بەوپێیە بازاڕەکانی ئەوروپا، باکوری ئاسیا و ئەمریکای لاتین دەبنە جێگەی هەژموونی وزەی ئەمریکی و بەرژەوەندیی وزەی کوردستان دەکەوێتە ئەم ناوچانەى هەژموونی ئەمریکا و هەر هەنگاوێکی هەڵەی کورد بە زیانی گەورە بۆى دەشکێتەوە و هەموو شتێکمان لێ تێک دەچێت، دەبێت کورد زۆر بە وریایی مامەڵەی ئەم پێشهاتانە بکات.

پێگەی دەسەڵاتی ڕوسیا لە ماوەی مامناوەند و درێژخایەندا بەهۆی گۆڕانی ڕەوتی بازرگانیی وزە و بڕیاری ئەوروپا بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت و گازى ڕوسیا، بە ئامانجی سەربەخۆبوون لە هاوردەکردنی نەوتی ڕوسیا تا کۆتایی ساڵ و بەدەستهێنانی سەربەخۆیی، تێکدەچێت لە گازى ڕوسیا لە ساڵی 2027.

پێش جەنگ ڕوسیا چاوەڕێی 30 ساڵی دیکەی داهاتی نەوت و گازى گەرەنتی بوو، ئێستا سەیری سێ یان دەکەن” بەرپرسێکی باڵای ئەڵمانیا بە ڕاچمانی لە ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمزی وتووە.

روسیا لە 100 رۆژی یەكەمی جەنگی ئۆكرانیادا داهاتی 98 ملیار دۆلار (93 ملیار یۆرۆ)ی لە هەناردەكردنی سووتەمەنی بەردینی بەدەستهێناوە، كە یەكێتیی ئەوروپا 61%ی بۆ هاوردەكردنی داوە .

لە کاتێکدا یەکێتیی ئەوروپا ئامانجی کەمکردنەوەی داهاتی نەوتی ڕوسیایە بە سەپاندنی قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوتی دەریایی لە ڕوسیا، مۆسکۆ قەبارەی زیاتر ئاڕاستەی ئاسیا دەکات.

تۆپەکە هەرجارە و لە قاچی بەرەیەکدایە، لەماوەیەک کلیلی یارییەکە لە درێژخایەن و کورتخایەندا لە دەستی مۆسکۆدایە، بەڵام ڕوسیا ڕوبەڕووی ئەرکی قورستر دەبێتەوە کە بریتییە لە گۆڕینی هەناردە و داهاتی گازى ئەوروپا بەوانەی کە لە ئاسیایە.

ئەو LNG یەی کە ڕوسیا بۆ چین دەینێرێت، تەنیا بەشێکی کەمی هەناردەی بۆرییەکانی ڕوسیایە بۆ ئەوروپا، تەنانەت لە کاتێکدا مۆسکۆ لە چەند هەفتەی ڕابردوودا دابینکردنی گازی بۆ وڵاتانی کیشوەرەکەی کەمکردووەتەوە.

رووسیا لە ئێستاوە گازى سروشتی لە رێگەی هێڵی بۆریی پاوەر ئۆف سیبیریا دەنێرێت بۆ چین، كە لە كۆتایی ساڵی 2019 خراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە.

نیکۆس تساڤۆس، توێژەر لە پرۆگرامی ئاسایشی وزە و گۆڕانی ئاووهەوا لە سەنتەری ئەمریکی بۆ توێژینەوە ستراتیژی و نێودەوڵەتییەکان، وتی، “ڕوسیا لە کۆتاییدا دەتوانێت بزنسێکی بەرچاو بنیات بنێت کە ئاراستەی بازاڕەکانی ئاسیا بێت، بەڵام گواستنەوەکە دەستبەجێ و ئاسان نابێت، دەبێت بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە پشت بە هاوبەشە بیانییەکان ببەستێت، لەنێویاندا چین”.

لە بەرامبەردا ئەمریکا کە پێش سعودیە و ڕوسیا گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی خاوە لە جیهاندا، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی کە بەهۆی بەشێک لە زیانەکانی دابینکردنی نەوت و گاز لەلایەن ڕوسیاوە دروست بووە، هەناردەی گازی سروشتی شلکراوی ئەمریکا بۆ ئەوروپا بەرزبووەتەوە، هەناردەی سووتەمەنیش بەهێزە سەرەڕای ئەوەی چەند ساڵێک لە ئەمریکا کەمی کۆگاکانیان هەیە.

ڕەنگە کەرتی بەرهەمهێنانی نەوتی لمی ئەمریکی براوەیەکی گەورە بێت لە مامناوەند تا درێژخایەندا، ئەو زانیارییانەی کە لەم دواییانەدا لەلایەن وەزارەتی وزەی ئەمریکاوە بڵاوکراونەتەوە، دەریانخستووە کە کۆگای نەوتی خاو لە یەدەگی ستراتیژیی نەوتی ئەمریکا بە ڕێژەی 6.9 ملیۆن بەرمیل کەمیکردووە، لە ماوەی ئەو هەفتەیەی کە لە 24ى حوزەیران کۆتایی هاتووە.

بەڵام پیشەسازیی نەوتی شیل لە ئەمریکا ڕوبەڕووی کێشەی کورتخایەن دەبێتەوە لە بەرزکردنەوەی بەرهەمهێناندا، چونکە تێچوونەکان بەردەوامن لە بەرزبوونەوە و خراپتربوونی دواکەوتنی زنجیرەی دابینکردن.

