بەڕیتانیا لەبارەی دراوی وڵاتەکەیەوە هۆشداری دەدات
دوو جۆری پاوەند تەمەنیان کۆتایی دێت
دراوی بەریتانیا لە جۆری 20 پاوەندی و 50 پاوەندی، تەمەنیان تەنها 100 ڕۆژی ماوە و چیتر کاریان پێناکرێت، وەک بانکی ناوەندیی ئینگلتەرا ڕایگەیاندووە.
بانکە بەریتانییەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، “ئاگاداری ئەو کەسان دەکەینەوە کە دراوی جۆری 20 پاوەندی و 50 پاوەندییان لایە، خەرجیان بکەن و بیانخەنە بانکەکانەوە”.
بانکی ناوەندیی ئینگلتەرا باسی لەوە کردووە، ئەو دراوە تەنها 100 ڕۆژی تر بەکار دەهێندرێت و چیتر کاریان پێناکرێت.
پاوەندی کاغەز، پێنج جۆری هەیە ئەوانەش (5، 10، 20، 50 و 100 پاوەندی).
ئەو 100 ڕۆژەی بانکەکە دیاری کردووە، لە مانگی ئەیلول کۆتایی دێت.
بەگوێرەی ئامارەکانی بانکی ئینگلتەرا، بە بەهای 6 ملیار پاوەند دراوی 20 پاوەندی هەیە، هەروەها بە بەهای 8 ملیار پاوەندیشی لە جۆری 50 پاوەندی هەیە.
بەگوێرەی ئەو بەهایە، 300 ملیۆن دانە دراوی 20 پاوەندی هەیە، 160 ملیۆن دانە دراوی 50 پاوەندی هەیە.
لەپاڵ لەکارخستنی دوو جۆری دراوی وڵاتەکەی، بانکی ناوەندیی ئینگلتەرا، جۆرێکی دیکەی دراوی چاپ کردووە بەناوی پۆڵیمەرەوە.
هەرچەندە هۆشدارییەکەى بانکى ناوەندیی ئینگلتەرا هۆشدارییەکى ناوخۆییە، بەڵام پاوەند یەکێکە لەو دراوانەى لە جیهاندا مامەڵەى پێوە دەکرێت و بە دراوێکى بەهێز دادەندرێت.
لە عێراق پاوەندى بەڕیتانى دراوێکە ڕۆژانە لە بازاڕەکانى دۆلار مامەڵەى پێوەدەکرێت، بەڵام تا ئێستا هیچ هۆشدارییەکى لەو جۆرە بە هەڵگرانى دراوە بەڕیتانییەکە نەدراوە.