تێسلا دێتە هەرێمى کوردستان
"لقى عێراقى کۆمپانیاکە لە هەولێر دەبێت"
بڕیارە تێسلا لقى خۆى لە هەرێمى کوردستان بکاتەوە، کە دەبێتە تاکە لقى ئەو کۆمپانیایەى ئۆتۆمبێلى کارەبایی لە هەموو عێراق.
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى دەستى بی ئێن کەوتوون، کۆمپانیاى تێسلا، بڕیاریداوە لە عێراق لق بکاتەوە، ئەو لقەى کۆمپانیا ئەمریکییەکە لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان دەبێت.
بی ئێن ئەوەشى زانیوە، لە ئێستادا هەندێک لە کۆمپانیاکانى ڕێکلامى هەرێمى کوردستان، لە هەوڵى ئەوەدان، ڕێکلامى کردنەوەى لقی ئەو کۆمپانیایە وەربگرن و بۆ ئەو مەبەستەش لە ئامادەکاریدان.
کۆمپانیاى تێسلا لە 40 وڵاتى جیهان لق و نوێنەرایەتى هەیە، لە هەر وڵاتێکیش ئۆتۆمبێلى تێسلا هەبێت، ئەوا کۆمپانیاکە وێستگەى بارگاوییکردنەوەى ئۆتۆمبێلەکانى دادەنێت.
لە ساڵى 2020دا، لە جیهاندا نزیکەى 2 هەزار وێستگەى بارگاویکردنەوەى ئۆتۆمبێلى تێسلا هەبوون.
ڕاستە بوونى وێستگە بۆ بارگاویکردنەوەى ئۆتۆمبێلى کارەبایی پێویستە، بەڵام دەبێت ئەوەش بزاندرێت کە لەڕێی ئامێرى بارگاویکردنەوەوە، دەتوانیت لەماڵەوە ئۆتۆمبێلەکەت بارگاویی بکەیتەوە.
هەرێمى کوردستان ئامادەیە بۆ ئۆتۆمبێلى کارەبایی؟
وەڵامە کورتەکە ئەوەیە، بەگوێرەى زانیارییەکانى بی ئێن، نەخێر تا ئێستا هیچ وێستگەیەکى بارگاویکردنەوەى ئۆتۆمبێلى کارەبایی لە هەرێمى کوردستان نییە.
لەبارەى بوونى ئۆتۆمبێلى کارەبایی لە پێشانگاکانى هەرێمى کوردستان، هەژار عومەر، مامەڵەکارى ئۆتۆمبێل لە سلێمانى بە بی ئێن-ى وت، “ئۆتۆمبێلى تەواو کارەبایی لە پێشانگاکانى سلێمانى و بگرە پارێزگاکانى دیکەش نییە، تەنها خۆشمان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆى یەک دوو دانەیەکمان لە هەولێر بینیوە”.
بە وتەى ئەو مامەڵەکارەى ئۆتۆمبێل، تا ئێستا هیچ خواستێکیش لەسەر ئۆتۆمبێلى کارەبایی نییە.
بەگوێرەى بەدواداچوونەکانى بی ئێن، لە هەرێمى کوردستان و عێراق، ژمارەیەک لە ئۆتۆمبێلى هایبێرد (ئەو ئۆتۆمبێلانەى بە بانزین و کارەبا کار دەکەن) بوونیان هەیە.
هەژار عومەر ئاماژەى بەوەکرد، “ئۆتۆمبێلى هایبێرد لە بازاڕدا زۆرە، ئەو ئۆتۆمبێلە بە کارەبا و بەنزینیش کار دەکات، کارەباکە وا دەکات، 30 بۆ 40% بەنزین کەمتر بەکاربهێنێت”.
لەلایەکى دیکەوە، بەهمەن قادر، وتەبێژى بەنزینخانەکانى سلێمانى بە بی ئێن-ى وت، “لە بەنزینخانەکان، بە پلەى یەکەم بەنزین و بە پلەى دووەم گاز هەیە بۆ ئۆتۆمبێلەکان، بەڵام تا ئێستا هیچ وێستگەیەکمان نییە بۆ بارگاویکردنەوەى ئۆتۆمبێلى کارەبایی، چونکە خواستى لەسەر نییە”.
لە 2021دا چەند ئۆتۆمبێلى کارەبایی لە جیهاندا فرۆشراون؟
لە ساڵى 2021دا فرۆشى ئۆتۆمبێلى کارەبایی لە جیهاندا بە ڕێژەى 109% بەراورد بە ساڵى 2020 زیادى کردووە، ژمارەى ئەو ئۆتۆمبێلانەى لەو ساڵەدا فرۆشراون 6 ملیۆن و 500 هەزار ئۆتۆمبێلى کارەبایی بوون.
لە ساڵى 2021دا لەکۆى ئەو ئۆتۆمبێلانەى لە ئەوروپا فرۆشراون، 19یان کارەبایی بوون، هەروەها لە چین ئۆتۆمبێلى کارەبایی 15%ى کۆى ئۆتۆمبێلى فرۆشراو بووە، بەڵام لە ئەمریکا تەنها 4% بووە.