هەروەها بەرهەمهێنەرانی ئەمریکی سەرنجیان لەسەر پێدانی قەرز و پاداشتکردنی خاوەن پشکەکانە، ئەوان نیگەرانن لە بەردەوامیی هێرشەکانی ئیدارەی بایدن کە هانی پلانەکانی وەبەرهێنانی کۆمپانیاکان بێهیوا دەکەن.

هەفتەی رابردوو زیاتر لە دەیان كۆمەڵەی وزە بە سەرۆكایەتیی پەیمانگای نەوتی ئەمریكی داوایان لە سەرۆك جۆ بایدن كرد، سەردانی ناوەندەكانی بەرهەمهێنانی نەوت و گازى ئەمەریكا بكات پێش ئەوەی بەرەو سعودیە بڕوات بۆ داواكردنی نەوتی زیاتر لە گەورەترین هەناردەكاری نەوتی خاو لە جیهاندا.

کۆمەڵەی وزە لە نامەیەکدا بۆ سەرۆک بایدن رایگەیاندووە، بەناوی ئەو ملیۆنەها ئەمریکییەی کە لە پیشەسازیی نەوت و گازی سروشتی لە ئەمریکا کار دەکەن، هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین لە گەشتی داهاتووتان بۆ سعودیە.

بەڵام پێش ئەوەی سەردانی ڕیاز بکەن، بانگهێشتتان دەکەین بۆ سەردانی شاری رینۆڵدسڤیل لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا، دڵی شیلەی ئەو دەوڵەتەیە کە تێیدا لەدایک بووە، هەروەها یەکێکە لە ناوچە بەرهەمهێنەری گازى سروشتیی جیهان.

یەدەگی وزەی ئەمریکا کە بە بەرزترین ستانداردی ژینگەیی لە جیهاندا بەرهەم دەهێنرێت، وەڵامە لە هەوڵی جیهانی بۆ دابینکردنی وزەی متمانەپێکراو، توانای کێبڕکێ و ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بەرز دەکاتەوە و دەرفەتی ئابووری بۆ هەموو گۆشەکانی وڵات دەڕەخسێنێت.

ئەنجام؛

بەپێی شیکاری بابەتەکەمان ڕوون دەبێتەوە کە براوەی گەورە لەماوەی درێژ، ئەمریکا دەبێت لە جەنگەکە، ئەم ناوچانە دەبنە جێگەی هەژموونی ئەمریکا و بەرژەوەندیی کوردیش لەگەڵ ئەم هەژموونە دێتەوە، چونکە ئەگەر ڕوسیا بەردەوام بمێنێتەوە ئەوا بازاڕی وزە ڕوودەکاتە وڵاتانی چین و ئاسیا و هەژموونی لەم ناوچە کەمتردەبێتەوە، چونکە لەبەردەوامیی جەنگ و کۆتایی هێنانی هاوردەی وزەی ڕوسی لە جیهان بەگشتی و لە ئەوروپا بەتایبەتی، ئەوا ڕوسیا توشی کێشەی گەورەی ئابوری دەبێتەوە .

لەئێستادا دوو بەرەکە و ئاماژەکانی ئاڕاستەی سەرکەوتن و دۆڕانی جەنگەکە دەرکەوتوون، ئەو نەزمە نوێیەی جیهان ئاڕاستەی ململانێکان دەکات و کورد دەبێت هەڵسەنگاندنی ورد لەسەر هەردوو بەرەکە و ئەنجامەکانی جەنگەکە بکات، نابێت خۆی بداتە دەست قەزا و قەدەر لەپێش هەڵگیرسانی جەنگی ڕوسی ئۆکرانی ڕاستەوخۆ کاریگەریی ئەم جەنگە لەسەر هەرێمی کوردستان دەرکەوت، بە دەرکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق دژی یاسای نەوت وگازی هەرێم و پاشتر لێکەوتە زۆرەکانی دوای بڕیارەکە، چ لەلایەن عێراق و چ لەلایەن ڕوسیا و ئێران .

ئەگەرکورد وریا نەبێت، بەهۆی هەڵەوە پێشهاتی گەورەتر دروست دەبێت.

هێشتا جەنگە کە سەرەتایە، کورد نابێت پەلە لە بڕیاردان بکات چونکە کێشەی ئێمە هەناردەی گازە و کوردیش بەمزووانە ناتوانێت گاز هەناردە بکات، گازەکە ئێستا بەشی پێویستیی ناوخۆ دەکات، دەبێت چاوەڕێ بکات لە ئایندە و لەکاتی خۆی، بڕیارە یەکلاکەرەوەکان بدات و ئەو کاتی ڕوسیا بەرەو چین و وڵاتانی ئاسیا دەڕوات.

Back to top button
نەوتی خاوی برێنت 
$70.88  $0.15  0.21%  
نەوتی خاوی ئەمريکی 
$67.36  $0.15  0.22%  
زێڕ 
$2,790.80  $9.70  0.35%  
یەک ئۆنسە زیو 
$31.39  $0.66  2.15%  
گازی سروشتی  
$2.36  $0.009  0.38%  
گازۆلین 
$1.96  $0.0047  0.24%  
ئەلەمنیۆم 
$2,644.50  $3.00  0.11%  
زەیتی گەرمکردنەوە 
$2.14  $0.005  0.23%