خواردنى برنج و فاسۆلیا پێکەوە بەسوودە؟
بۆچى پێکەوە بخورێت؟
برنج و فاسۆلیا، خواردنە دڵخوازەکەى هەرێمى کوردستان و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستە، بەجۆرێک لە لیستى خۆراکى چێشتخانەکان دانەبڕاون، بەڵام گرنگە بزانین ئایا باشە ئەو دوو پێکهاتە خۆراکییە پێکەوە بخورێن یان نا.
لەشکر حەمید، ئەندازیارى خۆراک، لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە، “برنج پێكهاتەیەكی كاربۆهیدراتییە، لە كوپێك برنجدا زیاتر لە 50 گرام، كاربۆهیدرات هەیە، كە لە جۆری نیشاستەیە و زنجیرەی شەكری ئاڵۆزی گلوكۆز دروست دەكات و بڕی زیاتر لە 250 كالۆری وزەی تێدایە، ئەوەش كار دەكاتە سەر شەكری خوێن و زیادكردنی كێش، ڕێژەی پرۆتینی كەمە کە چوار گرامە لە یەک کوپدا”.
ئەو شارەزایەى خۆراک ئاماژەى بەوەشکردووە، “بەڵام فاسۆلیا ڕێژەیەكی زۆر ڕیشاڵی تێدایە، بەجۆرێک لە كوپێكدا زیاتر لە 30 گرام ڕیشاڵی تێدایە، ئەوەش بۆ تەندروستیی دڵ و جەستە گرنگە و كاری ڕیخۆڵەكان ڕێك دەخات، هەروەها یارمەتی كەمكردنەوەی كۆلسترۆڵ دەدات چونكە چەوری زۆر كەمە”.
“لە فاسۆلیادا ڕێژەیەكی زۆر پرۆتین هەیە، بۆ پتەوكردنی ماسولكەكان گرنگە، لە كوپێكدا زیاتر لە 40 گرام پرۆتینی تێدایە، كە كاریگەری هەیە بۆ دابەزاندنی كێش، هەروەها لەگەڵ برنج بخورێت كار دەكات بۆ بەرزنەبوونەوەی ڕێژەی شەكری خوێن”، وەک لەشکر حەمید خستویەتییەڕوو.
باسی لەوەشکردووە، “برنج و فاسۆلیا پێکەوە ئەو ئەمینۆ ئەسیدە بەسودانەی تیایە، کە جەستە ناتوانێت دروستیان بکات، دەبێت لە ڕێی خۆراک وەریان بگرێت، برنج و فاسۆلیا پێکەوە بخورێن تەواوكەری ترش ئەمینییەكانە”.
لەشکر حەمید ئەوەشى خستوەتەڕوو، “بۆیە خوا بەوە ڕەحمی پێكردووین کە زۆرترین فاسۆلیا لەگەڵ برنج دەخۆین، ئەگەرنا كاربۆهیدرات هەموومانی دەكوشت”.