دراوە ئەلیکترۆنییەکان لە دۆخێکى خراپدان

یەک تریلیۆن دۆلار زیان

دراوە ئەلیکترۆنییەکان بە چەند ڕۆژێکى خراپدا تێپەڕ دەبن، لەماوەى یەک مانگدا زیانى یەک تریلیۆن دۆلاریان پێگەیشتووە، بیتکۆین پشکى شێرى بەرکەوتووە.

لەماوەى 24 کاتژمێردا، دراوی ئەلیکترۆنیی بیتکۆن زیاتر لە 12%ى بەهاکەى لەدەستدا، ئێستا نرخى یەک بیتکۆین 27 هەزار و 138 دۆلار و 90 سەنتە.

گۆڤارى فۆربس بڵاویکردووەتەوە، لە پاش ئەوەى بەهاى دراوە ئەلیکترۆنییەکان لە کۆتایی ساڵى 2020ەوە بەرزبوونەتەوە، هیچ کاتێک هێندەى ئێستا نرخى ئەو دراوانە دانەبەزیون، لەماوەى یەک مانگدا، زیاتر لە یەک تریلیۆن دۆلار زیان بە دراوە ئەلیکترۆنییەکان گەیشتووە.

چەند شارەزایەکى دراوە ئەلیکترۆنییەکان، سێ هۆکاریان بۆ دابەزینى نرخى ئەو دراوانە بۆ تۆڕى هەواڵى سی ئێن بی سی-ی ئەمریکى خستووەتەڕوو.

گۆڕانگاریی خێرا

بەهۆى ناجێگریی بازاڕەوە، گۆڕانکاریی خێرا لە بازاڕى پشکەکان دروست دەبێت، ئەوەش ڕەنگدانەوەى گەورەى لەسەر دراوە ئەلیکترۆنییەکان هەبووە، وەک شارەزایان باسیان لێکردووە.

مایکڵ ئۆلیڤەر، گەورە شیکەرەوەى بازاڕ لە Momentum Structural Analysis، ڕایگەیاندووە، “دراوە ئەلیکترۆنییەکان، بەمدواییانە کاریگەرن بە گۆڕانکارییەکانى بازاڕى پشکەکان”.

لەلایەکى دیکەوە، ئیدوارد مۆیا، گەورە شیکەرەوەى بازاڕ لە Oanda، ئاماژەى بەوەکردووە، بیتکۆین ڕەنگدانەوەى پێنوێنى ناسداکە، ئەو پێنوێنە بۆ بازاڕى تەکنەلۆژیا ئەمساڵ بە ڕێژەى 21% دابەزیوە، هاوکات دراوى ئەلیکترۆنیی بیتکۆین ئەمساڵ زیاتر لە 22% دابەزیوە.

پاڵپشتیی دراوەکە ئاڵوگۆڕى بەسەردا هاتووە

ساڵى ڕابردوو زیاتر باس لە پشتبەستن بە دراوە ئەلیکترۆنییەکان کرا، بەجۆرێک بۆ کڕینى شتومەک و پێداویستى وەک جێگرەوەى دراوى ئاسایی باسی لێوە دەکرا، تەنانەت لە وڵاتێکى وەک سیلڤادۆر، وەک دراوێکى یاسایی کارى پێکرا.

بەڵام ئەمساڵ، ئەو گرنگیپێدانەى ساڵى ڕابردوو بە دراوە ئەلیکترۆنییەکان، نابیندرێت، ئەوەش متمانەى بەو دراوانە لاواز کردووە.

مۆیا لەوبارەیەوە دەڵێت، “بۆچوونێک هەیە کە پشتبەستن بە بیتکۆین کاتێکى زیاترى دەوێت لەوەى پێشبینى دەکرا، لە ئێستادا دەبینین دراوى ئەلیکترۆنی، لە ژێر چاودێرییەکى ورددایە”.

وەبەرهێنەرەکان بەدواى مامەڵەیەکى پارێزراوتردا دەگەڕێن

کریس گلاین، ئەندامى دەستەى دامەزرێنەرانى Bitcoin IRA، دەڵێت، “دابەزینى زۆرى نرخى دراوە ئەلیکترۆنییەکان بەمدواییانە، زۆر بە سانایی کارلێکى وەبەرهێنەرانە بەوەى لە ئابوریی فراواندا ڕودەدات”.

کاتێک بازاڕى پشکەکان دووچارى داکەوتن دەبێتەوە، وەبەرهێنەرێکى زۆر پارەکانیان دەگۆڕن بۆ دراوێک کە مەترسیی کەمتری لەسەر بێت و جێگیر بێت.

Back to top button
نەوتی خاوی برێنت 
$71.78  $0.05  0.07%  
نەوتی خاوی ئەمريکی 
$68.02  $0.08  0.12%  
زێڕ 
$2,661.30  $2.80  0.11%  
یەک ئۆنسە زیو 
$27.79  $0.13  0.47%  
گازی سروشتی  
$3.20  $0.017  0.53%  
گازۆلین 
$1.92  $0.0009  0.05%  
ئەلەمنیۆم 
$2,578.25  $4.25  0.17%  
زەیتی گەرمکردنەوە 
$2.18  $0.0011  0.05%